لە چوار مانگی ڕابردوودا نزیکەی چوار هەزار توندوتیژی بەرامبەر ژنان تۆمارکراوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان ڕایگەیاند، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا سێ هەزار و ٨٦٧ سکاڵا تۆمارکراوە، ٣٧ دەستدرێژی سێکسی و ٣٨ خۆسوتان تۆمارکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندتیژی دژی ژنان و خێزان لە چوار مانگی سەرەتایی ئەم ساڵدا سێ هەزار و ٩٧٢ توندوتیژی بەرامبەر ژنان تۆمارکراوە.

 

لەو ڕێژەیە، سێ هەزار و ٨٦٧ سکاڵا تۆمار کراوە، ٣٧ دەستدرێژی سێکسی، ٤ کوشتن، ٢٦ خۆکوشتن، ٣٨ خۆسوتان، بەڵام ناتواندرێت بەم ئامارانە بوترێت کە تەواو ڕاستە.

 

بەپێی ئەو ئامارانەی کە ئاژانسی ژنها کۆیکردوونەتەوە لەو هەواڵانەی لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانەوە دەربارەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان ئامارەکان زیاترن، بۆ نمونە بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان بڵاویکردووەتەوە، لە مانگی چواردا تەنها یەک حاڵەتی کوشتن لە دهۆک تۆمارکراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ژنها ٣ ژن کوژراون.

 

هەر بەپێی ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتی تەنها یەک حاڵەتی خۆکوشتن لەو مانگەدا تۆمارکراوە، بەڵام بەپێی ئامارەکانی ژنها ٤ حاڵەتی خۆکوشتن هەبووە.

 

ت.پ