ڕاپۆرت: زیاتر لە هەزارو ٢٩٨ هاوڵاتی مەدەنی لەکاتی هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژران
ڕاپۆرتێکی نوێی ئاژانسی هەواڵی هەرانا ژمارەی مرۆیی هێرشەکانی ئیسرائیل-ئەمریکی بۆ سەر رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاشکرا دەکات و دەڵێت: لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە ١٢٩٧ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون کە ٢٩ کەسیان ژن و ٢٠٥ منداڵن.
ناوەندی هەواڵ
لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، هێزەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی هاوئاهەنگیان دەستپێکردووە، کە شوێنە سەربازییەکان و ژێرخانە گرنگەکانی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیان کردۆتە ئامانج، ئەمەش بووە هۆی فراوانبوونی ململانێکان و زیادبوونی خێرای زیانەکانی مرۆیی و ماددی.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هەرانا کە ١٣ی ئادار بڵاویکردووەتەوە، لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکان، ژمارەی کوژراوان بەرز بووەتەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە بەلانیکەم ٤٧٦٥ قوربانیی تۆمارکراوە، کە ١٢٩٨ کەسیان گیانیان لەدەستداوە، ٢٠٥ منداڵ و ٢٩ ژنیشیان تێدایە، ٦٥٤هاوڵاتی مەدەنی دیکەش برینداربوون کە ٣٠ ژن و ١٤ منداڵن.
ئاماژە بەوە کراوە، کە ١١٢٢ ئەندامی سەوپای ئەو وڵاتە کوژراون و پێدەچێت ژمارە ڕاستەقینەکە زیاتر بێت بەهۆی سەختی گەیشتن بە هەندێک ناوچەی زیانلێکەوتوو، جگە لەوەش ٥٩٩حاڵەتی مردن بەهۆی نەبوونی زانیاری بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا قوربانی مەدەنی یان سەربازی بوون، تا ئێستا پۆلێن نەکراون.
هێرشەکان تەنها لە شوێنە سەربازییەکان سنووردار نەبوون، هەروەها ژێرخانی مەدەنی و گرنگیان کردە ئامانج، لە ئەنجامدا زیان بە لانیکەم ٢٠ نەخۆشخانە یان ناوەندی پزیشکی گەیشتوە، زیان بە ٩٨ باڵەخانە یان ناوچەی نیشتەجێبوون گەیاندووە بەهۆی بۆردوومانی ئاسمانی یان مووشەکی، جگە لەوەش ٣٦ خوێندنگە لە سەرانسەری وڵات زیانیان بەرکەوتووە.
ئەم ژمارانە ڕەنگدانەوەی سروشتی بەرفراوانی هێرشەکان و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانەکانە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەردەوامن و دەستڕاگەیشتن بە هەندێک ناوچە هێشتا قورسە بۆ هەڵسەنگاندنی وردی قەبارەی زیانەکان، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕەنگە ئامارە ڕاپۆرتکراوەکان لە ژمارە ڕاستەقینەکان کەمتر بن بەهۆی سنووردارکردنی ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان.