لە عەفرین دەستبەسەرکردنی مندالێکی کچ و هەوڵێکی ڕفاندن نیگەرانییەکان زیاتر دەکەن

نیگەرانییەکان سەبارەت بە پارێزراوی ژنان و منداڵانی کچ لە عەفرین لە زیادبوونەو لە دوو ڕووداوی نوێدا کە یەکەمیان دەستبەسەرکردنی منداڵێکی کچە لەسەر بنەمای بەدواداچوون بۆ باوکی، دووەمیشیان پەیوەندی بە تۆمەتەکانی هەوڵدان بۆ دەستدرێژی و ڕفاندن هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی ژنان و منداڵانی کچ لە ناوچەی عەفرین بەردەوامن، لە سایەی ڕووداوی بەدوای یەکدا کە پرسیاری جدی لەبارەی ئاستی پاراستنی ژنانەوە دروست دەکەن، لە دەستبەسەرکردنی کەسوکاری داواکراوانەوە، تاوەکو دەگاتە تۆمەتەکانی هەوڵدان بۆ دەستدرێژی و ڕفاندنی منداڵێکی کچ، لە نێو داواکارییەکان بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و لێپرسینەوە لە بەرپرسان.

 

لە نوێترین ڕووداودا، سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاند کە پۆلیسی تاوانکاری ئیڤا برێم، منداڵێکی کچی لە شاری عەفرین دەستبەسەر کردووە، دوای هەڵمەتێکی پشکنین بۆ سەر ماڵی خێزانەکەی لە گەڕەکی شێخ مەقسود، وەک بەشێک لە بەدواداچوون بۆ باوکی کە داواکراوە بە پێی سەرچاوەکان، لەسەر بنەمای فەرمانێکی دەستگیرکردن.

 

سەرچاوەکان ئەوەشیان خستەڕوو کە بە کەسوکاری کچەکە ڕاگەیاندراوە، کە ئازادکردنی پەیوەستە بەوەی باوکی خۆی ڕادەستی ئەو لایەنانە بکات کە بەدوایدا دەگەڕێن، ئەمەش نیگەرانیی دادپەروەرانی لێکەوتووەتەوە بەو پێیەی، لە ئەگەری ڕاستبوونی، بەکارهێنانی ئەندامێکی خێزانەکەیە وەک ئامرازێکی فشار خستنەسەر کەسێکی داواکراو.

 

رووداوەکە پرسیار لەبارەی بنەمای یاسایی بۆ دەستبەسەرکردنی منداڵە کچەکە دروست دەکات، ئایا هیچ فەرمان یان سکاڵایەک لە دژی ئەوی بە بەتایبەتی هەبووە، سەرەڕای ئاستی گونجانی ڕێکارەکە لەگەڵ بنەمای بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی. چونکە بەدواداچوون بۆ کەسێکی داواکراو دەبێت نەگۆڕێت بۆ سزادانی ئەندامانی خێزانەکەی کە هیچ بەرپرسیارێتییەکی یاساییان لەسەر سەلمێنراو نەبێت.

 

ڕووبەڕووبوونەوەی منداڵێکی کچ بە هەوڵی دەستدرێژی

لە ڕووداوێکی تردا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین ڕایگەیاند، کە منداڵێکی کچ لە جەندیرس لە دەڤەری عەفرین، ڕووبەڕووی هەوڵێکی دەستدرێژی و دەستپێشخەری بۆ ڕفاندن بووەوە لەلایەن چەکدارێکی دەزگای ئاسایشی گشتییەوە کە ناوەکەی (خالید غەسان إبراهيم)ە.

 

بە پێی ڕێکخراوەکە، ڕووداوەکە ئێوارەی ٥ی ئاب، لە شەقامی ژمارە ٢٠ی ناوەڕاستی جەندیرس روویدا، کاتێک منداڵە کچەکە کە قوتابیی پۆلی هەشتەمە، بۆ فڕێدانی زبڵ چۆتەدەرەوەی دەرەوەی دەرگای ماڵەکەیان.

 

ڕوونکردنەوەی ڕێکخراوەکە ئەوەیە کە تۆمەتبارەکە لە پاشەوە هێرشی کردووەتە سەر و هەوڵیداوە دەستی بگرێت و دەست خستۆتەسەر دەمی بۆ ئەوەی ڕێگری لە هاوارکردنی بکات، بەڵام منداڵە کچەکە بەرگری کردووە و توانیویەتی خۆی دەرباز بکات، پێش ئەوەی هاوار بکات و بگەڕێتەوە ماڵەوە.

 

بە پێی وتەی شایەتحاڵەکان، باوک و دایک و مامیشی خێرا گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە دوای بیستنی هاوارەکانی، تۆمەتبارەکە ناسراوە و بەدوایدا گەڕاون، لەکاتێکدا باوکی نامەیەکی بەپەلەی لە ڕێگەی یەکێک لە گروپەکانی ئاگادارکردنەوەی ئەمنییەوە ناردووە و داوای ناردنی هێزی ئەمنی کردووە.

 

ڕێکخراوەکە وتی: دانیشتووان توانیویانە تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن دوای پێکدادانێکی دەستبەجێ، پێش گەیشتنی هێزە ئەمنییەکە و ڕادەستکردنی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەروەها خێزانی منداڵە کچەکە سکاڵایان لە پۆلیسی سەربازی تۆمار کردووە و داوایان کردووە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکرێت.

 

ڕەخنەکان لێرەدا ناوەستن، بە پێی ڕێکخراوەکە، بەڵکو باسی هەوڵەکان بۆ داپۆشینی کەیسەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بنکەکەوە دەکرێت، بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ خستنی بەشێک لە بەرپرسیارێتی لەسەر منداڵە کچەکە بەهۆی دەرچوونی بە شەوە بۆ فڕێدانی زبڵ.

 

بەردەوامبوونی هەڕەشەکان

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەڕەشەی لێپرسینەوە لەو کەسانە کراوە کە بەشدار بوون لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە پێش گەیشتنی هێزە فەرمییەکە، بەو پێیەی ئەم ڕێکارانە نابن بە ئامرازێک بۆ لادانی سەرنجەکان لەسەر ناوەرۆکی سەرەکیی کەیسەکە یان فشارخستنەسەر خێزانی منداڵە کچەکە.

 

ڕێکخراوەکە داوای دابینکردنی پشتگیریی دەروونی و یاسایی بۆ منداڵەکە کرد و پاراستنی لە فشارەکان، هاوکات لەگەڵ لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی ئاراستەی تۆمەتبارەکە کراون، کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی کارگێڕی لە شێوازی مامەڵەی دەزگا خۆجێییەکان لەگەڵ کەیسەکەدا.

 

ئەم ڕووداوانە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە دۆخی ژنان و منداڵانی کچ لە عەفرین دەهێننەوە پێشەوە، بەتایبەت کاتێک دۆسییەکانیان تێکەڵ بە دەزگا ئەمنییەکان دەبێت یان لەگەڵ ئەو بەدواداچوونانەی کە ئەندامانی خێزانەکانیان دەگرێتەوە.