لە کۆڵنی ئەڵمانیا ناوەندی کۆمەڵەی چاند و هونەری ژنان کرایەوە
لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بە ئامانجی بەهێزبوونی زیاتری ژنان لە بواری کلتوور و هونەردا، "کۆمەڵەی چاند و هونەری ژنان" "Astarte Art-Kunst-und Kulturverein der Frau" لە مەراسیمێکدا کرایەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بە ئامانجی بەهێزبوونی زیاتری ژنان لە بواری کلتوور و هونەردا، Astarte Art-Kunst-und Kulturverein der Frau "کۆمەڵەی چاند و هونەری ژنان" بە بەشداری هەریەکە لە نوێنەرانی ناوەندەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد، زوبەیدە زومروت، هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە ئەورووپا "کەجەدەکە-ئە" هونەرمەندانی تەڤگەری چاند و هونەری ئەورووپا "تەڤ-چاند"، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان و زۆر کەسی دیكە کرایەوە.
سەوسەن و مێریۆ، هونەرمەندانی تەڤ-چاند بە کوردی و ئەڵمانی قسەیان کرد، دواتر گرووپی نارین، شەهریبانا کوردی، ئەڤین ڤوراڵ، دڵگەش بەحرا سپی، دەنگبێژ و شاعیرانی ژن هاتنە سەر سەکۆکە و گۆرانییان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
Astarte Art یەکەم ناوەندی چاند و هونەری ژنانە و ئامانجی کۆمەڵەکە ئەوەیە کە کاریگەریی ژنان لە بەرهەمی هونەری و کلتووریدا زیاتر دەربکەوێت، کۆمەڵەکە لەسەر بنەمای داهێنان و دەرکەوتن، درێژە بە کارەکانی دەدات.
لەناو کۆمەڵەکەدا وێڕای کردنەوەی پێشانگای هونەری، پانێڵ و کۆنفرانس، وۆرکشۆپی چاندی و هونەری، داهێنان و بەرهەمهێنان، کۆرسەکانی موزیک، وێنەکێشان و شانۆ دەکرێنەوە، ئامانجی سەرەکیی کۆمەڵەکە ئەوەیە کە ئەو ژنانەی لە بوارەکانی موزیک، ئەدەب، شانۆ، هەڵپەڕکێ و وێنەکێشاندا کاردەکەن، کۆبکاتەوە، بەهێزیان بکات و لە ڕێی پەروەردەی کلتوورییەوە بیانناسێنێت.