"هەمیشە کەسە مەزنەکان هەنگاوی ئاشتی دەنێن"

چرۆ شوانی، پارێزەر دەڵێت: لە پرسەکانی ئاشتیدا ژنان زیاتر دەستپێشخەرن، چونکە ژنان دەزانن دەرئەنجامی قوربانیدان چییە، بەدرێژای مێژووش تەڤگەری ئازادی کوردستان ڕاستی ژنی نیشانداوە.

هێرۆ عەلی

 

سلێمانی- لە ١١ی تەمووز، لە چوارچێوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گرووپێکی گەریلا بەناو ''ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کە لە ٣٠ گەریلا پێکهاتبوون لە مەڕاسیمێکی سیمبولیکدا بە پێشنەگایەتی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی کەجەکە، بە مەبەستی نیشاندانی نیازپاکی بۆ پڕۆسەی ئاشتی، هەنگاوێکی مێژووییان نا و چەکەکانیان لە ئەشكەوتی جاسەنە لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەناوبرد.

 

هەڵوێست و پێشەنگایەتی بەسێ هۆزات کاریگەری زۆری لەسەر ژنانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەبوو، لەم بارەیەشەوە چرۆ شوانی، پارێزەر بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

 

"هەمیشە کەسە مەزنەکان هەنگاوی ئاشتی دەنێن''

چرۆ شوانی، پارێزەر، ئاماژەی بە پرۆسەی ئاشتی کرد، وتی: لە هەموو باودۆخێکی سیاسیدا تێکەڵگژانێک دەبێت بەرامبەریەکتری، بۆیە ئەگەر سەیربکەین هیچ کاتێک لەو دۆخانەدا ناگەین بە ئامانج و دەرئەنجامێکی دڵخۆشکەر، بۆیە ئەگەر بتەوێت بگەیت بەئامانج دەبێت زیاترلە ڕێگەی ئاشتیەوە هەوڵبدەیت بگەیت بەو ئامانجە، هەروەها لە ژیانی ئاسایی خۆماندا دەڵێین کەمترین زیان زۆرترین دەستکەوت، بۆیە هەمیشە کەسە مەزنەکان هەنگاوی ئاشتی دەنێن، هەمیشە ئەوکەسەی کە دەستی لێبوردەیی درێژدەکات ئەوزیاتربە مەزنی تەماشا دەکرێت، هەروەها لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی کوردا هیچ کاتێک کورد بە حەزو ویستی خۆی دەستی نەبردوە بۆچەک و ئاشق بەچەک و شەڕیش نەبوە، بەڵکو ئەوەی سەپاندوە بەسەرئەو هێزو دەسەڵاتە داگیرکاریانەدا کە دەیانەوێت شوناسی و کەلتوریان داگیربکات و کۆمەڵێک سیاسەتی قڕکردنیان بەرامبەری ئەنجامداوە، بۆیە کۆتاخاڵ کە پێی گەیشتوە دەستبردنبوە بۆچەک، هەروەها ئەگەر ئێمە سەیری هەر چوار پارچەی کوردستان بکەین کە دابەشبوە بەسەر چواردەوڵەت نەتەوەدا، هەمیشە بەئاشتیانە هەوڵیانداوە شوناس و زمان و کولتووری خۆیان بپارێزن، بەڵام کاتێک لە ڕووی سیاسی و ئاشتەیەوە نەیانتوانیوە بەدەستی بهێنن ناچاربوون پەناببەنە بەر چەک.

 

"کورد بەناچاری دەستی بردووە بۆ چەک"

ڕاشیگەیاند: ئەگەرسەیربکەین ئێستا پرۆسەیەکی ئاشتی گرنگ لەئارادایە کە هەموو چاوی جیهانی لەسەرە، کە بە دەستپێشخەری و پێشەنگایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە، هەروەها ئەگەربگەڕێینەوە بۆ سەرخەبات و تێکۆشانی باکوری کوردستان، دەبینین سەرەتا ئەو تەڤگەرەی کە لەسەردەستی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دامەزرا، یەکەمجارهەنگاوەکەی بە سیاسی نا بەڵام لە بەرامبەردا دەوڵەتی فاشستی تورک بەوشێوازەنەبوو، هەرئەمجارەش دەوڵەتی تورکیا دوای پرۆسەی مەراسیمی سوتاندن و لەناوبردنی چەک لە لێدوانێکدا ئەردۆغان دانی بەوڕاستیەدانا کە ئەوان چۆنبون بەرامبەربەکورد و چۆن نکۆڵیان لە کورد کردوە و نەیانهێشتوە بە ڕێگەی سیاسی مافی خۆیان بەدەستبهێنن و بەناچاری دەستیان بردوە بۆ چەک، بۆیە کورد بەناچاری دەستیبردوە بۆ چەک، هەروەها دوای ٤١ ساڵ لە خەباتی چەکداری، ئەو تەڤگەرە ئەمڕۆ پێشەوایەتی پڕۆسەی ئاشتی دەکات و هەنگاو بەهەنگاو بەدەم ئەو پرۆسەیەوە چووە، بۆیە ئەم بزووتنەوەیە جیاوازە لە بزوتنەوە کلاسیکیەکان، چونکە هەم سیاسی هەم چەکداری کاری کردوە، کە ماوەی ٥٠ ساڵ خەباتی سیاسی و ٤١ساڵ خەباتی چەکداری هەیە.

 

"هەمیشە ڕێگاکانی خەباتی ئاشتی یاخود هەنگاوەکان بۆ پرۆسەی ئاشتی دژوار بووە"

چرۆ شوانی، پارێزەر، ئاماژەی بەوەدا: هەمیشە ڕێگاکانی خەباتی ئاشتی یاخود هەنگاوەکان بۆ پرۆسەی ئاشتی دژواربوە، بۆیە ئەوانەی ناحەز و شەڕانگێزن و لەپرسی ئاشتیدا زەرەرمەنددەبن هەمیشە بونەتە بەربەست لەبەردەم پرۆسەکەدا، لە پێشتریشدا پرۆسەیەکی دیکەی تری ئاشتی هاتە پێشەوە بەڵام بەئەنجام نەگەیشت، هەروەها کوردستانی گەورە کە دابەشکراوە بەسەر چوارپارچە دەوڵەت نەتەوەدا، دەبێت ئەوە لە بەرچاو بگرین بەش بۆ بەشی جیاوازبوە، لەو بەشەی کە بزوتنەوەی تاڤگەری ئازادی کوردستان تێیدا سەریهەڵدا نکۆڵیەکی زۆری بەرامبەر بە کورد تێیدا دەکرا لە هەموو ڕویەکەوە، بەجۆرێک لە هەرشوێنێک کورد سەریهەڵدایە بە جینۆسایدێکی زۆردڕندانە بەرامبەری دەوەستانەوە، بۆیە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم بزوتنەوەیە کەس بڕوای پێنەدەکرد و بەڕێبەری گەلی کوردیان دەوت تۆ چۆن دارێک زیندو دەکەیتەوە کە وشکبوە، بەڵام بە بڕوابەخۆبون و ئەوپەڕی لێبوردنەوە دەستیان بەو خەبات و تێکۆشانەکرد و ئەمڕۆش گەیشتنە ئەم قۆناغە، بۆیە لە ئێستادا و لە جیهانیشدا هەست بەوەدەکرێت کە شەڕئیتر ناتگەیەنێتە ئەو ئامانجەی کە دەتەوێت پێیبگەیت، بۆیە کاتێک دەتەوێت هەنگاو بۆهەر بابەتێک بنێیت دەبێت سەرەتا بناغەی بۆدابنێیت، لەم قۆناغەشدا هەروەکو ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وتی، "ئێمە بناغەکەمان داناوە ئیتر دەبێت دەستبکەین بە قۆناغێکی تر، ئەگەر لە پێشتردا کاتەکەی لەبارنەبوبێت لە ئێستادا کاتەکەی لەبارە بۆ گەیشتن بەوئامانجەی کە لە پێناویدا دروست بوینە، ئەویش لە ڕێگەی ئاشتیەوەیە"، هەروەها دەبینین لەشەڕەکاندا هەموو جوانیەکانی ژیان و سروشت دەشێوێت، لەبەرئەوە ئیتر مرۆڤایەتی ماندوو بووە، ئەگەر شتێک لە ڕێگەی ئاشتیەوە بەدەستبێت قازانجەکەی زیاترە.

