پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیا کەفالەتی زەینەب جەلالیانی گرتە ئەستۆ
لە ١٨ـەمین ساڵەی زیندانییکردنی زەینەب جەلالیاندا، نوێنەرێکی حزبی چەپی ئەڵمانیا کەفالەتی سیاسیی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردەی گرتە ئەستۆ و ڕایگەیاند، زیندانییانی سیاسی نابێت لە بیر بکرێن.
ناوەندی هەواڵ
جانسۆ ئوزدەمیر، نوێنەری حزبی چەپ لە پەرلەمانی ئەڵمانیا لەلاپەرەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” لە وەڵامدانەوەی نامەکەی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “کژار” دەربارەی زیندانیی سیاسیی کوردو سزادراو بە زیندانیی هەتاهەتایی لە گرتووخانەی یەزدی ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
جانسۆ ئوزدەمیر نووسیویەتی: ئێمە وەکوو کەفیلی سیاسی و پشتیوانی زەینەب جەلالیان هەوڵ دەدەین دۆسییەکەی لە کۆمەڵگەی جیهانیدا لە بەر سەرنجدا بهێڵینەوە، زیندانیانی سیاسی نابێت لە بیر بکرێن، نابێت بازرگانی بە مافەکانی مرۆڤەوە بکرێت، ساڵانێکە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە هەڵسوکەوتی توندوتیژ و نامرۆڤانە لەگەڵ زەینەب جەلالیاندا و بێبەشکردنی لە خزمەتگووزاریی پزیشکی ڕاپۆرتی بەردەوام بڵاو دەکەنەوە، دۆسیەکەی نموونەی ئاشکرای سەرکوتکردنی دژبەرانی سیاسی و نەتەوەکانی دیکەیە، بەتایبەت چالاکوانانی کورد لە ئێراندا.
جانسۆ ئوزدەمیر نوێنەری حزبی چەپ لە پەرلەمانی ئەڵمانیا لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بە پلانی پشتیوانیکردنی نوێنەرانی پارلەمان لە زیندانیانی سیاسی کردووە و جەختی لەوە کردەوە، ئێمە وەکوو نوێنەرانی ئەڵمانیا لەسەر ئاستی هەموو جیهان کار دەکەین بۆ پاڵپشتیکردن لە داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و زیندانیانی سیاسی کە مەترسییان لە سەرە.
زهینهب جهلالیان ساڵی ١٩٨٣ له گوندی دێم قشڵاقی سهر به شاری ماكۆ لە دایکبووە، ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە لە کرماشان دەستبەسەر کرا، سەرەتا لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا، بەڵام دواتر گۆڕدرا بۆ سزای زیندانییکردنی هەتاهەتایی.
جێگای ئاماژەیە، زەینەب بە درێژایی هەموو ئەو ساڵانە لە مافی پشووی کاتی بێبەش بووە و سەرباری تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆر، نەک تەنها خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویستی بۆ دابین نەکراوە بەڵکوو چەندەها جار بە شێوەی نایاسایی و توندوتیژ لە نێوان زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا جێگۆڕکێی پێ کراوە. زەینەب ئێستا لە زیندانیی ناوەندیی یەزدە و وەکوو کۆنترین و تاکەزیندانیی سیاسیی ژنە کە سزای زیندانییکردنی هەمیشەیی بەسەردا سەپاوە.