دۆخی مرۆیی غەززە کارەساتبارە و هەزاران منداڵیش بێسەروشوێنن
وتەبێژی یونیسێف دووپاتی کردەوە، کاری مرۆیی لە کەرتی غەززە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبێتەوە، لە هەمووی گرنگتر پرسی منداڵانی ونبووە، هەروەها نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی "ئۆچا" دۆخەکەی بە کارەساتبار پێناسە کرد.
ناوەندی هەواڵ
سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، خێزانەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە خۆراک و دەرمان و شوێنی نیشتەجێبوون، هەروەها پرسی ئەو کەسانەی لە ژێر داروپەردوودا بێسەروشوێنن، تا ئێستاش یەکێکە لە نیگەرانییە مرۆییە هەرە بەرچاوەکانە، بە تایبەت کە هەزاران خێزان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای کەسوکاریان لە نێوان سەرچاوە سنووردارەکان و نەبوونی میکانیزمی کاریگەری نێودەوڵەتی بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان.
وتەبێژی یونیسێف لە غەززە ڕۆژی ١٤ی تشرینی دووەم، پشتڕاستی کردەوە، کە کاری مرۆیی لە کەرتی غەززە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبێتەوە، لە هەمووی گرنگتر پرسی منداڵانی ونبووە، کە یەکێکە لە ئاڵۆزترین ئاستەنگی مرۆیی، هەروەها ئەو ژمارانەی کە هەن وەک خەمڵاندنێک دەمێننەوە، بەهۆی نەتوانینی دەسڕاگەیشتن و پشتڕاستکردنەوەی ڕاستەوخۆی دۆخی ئەو ناوچانەی کە لە ژێر داروپەردوودان.
ڕوونیشیکردەوە، خەمڵاندنەکانی ئەم دواییانە ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی ١٠ هەزار کەس بێسەروشوێنن، پێدەچێت زۆربەیان هێشتا لە ژێر داروپەردوودا مابنەوە، نەبوونی کەرەستەی قورسی پێویست بۆ لابردنی بلۆکە کۆنکرێتییەکان ڕێگری دەکات لە هەوڵەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان، ئەمە جگە لەوەی تەرمی زیانلێکەوتووان ماوەی دوو ساڵ یان زیاترە لە ژێر داروپەردوودا ماونەتەوە، ئەمەش ناسینەوە و ژماردنی وردی هێندەی تر سەختر دەکات.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە دۆخی کەرتەکە بە سەرلێشێواوییەکی بەرفراوان تایبەتمەندە، تەنانەت کاریگەری لەسەر تۆمارکردنی منداڵانی تازە لەدایکبوو هەیە، ئەمەش وایکردووە کە بە کردەوە مەحاڵ بێت لەم قۆناغەدا بگەینە ژمارەیەکی کۆتایی، هەروەها گەڕاندنەوەی دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان و سیستمە مەدەنییەکان بۆ کارە ئاساییەکان پێویستی بە کات و هەلومەرجی سەقامگیرتر دەبێت لەسەر زەوی.
سەبارەت بە خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوەکە کە ئاماژەن بۆ ئەوەی نزیکەی ٤٤ هەزار و ١٤٣ منداڵ بە پلەی جیاواز بریندار بوون، وتەبێژی یونیسێف، وتی: زۆرێکیان تا کۆتایی تەمەنیان بەردەوام ئازاردەچێژن بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕ، جا چ لە ڕێگەی کەمئەندامی جەستەیی هەمیشەییەوە بێت یان زەبر و زەنگی دەروونی قووڵ، ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئاشکرایان کردووە، کە بە هەزاران منداڵ لە ئەنجامی ئەم برینانە کەمئەندام بوون.
"دۆخی غەززە کارەساتبارە"
وتەبێژی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی ،"OCHA" ڕایگەیاند: دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە "کارەساتبار"ە ، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە ڕێگریکردن لە گەیاندنی یارمەتی بە شێوەیەکی گونجاو بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە مانگێک تێپەڕیوە بەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوانیان دا.
وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەدا، ڕێککەوتنەکە لە ڕووی تیۆریەوە دەستڕاگەیشتنێکی مرۆیی زیاتری دابینکردووە، بەڵام دۆخی ڕاستەقینە لەسەر زەوی زۆر لە خوار ئاستی وەڵامدانەوەی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستییە گەورەکان دەمێنێتەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە، سنووردارکردنەکانی ئیسرائیل بەردەوامە بۆ ئەوەی ڕێگری لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییە پێویستەکان بە دانیشتوانی کەرتی غەززە بکات، گروپەکانی فریاگوزاری توانیویانە خۆراک بگەیەننە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس، ئەمە جگە لەوەی کەرەستەی پەناگە و ئاو و دەرمان و پێداویستییە مرۆییە جیاوازەکانی دیکەیان دابینکردووە، ئەم هەوڵانە هەنگاوێکی ئەرێنین، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی پێداویستییەکان بە کەمی ماونەتەوە.
جەختی لەسەر پێویستی هێشتنەوەی غەززە لە ڕوناکی جیهانیدا کردەوە، هەروەها ئاگربەستەکە کۆتایی بە قەیرانی مرۆیی نەهێنا، چونکە ئەوەی کەرتەکە پێویستی پێیە، ڕەوشێکی بەردەوامی و پارێزراوی یارمەتییەکانە، دوور لە هەر کۆت و بەندێکی سیاسی یان ئاسایی، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هاوڵاتیانی مەدەنی بتوانن بە شکۆمەندیەوە بەردەوام بن لە ژیان.