لە یەکەم کۆمینەوە تا ئەمڕۆ؛ کۆمین خودی کۆمەڵگەیە

لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆمینەکانی دامەزراو لە گەڕەک و گوندەکان بنەمای سیستمی خۆبەڕێوبەری دیموکراتیکن کە پێکهاتەکە ڕاستەوخۆ بەشداری تێدا دەکات.

بێریتان مەزلوم

 

قامیشلۆ- لە ڕۆژئاوای کوردستان هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە، واتە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە پێکهاتەکە لە دەوری کۆمینەکان خۆی ڕێکدەخات، کۆمین ئەوەیە کە کۆمەڵگە بونیاد دەنێت، جا لە ڕووی چارەسەرکردنی کێشەکانەوە بێت یان لە ڕووی خۆشی و دڵخۆشی و نەخۆشی و بەختەوەرییەوە، کۆمینەکان کۆمەڵگە لە دەوری خۆیان کۆدەکەنەوە و چالاکانە ڕۆڵیان دەگێڕن، سیستەمی کۆمین وەک نموونەیەک بۆ دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی گرنگ لە ناوچەکەدا دەگێڕێت، ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای بەشداریی خەڵک دامەزراوە و ئامانجیشی ئەوەیە کە پێکهاتە خۆی دەسەڵاتی بکات، بەبێ ئەوەی هەموو بڕیارەکان تەنها لەلایەن دەسەڵاتێکی ناوەندییەوە بدرێت، یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی سیستەمی کۆمین، هاوبەشی پێشەنگایەتی ژن و پیاوە، ئەم شێوازە هەوڵدەدات یەکسانی ڕەگەزی بەهێز بکات و دڵنیابێت لەوەی ژنان ڕۆڵێکی کارا لە هەموو ئاستەکانی بڕیارداندا بگێڕن، لە شاری قامیشلۆ کە ٧ گەڕەکی هەیە، ٨٦ کۆمین چالاکانە چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن.

 

شێها ئەمین حساری، ئەندامی کۆمینی گەڕەکی خێربی لە شاری قامیشلۆ، کە لە ساڵی ١٩٨٢ بەشداری لە چالاکیە جیاوازەکاندا کردووە، لە ئێستادا لە لیژنەی ئاشتی لە کۆمینەی کۆنگرە ستار لە گەڕەکی خێربی کار دەکات، شێها ئەمین حساری، کە لە سەرەتای دامەزراندنی یەکەمین کۆمینەکانەوە تا ئەمڕۆ بەشداری چالاکییەکانی کۆمینەکانی کردووە، سەبارەت بە چالاکییەکانی کۆمینەکان وتی: کۆمین خودی کۆمینەکانە.

 

شێها ئەمین حساری سەبارەت بە دامەزراندنی کۆمینەکان وتی: کۆمینەکان لە ساڵی ٢٠١٢ دامەزراون، کاتێک دامەزران، ئێمە وتمان وەک گەلێک هاوکاری یەکتر دەکەین، کۆمینەکان چییان بۆ خەڵک دەکرد، ئەوان مۆڵەتیان بۆ خانوو یان موڵکی خەڵک دەردەکرد، ئەو کارەی کە شارەوانی پێویستی بوو بیکات، خەڵک سەرەتا کۆمینەکەی خۆیان ئاگادار دەکردەوە و کۆمینەکەش شارەوانی ئاگادار دەکردەوە، بەم شێوەیەش بە گوێرەی ئەوان یارمەتی خەڵکی دەدا.

 

کۆمین خودی کۆمەڵگەیە

کۆمینەکان بەزۆری لە خێزانەکانی یەک گەڕەک یان گوند پێکهاتوون، ئەندامانی کۆمینەکە ڕۆژانە باس لە پرسەکانی وەک ئاسایش، پەروەردە، پاکوخاوێنی، ئابووری، هاوکاری کۆمەڵایەتی بە گشتی دەکەن، دوای دامەزراندنی کۆمینەکان، لیژنەی جیاواز پێکدەهێنرێن، وەک لیژنەی ژنان، گەنجان، ئابووری، لیژنەی چارەسەری ململانێکان، ئەم لیژنانە لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر دەکەن.

