کۆنگرەی ستار هەڵمەتی ئاشکراکردنی چارەنووسی دەستبەسەرکراوان دەستپێدەکات

کۆنگرەی ستار لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ڕێگەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ دەستگیرکراوەکان"، داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی دەستبەسەرکراوان دەکات، جەخت لەسەر بەردەوامی خەبات و هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنیان دەکاتەوە.

نەغەم چاچان

 

قامشلۆ- لەناو هەلومەرجی سەخت و ئەو هێرشانەی کە بۆسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوسریا دەستیپێکرد، گەنج و شەڕڤانێکی زۆر لەلایەن چەتەکانی هەتەشەوە دەستگیرکران، لە بەرامبەردا کۆنگرەی ستار هەڵمەتێکی بە ناوی "ئازادی بۆ دەستگیرکراوەکان" دەستپێکرد بۆ تیشک خستنە سەر دۆخی نالەباری ئەوان و داوای ئازادکردنیان، ئەم هەڵمەتە تەنها لە دەستگیرکراوەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ دادپەروەری و ئازادی لە بەرامبەر ئەو نادادپەروەری و پێشێلکارییانەی کە دانیشتووانی ناوچەکە تووشی بوون.

 

ئامینە ئۆسی، وتەبێژی لیژنەی دیپلۆماسی کۆنگرەی ستار ڕوونیکردەوە، حکومەتی کاتی سووریا لە ٦ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکرد، لە ڕێگەی ڕیتۆریکی شۆڤێنیانەی خۆیەوە هەوڵیدا ململانێی خێڵەکی و شەڕی نێوان کورد و عەرەب هەڵگیرسێنێت، هەروەها لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٥ هێرشێکی هاوشێوە لە کەناراوەکانی سووریا و لە سوەیدا ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا هەزاران هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و لە ماڵەکانیان ئاوارەبوون. ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بە زۆر ئاوارە بوون. هێرشەکان گوند و ماڵە کوردییەکانیان کردە ئامانج و تاڵانکردن و کوشتن و ئەشکەنجەدانیان لەگەڵدا بوو،  زۆرێکیان تەنها بەهۆی ناسنامەکەیانەوە کوژران.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتێکدا باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوام داوای گفتوگۆیان دەکرد، بەڵام ئەو بانگەوازانە پشتگوێ خران، بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکە، خۆبەڕێوبەری و پێشەنگایەتی هێزەکانی سووریای دیموکرات هەوڵی ڕاستەقینەییان دا، بەڵام ئەو هەوڵانە تەنها بە توندوتیژی زیاتر بەرەوڕوو بووەوە، لە ئەنجامی ئەو هێرشە بەربڵاوانەدا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان کوژران، کە ڕاستەوخۆ کراوەتە ئامانج.

 

"هێزەکانمان هەوڵیاندا ڕێگری لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ بکەن"

ئامینە ئۆسی ئاماژەی بەوەدا، کە شایەتحاڵی ئازاری زۆرێک لە دایکانی دەستگیرکراوان بووە، لەماوەی ئەو هێرشانەدا هێزەکانمان تا دوا سات هەوڵی زۆریان دا بۆ ئەوەی شەڕی ناوخۆ نەکرێت، ژمارەیەکی زۆر شەڕڤان دەستگیرکران، تەنها نزیکەی دوو مانگ تێپەڕیوە، هەوڵە سیاسی و سەربازییەکانیش تا ئێستا بەردەوامن بۆ دەستگیرکراوان، زۆر گرنگە، وەک دامەزراوەی کۆنگرەی ستار، هەڵوێستی بەهێزمان هەبێت سەبارەت بەم دۆخە هەستیارە و نادڵنیایی دەوری چارەنووسی دەستگیرکراوان، ئێمە ئازاری زۆرێک لە دایکانمان بینی لە میانی چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانی ژنان لە ٨ی ئاداردا، ژنان دەنگیان بەرزکردەوە و داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانیان کرد و ئەمەش جێی سەرنجی کارەکانمانە لە ئێستادا.

 

دووپاتی کردەوە، ئەوانەی زۆرترین زیانیان بەردەکەتووە لەم دۆخەدا، ژن و منداڵەکانن، دایک هەن چاوەڕێی کوڕەکانیان دەکەن، نە خەوتن دەزانن نە پشوو، شەو و ڕۆژ، ژن هەیە چاوەڕێی هاوژینەکانیان دەکەن، منداڵیش چاوەڕێی باوکی دەکات.

 

"هەڵمەتێکی داواکاری بۆ دەستگیرکراوەکان"

ئامینە ئۆسی ڕوونیشیکردەوە، کە کۆنگرەی ستار هەڵمەتێکی داواکاری دەستپێکردووە بۆ پشتیوانی لە دەستگیرکراوان، وەک کۆنگرەی ستار بڕیارماندا هەڵمەتێکی داواکاری دەستپێبکەین، بەپێی داتاکان زیاتر لە هەزار دەستگیرکراو هەن، هەروەها دەوترێت کە تووشی ئەشکەنجەیەکی توند بوون، بۆیە ئەرکی سەرەکیمان ئەوەیە لەگەڵ دایک و ژن و منداڵی دەستگیرکراوەکان بوەستین، ڕێکخراوەکانی ژنان، کۆمەڵگەی مەدەنی ڕێکخراوەکان، کەسایەتییە سیاسییەکانیش بەشدارییان لەم هەڵمەتەدا کردووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای کۆکردنەوەی واژۆکان، ئەنجامی هەڵمەتەکە لەڕێگەی نامەوە بۆ لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە، نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئاسایش، بۆ یەکێتی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا دەنێرن، هەروەها لە ڕێگەی ئەم نامانەوە بە ڕوونی ئەوەمان بۆ ڕوون دەکەینەوە کە بۆچوونی گشتی زۆر گرنگە لەگەڵ دایک و ژن و منداڵی دەستگیرکراوەکان بوەستین و پشتیوانی هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان بکەین کە لە پێناو ئاشتیدا تێکۆشان دەکەن.

 

لە کۆتای قسەکانیدا ئامینە ئۆسی جەختی لەوە کردەوە، کە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە سەقامگیری بەردەوامن، و پێویستە هەوڵی هاوشێوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بدرێت بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان، هەروەها ئێمە بە ڕاستی و بەرپرسیارێتییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ ئەم کارە دەکەین، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە، تەنانەت ئەگەر تەنها یەک دەستگیرکراویش هەبێت کە چارەنووسی نادیار بێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان، دەنگی دایک و ژن و منداڵی دەستگیرکراوەکان دەبین، تا ئەو کاتەی ئازاد دەکرێن، بەردەوام دەبین لە کارە سیاسی و دیپلۆماسییەکانمان.