"دەبێت ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەپێی مافی هیوا مسۆگەر بکرێت"
پارێزەر ڕۆزیڤ کینۆ سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک وتی: پێش هەموو شتێک دەبێت ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بە پێی مافی هیوا مسۆگەر بکرێت، جگە لەوەش مافی گەلی کورد بۆ بوونێکی ڕەوا و یاسایی دەبێت لە ڕووی دەستوورییەوە مسۆگەر بکرێت.
نورشان عەبدی
کۆبانێ- پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لە ٢٧ی شووبات لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەستیپێکرد، هێشتا بە بەرجەستەبوونی یاسایی و دادوەریی خۆی نەگەیشتووە.
ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کە لە چارەسەرکردنی پرسی کورد – تورکیادا پێداگرە، لە زۆر ڕووەوە نیەت و ئامادەیی خۆی نیشانداوە. لە زنجیرە هەنگاوەکانی تەڤگەری کورد و ڕێبەرەکەیدا، تا ئێستا هیچ شتێکی جددی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و دەسەڵاتدارانی تورکیاوە نەکراوە، بە تایبەت لە بواری یاساییدا، کە پرۆسەکە پێویستی بە یاسا هەیە، بێباکییەکی ئاشکرا هەیە.
پارێزەر ڕۆزیڤ کینۆ چوارچێوەی یاسایی پرۆسەکە و مافی هیوای پەیوەندیدار بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ دەزگاکەمان هەڵسەنگاند.
"دەبێت بوون و مافەکانی کورد بە یاسا مسۆگەر بکرێت"
ڕۆزیڤ کینۆ کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لایەنە یاساییەکانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی هەڵسەنگاند، وتی: ڕێبەر ئاپۆ بە بانگەوازە مێژووییەکەی خۆی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی دەستپێکرد، ئەم پرۆسەیە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای چارەسەرکردنی پرسی کورد بە شێوەیەکی سیاسی-یاسایی دامەزراوە، زیاتر لە ٥٠ ساڵە تەبگەری کورد خەبات دەکات بۆ پێناسەکردنی بوونی گەلی کورد و لە ئەنجامدا کورد پێناسەی بوونی خۆی کردووە. لەبەر ئەم هۆکارەش لە ئێستادا هیچ کێشەیەک لەگەڵ بوونی کورددا نییە، بەڵام هەنگاوی یاسایی و دادوەری پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی ئەم بوونە و مافەکانی گەلی کورد.
هەر لەسەر هەمان خاڵ، پارێزەر ڕۆزیڤ کینۆ جەختی لەوەکردەوە کە چارەسەری یاسایی بۆ دۆسیەیەکی هاوشێوەی گەلی کورد پێویستەو وتی: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ئەمڕۆ لە ناو ململانێ و شەڕە گەورەکاندایە، لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان لە حاڵەتی دژایەتییەکی گەورەدان، مرۆڤ دەتوانێت بەو ئەنجامە بگات کە چارەسەرێک لە ڕێگەی شەڕەوە بەدەست ناهێندرێت، بەتایبەتی کەیسێکی وەک دۆسیەی گەلی کورد، کە دۆسیەیەکی کۆنە لە ناوچەکەدا، دەبوو بگاتە ئاستێکی یاسایی. ڕێبەر ئاپۆ کە ئەم ڕاستییەی بینی و دیاری کرد، دەستی کرد بە کارکردن و هەنگاوی یاسایی بۆ چارەسەرکردن، لە سەرەتای پڕۆسەکەدا و پێش هەموو شتێک، دەوڵەت باخچەلی ڕوانگەیەکی ئەرێنی بۆ ئەم پرۆسەیە گرتەبەر، دوای ئەوەی بابەتەکە جددی بوو، ڕێبەر ئاپۆ ئەرکی خۆی جێبەجێ کرد، دەبینین لاوازی لە هەڵوێست و هەنگاوەکانی دەوڵەتی تورکیادا دەردەکەوێت، پرۆسەی ئاشتی لە دوو لایەنەوە بەڕێوە دەچێت، بەڵام دەبینین کە ئاکەپە و هەموو دەسەڵاتدارانی تورکیا ئەم پرۆسەیە بەڕێوە دەبەن لە لایەکەوەیە.
"ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ بە ئەنقەست پشتگوێ دەخرێت"
لە درێژەی هەڵسەنگاندنەکەیدا، ڕۆزیڤ کینۆ سەرنجی بۆ دەستگیرکردنی ڕێبەر عەبدوڵا پێویستی دەستەبەرکردنی مافی هیوا ڕاکێشا، وتی: ڕێبەر ئاپۆ زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە زینداندایە، لە بابەتە یاساییەکاندا مافێک هەیە کە بە مافی هیوا ناسراوە، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا مافی هیوای بۆ هەموو زیندانییەکان مسۆگەر کردووە و دەوڵەتی تورک خۆی ئەندامی ئەم دادگایە و ئەم مافەی دووپات کردووەتەوە. بەداخەوە کاتێک باس لە ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت، دەوڵەتی تورک هەموو مافە ڕەواکانی پشتگوێ دەخات و پەنا بۆ توندوتیژی دەبات، کاتێک پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە بۆ یەکەمجار لەم پرۆسەیەدا سەردانی ڕێبەر ئاپۆیان کرد، دوای ماوەیەکی زۆر لە گۆشەگیری و قەدەغەکردنی کۆبوونەوە لەگەڵ پارێزەران، ڕێبەر ئاپۆ جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەبێت لەسەر بنەمای یاساکان بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەڤگەری کورد هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر هەموو بیانووەکانی دەوڵەتی تورکیا دەربڕیوە و وتی: دوای هەڵسەنگاندنی ڕێبەر ئاپۆ، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە کۆبوونەوەکەیدا ئەم پرۆسەیەی بە ئەرێنی وەرگرت و بە پێویستی زانی تورکیا بە قۆناغێکی یاسایی تێپەڕێت، بەڵام ئەو کاتە چی ڕوویدا؟ دەوڵەتی تورک لە مانگی شوباتەوە بیانووی دواخستنی پرۆسەکە دەدۆزێتەوە، ڕێبەر ئاپۆو تەڤگەری کوردیش هەڵوێستیان لە دژی بیانووەکان نیشانداوە ئێمە بینیومانە هەنگاوی زۆر گیراوەتەبەر، هەروەها دەم پارتی و پارێزەران و هەموو ئەوانەی بەرپرسیارن لە پرۆسەکە زۆر بە ئەرێنی بەشداری لە پرۆسەکەدا دەکەن.
"ئەو هەنگاوانەی کە هیوا بە پرۆسەکە دەبەخشن پێویستن"
لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکەیدا پارێزەر ڕۆزیڤ کینۆ وتی: ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ ئومێد بە پرۆسەکە دەبەخشێت، وەک ئاماژەمان پێدا پرۆسەکە یاساییە، بۆیە ئەگەر دەوڵەتی تورکیا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکات، ئەوا دەتوانین بڵێین هەنگاوێکی یاسایی نراوە و دەوڵەتی تورک جدییە لە چارەسەرکردن، بۆیە ئەگەر دەوڵەتی تورک خۆی وەک وڵاتێکی دیموکراسی پێناسە بکات، دەبێت خۆی نیشان بدات جددیەت لە پەرەپێدانی پرۆسەیەکی یاسایی و دادپەروەرانەدا، سەرەتا دەبێت ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەگوێرەی مافی هیوا مسۆگەر بکرێت جگە لەوەش، دەبێت لە ڕووی دەستوورییەوە بونیادنانی تورکیایەکی دیموکراتیک و ئاشتیخوازانە جێگیر بکرێت.