لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە بە سەدان هاوڵاتی مەدەنی بە منداڵ و ژنەوە بەهۆی پاشماوەی جەنگەوە کوژراون
ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ، گیانلەدەستدانی سەدان هاوڵاتی مەدەنی لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەی جەنگەوە بەڵگەدارکردووە، ئەوەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەو پاشماوانە بوونەتە هەڕەشەی ڕۆژانە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی.
ناوەندی هەواڵ
سەرەڕای وەستانی شەڕە بەرفراوانەکان لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سووریا، پاشماوەکانی شەڕ بەردەوامن لە داوای گیانی مەدەنی ڕۆژانە، مین و تەقەمەنی نەتەقینەوە وەک هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ ئەو کەسانەی کە دەگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان دەمێننەوە.
بەرزبوونەوەی ژمارەی زیانبەرکەوتووانی پاشماوەی جەنگ، قووڵایی ئەو کارەساتە ئاشکرا دەکات کە ساڵانێک شەڕ لە سووریا بەجێی هێشتووە تەقەمەنی نەتەقیو و مینە چێندراوەکان لە ناوچە بەرفراوانەکانی ناوچەی نیشتەجێبوون و کێڵگە و ڕێگاوبانەکاندا بڵاوبوونەتەوە، لە کاتێکدا هەزاران سووری هەوڵ دەدەن بگەڕێنەوە بۆ ژیان و ماڵ و زەوییە ئاساییەکانیان، ئەم تەقەمەنییانە بەردەوامن لە گیان لەدەستدان، بەتایبەتی لەنێو منداڵاندا، کە ئەمەش بەهۆی سنوورداربوونی تواناکانی پاککردنەوەی مین و نەبوونی هەوڵی پێویست بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان خراپتر دەبێت، ئەم کارەساتە کاردانەوەی درێژخایەنی مرۆیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لەسەر کۆمەڵگە ناوخۆییەکان بەجێدەهێڵێت.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، لە ئەنجامی تەقینەوەی پاشماوەی جەنگ، کوژرانی ٨٧٣ کەسی مەدەنی کە ٥٤٤ پیاو و ٢٧٥ منداڵ و ٥٤ ژنی بەڵگەدار کردووە.
ڕوونی کردەوە، کە ژمارەی ئەو هاوڵاتیە مەدەنیانەی لە ڕووخانی ڕژیمەوە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ تا کۆتایی ئەو ساڵە کوژراون گەیشتە ٨٠ کەس کە ٦٢ پیاو و ١٢ منداڵ و ٦ ژن بوون، ئەمەش لە ئەنجامی مینی چێندراو و تەقەمەنی نەتەقینەوە کە بەسەر ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا بڵاوبوونەتەوە.
ژمارەی کوژراوان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥ بۆ ٥٩٩ هاوڵاتی مەدەنی بەرزبووەتەوە، کە ٣٦٦ پیاو و ١٩٣ منداڵ و ٤١ ژن، کە ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی مەودای مەترسییەکە و بەردەوامی لەدەستدانی ژیان سەرەڕای کۆتایی هاتنی شەڕ لە زۆر ناوچەدا.
ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ پشتڕاستی کردەوە، کە تا ئێستا لە ساڵی ٢٠٢٦، ژمارەی هاوڵاتی مەدەنی کە بەهۆی پاشماوەی تەقینەوەکانی شەڕەوە کوژراون ١٩٤ هاوڵاتین، کە ١١٦ کەسیان پیاو و ٧١ منداڵ و ٧ ژنن، ئەم ژمارەیە تیشک دەخاتە سەر ئەو مەترسییە بەردەوامەی کە مین و تەقەمەنی نەتەقینەوە لە سووریادا دروستی دەکات، ئەم پاشماوەیانە سەرەڕای کەمبوونەوەی شەڕ لە چەند ناوچەیەک بەردەوامن لە کوشتنی گیان و بریندارکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی، هەروەها ئەم پاشماوەیانە لە ڕیزی جددیترین ئاڵەنگاری مرۆیی و ئەمنیدا ماونەتەوە، بەردەوامن لە هەڕەشەکردن بۆ سەر ژیانی دانیشتووان و ڕێگری لە هەوڵەکانی بوژانەوە و سەقامگیری دەکەن، هەروەها تیشک دەخەنە سەر پێویستی بەپەلە بۆ فراوانکردنی بەرنامەکانی پاککردنەوەی مین، خێراکردنی کارەکانی ڕووپێوی و پاککردنەوە، و بەهێزکردنی هەڵمەتەکانی هۆشیاری کۆمەڵگە سەبارەت بە مەترسییەکانی ئەم شتانە، بەتایبەتی لەنێو منداڵان و دانیشتووانی ناوچە گوندنشینەکاندا.
ڕوانگەکە جەختی لە گرنگی بەردەوامبوون لە بەڵگەنامەکردنی زیانبەرکەوتووان و پێشێلکارییەکانی پەیوەست بە پاشماوە تەقینەوەکانی شەڕ و کارکردن بۆ داڕشتنی پلانی تۆکمەی نیشتمانی و نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانیان کردەوە، ئەمەش زۆر گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و دروستکردنی کەشێکی پارێزراو بۆ گەڕانەوەی دانیشتووان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان.