لە کەلار دیبەیتێک بە ناونیشانی "بە یەک دەنگی و تێکۆشان، شکست بە داگیرکاری دێنین" بەڕێوچوو

بەرەی نیشتیمانی دژی داگیرکاری بە دروشمی "بەیەک دەنگی و تێکۆشان، شکست بە داگیرکاری دێنین" دیبەیتێکی تایبەتی لەسەر داگیرکارێکانی سەر کوردستان سازکرد.

بەرەی نیشتیمانی دژی داگیرکاری بە دروشمی "بەیەک دەنگی و تێکۆشان، شکست بە داگیرکاری دێنین" دیبەیتێکی تایبەتی لەسەر داگیرکارێکانی سەر کوردستان سازکرد.

گەرمیان

 

ئێوارەی دوێنێ ٢٩ ی حوزەیران، لە هۆڵی لەندەن ئای لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بە بەشداری ژمارەیەک لە چالاکوانان و ئەندامانی ڕێکخراوە مرۆیی و ژینگەیەکان، مامۆستایانی ئاینی و ژنان دیبەیتێکی تایبەت بە بابەتی داگیرکاری سەر کورستان بەڕێوەچوو.

دیبەیتەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەستیپێکرد، دواتر پێشەکییەک لەسەر بابەتی داگیرکاری لە لایەن سەلام عەلی"یەوە خرایە ڕوو.

 

لە دیبەیتەکەدا باس لەوە کرا سیاسەت بە دوو هێڵدا دەڕوات، هێڵی وڵاتپارێزی و هێڵی خیانەت، ئومێد دەکرێت لە داهاتوودا بەرەی ناڕەزایی فراوانتر بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە داگیرکارییەکان، هەروەها خرایەڕوو کە لەپێشتردا داگیرکاری بەشێوەی سەربازی بوو، بەڵام لە ئێستادا بەشێوەی شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبرێت و داگیرکاری کلتوور، ئاین و قیادەی سیاسی و ئابووریی دەکرێت، سیستەمی کۆمەڵایەتی و بەهای ئەخلاقی تێکدراوە و شەڕ پێشخراوە بۆ ئەمانە.

 

باس لەوەشکرا بۆ وەستاندنەوەی شەرەکان دەبێت بە کۆی دەنگ کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی داگیرکاری بکەین و ئەو شەڕە لە شەڕی دووژمنەوە نەگۆڕین بۆ شەڕی ناوخۆ، دەشبێت لە چوارچێوەی هێزێکی نەتەوەییدا ئەو داگیرکارییە بوەستێنین.

 

"سەدان ساڵە تورکیا هەوڵی قڕکردنی کورد دەدات"

ژنان وەک بەشداربوونی دیبەیتی داگیرکاری بۆ ئاژانسی ژنها دوان و باسیان لە مێژووی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکەدا کرد، ڕۆشنا محمد، مامۆستا، ئاماژەی بەوەدا: مێژووی داگیرکاری نەتەوەی کورد مێژوویەکی دوورو درێژی ھەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا، دوژمنانی کورد ھەمیشە لە بیری پلانداناندا بوون بۆ قڕکردنی نەتەوەی کورد لە ژێر بەھانەی جیاوازدا، بێگومان ئەم کێشەیە لە رۆژھەڵاتی ناوەراستدا دەنگدانەوەیەکی فراوانی ھەیە لە ئاستی جیاوازدا، جێی قسە و باسی کورد و نەتەوەکانی ناوچەکەیە.

 

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەشدا باشترین ڕێگاچارەی گونجاو بۆ گەلی کورد یەکگرتن و یەکریزی کوردە لە ھەر چوار پارچەی کوردستانی گەورە و پارێزگاریکردنە لە ئەزموونی رزگای گەلی کورد لە باشوری کوردستان .

 

ڕۆشنا باسی لەوەشکرد داگیرکاری دوژمنان فرە ڕەھەندە بۆ نەتەوەی کورد، لە ڕێگاکانی  کلتوری، ئاینی، زمان و جوگرافیاوە پیادە دەکرێن، بۆ نموونە پەخشکردنی زنجیرە تورکیەکان و داگیرکردنی زھنی تاکی کورد بە یارمەتی کەناڵە سەرەکیەکانی حیزبەکانی دەسەڵات، جوانکردنی رەوشتی بێگانە و بێ بەھاکردنی بەھا جوانەکانی کلتوری کوردی، کارکردن بۆ شێواندنی فۆرمە کلتورییە بنەڕەتییە ناسیۆنالیزمیەکانی کورد و رەگ و مێژووی بەڕێوەدەبرێن.

 

ھەروەھا وتیشی ئاین یەکێکی ترە لەو رەھەندانەی بەکارھێنراوە بۆ شێواندنی ڕاستیەکان دەرحەق بە گەلی کورد و پێناسەکردنیان بە خێو و کێوی و قڕکردنمان لە ژیر ناوی سورەتەکانی قورئان وەکوو (الفتح و الانفال) و رەواییدان بە جینووسایدی کورد.

 

"تورکیا مەبەستی هێرشکردنە سەر پارتی کرێکارانی کوردستان نییە، بەڵکو ئامانجی گەلی کوردە"

 سوهام محموود، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بە ژنهای ڕاگەیاند: تورکیا ئامانجی تەنها پەکەکە نییە لە باشوری کوردستان، بەڵکو مەبەستی داگیرکردنی باشورە بە تایبەت کەرکوک و موسڵ، دەیەوێت وەکو سەردەمی عوسمانییەکان باشور داگیربکات و هەمووان لە بەرامبەریدا بێدەنگن، چونکە بە ڕاستی دەستی ئەم حزبانەشی تێدایە، هەر لە گرێبەستە نەوتییە درێژخایەنەکانەوە هەتا ساغکردنەوەی کاڵا و شتوومەکی تورکی و بازرگانیکردن لەگەڵ تورکیا.

ئەو چالاکوانە بێدەنگی عێراق و لایەنەکان بە کۆدەنگی بۆ لەناوبردنی کورد بەناو کرد.

 

ئامانجی دیبەیتەکە بۆ یەکخستن و کۆدەنگی نەتەوەیی بوو، لەپێناو بەرەنگاربوونەوە و وەستانەوە  بەڕووی ئەو داگیرکارییانەی دەکرێنە سەر کوردستان و ڕێگریکردن لەو کوشتن و تاوانکارییانەی بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجام دەدرێن، هەروەها خستنەڕووی ڕێگاچارەی دروستە کە دەکرێت بگیرێنەبەر، کاری زیاتریش بکرێت تاکو ڕۆڵی هەریەک لە یاسا و ڕاگەیاندن و مامۆستایانی ئاینی و کومەڵگای مەدەنی، بۆ دروستکردنی فشار و ڕێگریکردن لە داگیرکارییەکان کارا بکرێن.

 

ت.پ