 

شێها ئەمین حساری ڕوونیشیکردەوە، کە کۆمینەکە لیژنەیەکی ئاشتەواییە، هەرچی پێویستی خەڵک هەبێ، وەک سووتەمەنی، نان، غاز و هتد، کۆمینەکە دابینی دەکات، هاوکات ناکۆکییەکانی نێوان پێکهاتەکە، وەک ناکۆکییەکانی موڵک و ماڵ چارەسەر دەکرێن، کۆمینەکە تەنها کار لەسەر ناکۆکییەکانی ناو کۆمەڵگە ناکات، بەڵکو ناکۆکییەکانی نێوان خێزانەکان تاوتوێ دەکات و چارەسەری دەکات، جاران هۆزەکان هەبووە، کاتێک ناکۆکی لە نێوان خێزانەکاندا دروست دەبوو، کێشەکان بە پیاوماقوڵانی گوند یان هۆزەکان چارەسەر دەکران، بە تێپەڕبوونی کات کۆمینەکان دامەزران و ئێستا مرۆڤەکان بە تایبەت ژنان لە ڕێگەی کۆمینەکانیانەوە کێشەی خێزانی خۆیان چارەسەر دەکەن.

 

”لە کۆمینەکاندا گفتوگۆ دەکرێت و کێشەکانی نێوان ژن و پیاو چارەسەر دەکرێن”

شێها ئەمین حساری ئاماژەی بەوەدا، کە کێشەکانی نێوان ژن و پیاو لە کۆمینەکانی گەڕەکدا چارەسەر دەکرێن و وتی: زۆرجار ژنان تووشی توندوتیژی دەبن، پێش دامەزراندنی کۆمینەکان، ئەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی بوون دەچوونە ماڵی باوکیان، بەڵام خێزانەکە کێشەکەیان چارەسەر نەدەکرد و ژنەکەیان دەناردەوە بۆ ماڵەکەی، جونکە ناکۆکی لەناو خێزانەکەدا وەک شتێکی شەرمەزارکەر سەیر دەکرا، دوای ئەوەی کۆمینەکان دامەزران، بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی دەبوون، دەچوونە کۆمینەکانیان و کێشە خێزانییەکانیان لە کۆمینەکانیاندا چارەسەر دەکەن، شێوازەکانی چارەسەرکردنی کۆمینەکان چین؟ سەرەتا گوێ لە ژنەکان دەگرین، دواتر گوێ لە پیاوەکان دەگرین، دواتر پێکەوە گوێ لە هەردوو کەسەکە دەگرین، زۆربەی کات، ئێمە جیابوونەوەمان ناوێت بۆ منداڵەکان، دەمانەوێت لە پێناو منداڵەکاندا بگەینە ڕێککەوتن و بیانگەڕێنینەوە سەر ماڵەکانیان، ئەگەر چارەسەرێک دۆزرایەوە، کۆیان دەکەینەوە و دەیانگەڕێنینەوە بۆ ماڵەکانیان، بەڵام ئەگەر بە کۆمینەکان چارسەر نە کران، ڕاپۆرتێک لە سەر ئەوان و کێشەکانیان دەنوسین و دەینێرین بۆ ماڵی ژنان و کێشرکان دەبرێنە ماڵی ژنان و لەوێ چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە.

 

پاراستن لە کۆمیندا

سیستەمی کۆمینەکان دەتوانێت دیموکراتیکی بنەڕەتی لە بواری بەرگریدا بەهێز بکات، چونکە خەڵک ڕاستەوخۆ بەشدارن لە بەڕێوەبردنی ژیانی خۆیان، یەکێک لە بناغە بنەڕەتییەکانی کۆمین سیستەمی بەرگرییە، لەسەر ئەمە، شێها ئەمین حساری وتی: لە ساڵی ٢٠١٢ کە کۆمینەکان دامەزران، هەمووان دەستیان یەکگرت بۆ پاراستنی گەڕەکەکانیان و پێکەوە گەڕەکەکانیان لە داعش پاراست، کۆمینەکان پاسەوانی ژن و پیاو خۆیان ئامادە دەکرد و لە لوتکەی هەموو شەقامێکدا بەرگریان لە خۆیان دەکرد،، ئەوانەی دەیانویست زیان بگەیەنن بە گەڕەکەکانمان دەستگیرکران و ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کران، بە واتایەکی تر ڕۆڵی کۆمینەکان لە هەموو ڕوویەکەوە زۆر گەورە و گرنگە، هەر کێشەیەک دروست بێت، دێنە کۆمینە و لەوێ چارەسەر دەکرێن.

 

پەیوەندی نێوان کۆمین و ماڵی ژنان و دادگا

سیستەمی کۆمین وەک ئەزموونێکی کۆمەڵایەتی نوێ سەیر دەکرێت، هەوڵدەدات تا دەتوانرێت لە نزیکەوە دیموکراتیک بونیاد بنێت، شێها ئەمین حساری سەبارەت بە پەیوەندی نێوان کۆمین و ماڵی ژنان و دادگا وتی: کاتێک کێشەکان دێنە کۆمین، کۆمین هەوڵی چارەسەرکردنی دەدات، کاتێک چارەسەر نەکرێت، ئێمە دەیاننێرین بۆ لیژنەی ئاشتەوایی ”لیژنەی ئاشتی”، هەندێک کێشە هەیە کە چارەسەر ناکرێت و دەبێت هەموو دامودەزگاکانی ئێستامان کۆبکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، ئەگەر لیژنەی ئاشتەوایی نەتوانێت چارەسەریان بکەن، دەیاننێرین بۆ ماڵی ژنان، هەر دامەزراوەیەک لەسەر خۆی مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشانەدا دەکات و ئەگەر بەهیچ شێوەیەک چارەسەر نەکرا، وەک دوا ڕێگا دەیاننێرین بۆ دادگا، بە گشتی سیستەمی ئێستا بەم شێوەیەیە، کۆمین، لیژنەی ئاشتەوایی، ماڵی ژنان و دواجار دادگا، هەر دامەزراوەیەک هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە دەدات لەسەر خۆی و هیچ ململانێیەک دروست نابێت، بەو پێیەی کۆمین ئاگاداری کۆمەڵگەکەیە، ئێمە وتمان کۆمین خودی کۆمەڵگەکەیە.

 

ئاگاداری کۆمینەکانتان بن

شێها ئەمین حساری باسی لەوەشکرد، تەنها لە گەڕەکی خێربی قامیشلۆ ٧ کۆمین هەیە، ئەو کۆمینانەش بە هەموو تواناکانیانەوە ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن، شێها ئەمین حساری وتی: هەموو شەقامێک کۆمینەکەی خۆی دەناسێت و چ لەڕووی پێویستییەوە بێت یان کێشەکان، لە کۆمینەکانی گەڕەکەکاندا چارەسەر دەکرێن، کۆمینەکان گرنگی بە کۆمەڵگەکانیان دەدەن، گەڕەکەکانیان دەپارێزن، هەر بۆیەش کۆمەڵگە ئاگاداری کۆمینەکانە، لە کۆتای قسەکانیدا وتی: کاتێک کێشەیەکت هەیە لەناو خێزانەکەدا، لەگەڵ دراوسێکانتان و هتد، دەست بۆ کۆمینەکانتان درێژ بکەن، کۆمینەکان کۆمینەکانی کۆمەڵگەکەتانن، لە باوەشتان دەگرن و کێشەکانتان چارەسەر دەکەن، بۆ ئەوەش دەڵێم کۆمەڵگە ئاگاداری کۆمینەکانی بێت.