لە بەغداوە گەشتێک بۆ ژیاندنەوەی مێژوو و گەشەپێدانی گەشتوگوزاری کۆیە

گروپێک لەگەشتیاران لەناویاندا خاوەن کۆمپانیای گەشتیاری و شارەزا لەبواری گەشتوگوزارو شوێنەوارو میدیاو بەبازاڕکردن و چالاکوانی مەدەنی بەگەشتێکی چەند ڕۆژە لەشاری کۆیەن، کە مەبەست لێی ناساندنی شوێنە شوێنەواری و گەشتیاریەکانی کۆیەیە.

شلێر کۆیی

 

کۆیە-گروپێک لەگەشتیاران لەناویاندا خاوەن کۆمپانیای گەشتیاری و شارەزا لەبواری گەشتوگوزارو شوێنەوارو میدیاو بەبازاڕکردن و چالاکوانی مەدەنی بەگەشتێکی چەند ڕۆژە لە ٦ی ئاب گەیشتنە شاری کۆیە، سەرەتا چونە قشڵەی کۆیە بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و هونەرمەندو ڕۆشنبیرو ڕێکخراوەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەچەند چالاکیەکی جۆراوجۆر پێشوازیان لێکرا، هەموو ئەو هەوڵانە بەمەبەستی ناساندنی شوێنە شوێنەواری و گەشتیاریەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری کۆیەیە، گروپەکە دوای قشڵە چەند شوێنێکی دێرینیان لەکۆیە بەسەکردەوە لەوانە ماڵی زینەب خان و  دیواربەندی گۆڕستانی شەهیدان.

 

پەروین یاسین، چالاکوان و ڕاهێنەر لە مافی مرۆڤ و ژنان لەهەولێر وتی: سوپاسیان دەکەم کە بانگهێشتیان کردین بۆ ئەو مەراسیمە کولتووریە، کە فێستیڤاێکی کولتوورییە بۆ ناساندنی کولتوورو شوێنەوارەکانی شاری کۆیەیە بە پارێزگاکانی عێراق و ناوەڕاست، چونکە کۆیە یەکێک لەو شارانەیە کە ناوبانگێکی مێژوویی هەیە و زۆر جار پێیان وتووە، وراتی کۆیە چونکە شارێکی پڕە لە شوێنەواری دێرین، بەداخەوە کۆیە پشتگوێ خراوە وەک پێویست گرنگی پێ نەدراوە، بۆیە ئەودیدارەی ئەمڕۆ زۆر گرنگە کە ئەوژنانە لە بەغداوە هاتوون، بۆ ئەوەی کۆیە بەسەرجەم پارێزگاکان بناسێنن وخۆشحاڵم کە یەکیکم لەوانە ئەمڕۆ بەشداریم کردووە.

 

"کار لەسەر ناساندنی کۆیە نەکراوە"

زەهرا زەنگەنە، ناسراو بە خانمی کولتووریی وتی: سوپاسی شاری کۆیە دەکەم بەتایبەت مامۆستا ئیسماعیل بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری کۆیە لەگەڵ فەرمانگەی شوینەواری کۆیە بۆ ڕێکخستنی ئەو مەراسیمە لەبواری گەشتوگوزار، چونکە ئامانجی ئێمە ناساندنی شاری کۆیەیە بە پارێزگاکانی دیکە،  دەبینین کۆیە پشتگوێ خراوە بەداخەوە کار لەسەر ناساندنی نەکراوە.

 

"هیوادارین گەشتوگوزار لەم شوێنەدا گەشە بكات"

میساق سەلمان، ئەندامی گروپە عێراقیەکە وتی:  بەشداریم کرد لەم فێستیڤاڵەدا، کۆیە ناوچەیەکی ڕۆشنبیری، ئاوەدان و جوانە، داوا لە کەرتی گەشتوگوزار دەکەین گرنگی پێ بدەن، ئێمەش لە بەغداوە هاتین بۆ فێستیڤاڵەکە لە قشڵەی کۆیە، قشڵەی کۆیە شتێکی زۆر زۆر سەرسوڕهێنەرە، هیوادارین گەشتوگوزار لەم شوێنەدا گەشە بكات، هاوکات ئێمە لە فێستیڤاڵەکەدا بە چەند تابڵۆیەکی هونەری بەشداریمان کرد، تەنانەت جلوبەرگەکانیش هەمووی وەک فێستیڤاڵێکی ڕۆشنبیری ڕەنگیداوەتەوە، جا چ جلوبەرگی کوردی بێت یان عێراقی جیوازی نییە، ئینشائەڵڵا ئەم فێستیڤاڵە یەکەم و کۆتا فێستیڤاڵ نابێت،  بەردەوام ئامادە دەبین بۆ ئەوەی شوێنەوارە مێژووییە جوان و دێرینەکانی ئەم ناوچەیە دەربخەین، تا دەبێتە یەکێک لەو شوێنەوارە مێژووییانەی کە پەنجەی بۆ ڕادەکێشرێت، چونکە زۆر دێرینە بەڵام تائێستا  تیشکی نەخراوەتە سەر، ڕۆشنبیری لە نێوانماندا هەیە ئێمە یەک وڵاتین و ڕۆشنبیریمان هاوبەشە، لە هەموو ڕوویەکەوە، لە ڕووی ڕۆشنبیری، هونەری، و مێژووییەوە، ئێمە لە زۆر شتدا هاوبەشین، بەردەوام لە بەغداوە دێن، ئەم شارە جوانە گەشە دەکات کە بەڕاستی سەرسام بووم پێی.