 

"مەراسیمی لەناوبردنی چەک پەیامێک بوو بۆجیهان نەک تەنها بۆ نەتەوەیەک"

وتیشی: دەبینین گەلی کورد لە ئێستادا هەنگاو بە هانگاو بەرەو ئەو پرسەیە ڕۆشتوە وهەنگاوەکانیش زیاتر گەلی کورد ناویەتی، مەراسیمی سوتاندنی چەکەکان پەیامێکی زۆر گەورەبوو کە هەڵوێستی جیاجیا لەسەری هەبوو لەکۆی هەرچوار پارچەی کوردستان، بەڵام بۆ هەموو جیهانیان سەلماند کە ئەم بزوتنەوەیە هەر لەسەرەتای دروستبونیەوە تاوەکو ئێستا بەرامبەر بە هەمووبەربەستەکان وەستاوەتەوە، هەروەها نابێت ئەوە لە بیربکەین کە دەوڵەتە زلهێزەکان و دەوڵەتی فاشیستی تورک ئەم بزوتنەوەیان بە تیرۆرست لە قەڵەمداوە بەڵام دەبینین ئێستا بۆیەکەمینجار دانیشتون لەگەڵ ئەو گروپەی کە بە تیرۆرستیان دەزانی باسی ئاشتی لەگەڵدا دەکەن، سەرباری ئەوەش هەرئەو گروپەبوو سەرەتا هەنگاوەکانی بۆ ئاشتی نا، بۆیە لە ئێستادا جیهان تێڕوانینی بەرامبەرئەم بزوتنەوەیە وڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گۆڕاوە، هەروەها دەبینین لە پرۆسەی ئاشتیدا ڕیبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بزوتنەوەکەی قۆناغ بە قۆناغ هاتن، مەراسیمی لەناوبردنی چەکیش پەیامێکبوو بۆجیهان نەک تەنها بۆ نەتەوەیەک.

 

"لە هەموو شەڕەکاندا ژنان قوربانی یەکەمن"

چرۆ شوانی جەختیشی لەوەکردەوە، لە هەموو شەڕەکاندا ژنان قوربانی یەکەمن، هەروەها لە پرسەکانی ئاشتیشدا ژنان زیاتر دەستپێشخەرن، چونکە ژنان دەزانن دەرئەنجامی ئەو قوربانیە چیە، بەدرێژای مێژووش تەڤگەری ئازادی کوردستان ڕاستی ژنی نیشانداوە، چونکە لەسەر بنەمای هاوسەنگی ڕەگەزی و ژینگە پارێزی و کەلتوری و ڕەوشتی دامەزراوە، کە تەنها بەشێوەی قسەنەبوە بەڵکو بە کردارەکانیان سەلماندویانە، بۆیە دەبێت ئێمە پروسەی ئاشتی بە مەزنترین پرۆسە وهەنگاو بزانین، هەروەها سەرکردایەتی ژنێک لە مەراسیمی چەک داناندا وایکرد ئەرکی سەرشانی ئێمەی ژنان قورسبێت بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە لە هەرچوار پارچەی کوردستاندا، هەروەها باکور و باشوری کوردستان لەم پرۆسەدا ئەرکیسن قورستردەبێت، چونکە بونی قەندیل لەناو باشوری کوردستاندا وایکردوە ببێت هۆکاری ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەمیشە ماف بەخۆی بدات باشوری کوردستان داگیربکات، هەرچەندە ئێمە دەزانین لە پشت ئەو داگیرکاریانەوە نیازێکی تر هەیە بەڵام قەندیل بیانویەکەیەتی، بۆیە ئەمڕۆ کە باسی ئاشتی دەکرێت تەواو هیچ بیانویەک نامێنێت بۆ داگیرکاری، بۆیە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە ئەرکی هەموومانە بە تایبەتی ژنان، چونکە هەمیشە هەرهەنگاوێک ژن دەستی پێبکات سەرکەوتودەبێت، هەروەها ئێمەی ژنان لە باشوری کوردستان هەنگاوی باشمان هەیە، دەتوانین پێکەوە ئەوهەنگاو و دەرفەتانەی کەهەمانە بە یەکڕیزی بیکەینە فشارێک بۆئەوەی بتوانین ئەم پرۆسەیە بەرەو سەرکەوتن ببەین.

 

"ئەگەر بمانەوێت ئەم پرۆسەیە بگاتە ئەنجام دەبێت زەمینەی یاسای و سیاسی بۆ بڕەخسێنرێت"

