لە سلێمانی بە هەڵمەتێک ناساندنی زیاتر بۆ هێلی گەرمی١١٩ کرا
لە سلێمانی هەڵمەتێکی هۆشیاری سەبارەت بە هێڵێکی گەرم بۆ سکاڵاکردن و ئاگادارکردنەوە لە توندوتیژییەکانی سەر ژنان و خێزان بەڕیوەدەچێت، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئەمۆ لەناو بازاڕی سلێمانی بوون بۆ ناسانی هێڵی ١١٩.
سلێمانی
لە سەرەتای مانگی ئایارەوە بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژیی ژنان و خێزان لە پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بەناوی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی بە هەڵواسینی هێڵی گەرمی ١١٩ لە شوێنە گشتییەکان، دامەزراوەکانی حکومەت، خوێندنگەکان و کەرتە تایبەتەکان دەستپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامی هەیە، لەو چوارچیوەیەدا ئەمرۆ لەناو بازاڕو مۆلەکانی شاری سلێمانی هەڵسان بەبڵاوکردنەوەی فلێکسەکان و ناساندنی هێلی گەرمی ١١٩.
پرۆژەی هێڵی گەرمی بەرەنگاربوونەوەی توندوتژیی دژی ژنان و خێزان، لە ساڵی ٢٠١٨ بە هاوكاریی ڕێكخراوی UNFPA دامەزاوە و سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان و خێزان-ە، لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک کراوەیە و ژنان دەتوانن پەیوەندی بێ بەرامبەر بە ژمارە (١١٩) ەوە بكەن بۆ بەهاناوەچوون و هاوكارییكردنیان.
ڕاز فریا، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژن و خیزان وتی: بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئەمجارەش وەک پێشتر هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی خێزانی ڕاگەیاند، ئەم هەڵمەتە لە چوارچێوەی هاشتاگی بەرەنگاربوونەوەی خێزانی دا جێبەجێ دەکرێت، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاکەکانی خێزان و پاراستنی ئەندامانی خێزان لە جۆرەکانی توندوتیژی، لە سەرەتای مانگی پێنجەوە دەستمان بە جێبەجێکردنی ئەم هەڵمەتە کردووە، یەکەم هەنگاوەکانمان لە سنووری شاری سلێمانی بوو و پاش تەواوبوونی ئەو قۆناغە، ئێستا بەردەوامین لە گوندەکانی سنووری پارێزگاکەدا.
ڕوونیکردەوە، هەڵمەتەکە پێویستی بە بەشداریی گشتی هەیە بۆ ئەوەی خەڵک ئاگادار بن کە هێڵی گەرمی ١١٩ بەردەستە وەک تۆڕێکی پەیوەندی خێرا بۆ وەڵامدانەوەی ڕووداوە نائاساییەکان و توندوتیژی ناو خێزان وتی: پەیوەندیکردن بە هێڵی ١١٩ وەک هەنگاوێکی گرنگ دەزانێت بۆ دابینکردنی یارمەتی خێرا و پاراستنی قوربانیانی توندوتیژی لە چوارچێوەی خێزاندا.
وتیشی: ئەم خزمەتگوزارییە بە مەبەستی دابینکردنی ڕاوێژی پێویست بەردەستە، بە تایبەتی لە بواری دەروونی، کۆمەڵایەتی و یاسایی، بۆ پشتگیری قوربانیانی توندوتیژی و پاراستنی بنەمای خێزان، هێڵی گەرمی ١١٩ بە شێوەی ٢٤ کاتژمێر بەردەستە و بەردەوام وەڵامی پەیوەندییەکان دەدرێتەوە، بێ هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئایین، ڕەگەز و تەمەن.