وتیشی: لە ئێستادا بەرەو قۆناغی گۆرانکاری دەڕۆین، بێگومان ئەمەش بە پێشەنگایەتی ئەمریکا بەدەرەجە یەک دواتر دەوڵەتەکانی تر، بۆیە ئەرکی سەرشانی ئەوانە فشاربخەنە سەر دەوڵەتی تورکیا تاوەکو ئەم پرۆسەیە بگاتە ئەنجام، هەرچەندە بۆ کۆمەڵگەی تورکیا قورسە، چونکە وڵاتێکە سەد ساڵە لەسەر ئەقڵیەت و بیروباوەڕی شۆفێنی پەروەردە کراون، بەوەی تەنها گەلی تورکیا لە تورکیا دەژی بە یەک زمان و ئاڵا کە ئەمەشی بە  دەستوور سەپاندوە، بۆیە زەحمەتە، ئەوەی لەسەر کورد بوو ئەنجامیدا ئیتر تۆپەکە لە ساحەی دەوڵەتی تورکیایە، هەروەها بە پێی پەیامەکەی ئەردۆغان تورکیا لەڕووی مرۆیی و مادیەوە زەرەرمەندبوە لەماوەی ٤١ ساڵەی شەر و پێکدادانی نێوان گەریلا وهێزی تورکیا، ئەم پرۆسەی ئاشتیە چەندە بۆ کورد بەسودە ئەوەندەش بۆ تورکیا بەسودە، بۆیە ئەگەرئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو نەبێت‌ تورکیا بەدەرەجە یەک زەرەرمەندەبێت، بۆیە پێویستە دەوڵەتی تورکیا هەنگاوەکانی خۆی بنێت بەوەی کۆمیسیۆنێک دابمەزرێنێت لە ناو پەرلەماندا، هەروەها هەنگاوەکان تەنها بە وتار بەس نیە بۆئەم پرۆسەیە، بەڵکو کرداری دەوێت وەکو چۆن کورد بە کردارسەلماندی، هەرلە پەیامەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کۆنگرەی ١٢ی پارتی کرێکارانی کوردستان و مەراسیمی لەناوبردنی چەک، کە هەموو ئەمانە هەم بە وتار هەم بە کردار جێبەجێکرا، بۆیە ئەوەی ماوەتەوە لەسەر دەوڵەتی تورکیایە کەدەبێت بە کردار هەنگاوەکانی بسەلمێنێت، بۆیە ئەگەر بمانەوێت ئەم پرۆسەیە بگاتە ئەنجام دەبێت زەمینەی یاسای و سیاسی بۆ بڕەخسێنرێت، بێگومان ئەو زەمینە یاسای و سیاسیەش دەبێت لەناو پەرلەماندا فەراهەم بکرێت.

 

"گەلی کورد زۆر هیوای بە گەریلا و تێکۆشانەکانیان هەیە و بە ڕزگارکەری خۆیان دەیان بینن"

لە کۆتایی قسەکانیدا چرۆ شوانی وتی: ئەوانەی کە ڕەخنە دەگرن یاخود نیگەرانن بە تایبەتی لە باشووری کوردستاندا دەبێت حەقیان پێبدرێت، هەروەها بەدڵخۆشیەوە دەڕوانمە ئەو ڕەخنە و نیگەرانیانە، چونکە نیگەرانی ئەوە دەسەلمێنێت کە گەلی کورد زۆرهیوای بە گەریلا و تێکۆشانەکانیان هەیە و بە ڕزگارکەری خۆیان دەیان بینن، بۆیە هەبونی نیگەرانی مافی خۆیانە، چونکە هێشتا لە سیاسەتی و زیهنیەتی ئەو بزوتنەوەیە تێنەگەیشتون، هەروەها ئەوانەشی ڕەخنە دەگرن جێگەی دڵخۆشین، چونکە بۆمان دەرکەوت کەسانێک لە کۆمەڵگەکەماندا هەیە توانای ئاستی ڕەخنەگرتنیان هەیە، ئێمەش کە شارەزای ئەدەبیاتی ئەم بزوتنەوەیەین دەزانین ئەم بزوتنەوەیە لەسەر بناغەی ڕەخنە دروستبووە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیش لە دوا پەیامیدا ئاماژەی بەوەدا و وتی "من بە دڵێکی زۆر گەورەوە چاوەڕێی ڕەخنە و پێشنیارەکانتان دەکەم"، بۆیە من زۆر دڵخۆشم بە گەلەکەمان بەوەی توانیویانە بگەنە ئەو ئاستەی کە ببنە گەلێکی هۆشیار، بەتایبەتی لە باشوری کوردستان سەرەڕای ئەو قەیرانە ئابوری و نە هامەتیانەی کە تێیدا دەژین بەڵام هەر لەخەمی پرسی نەتەوەکەی و خاکەکەیان و گەلەکەیاندان، بێگومان هەموو ئەو نەهامەتیانەشی کە لە ئیستادا بەسەرباشوری کوردستاندا هاتوە دەستی داگیرکاری تێدایە.