بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر لەسێدارەدانەکان کەسایەتییە هونەری و مەدەنییەکانی بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشت دەکرێن
ڕاپۆرتەکان ئاشکرایان کرد، کە هەڵمەتێکی فراوانی بانگهێشتکردن چەندین هونەرمەند، ئەکتەری سینەماو تەلەڤیزیۆن، چالاکوانی مەدەنی و کەسایەتییە گشتییەکانی گرتووەتەوە کە ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە پرۆسەکانی لەسێدارەدان دەربڕیوە.
ناوەندی هەواڵ
دەسەڵاتدارانی ئێران هێشتا بەردەوامن لە فراوانکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانیان، لە رێگەی ئەنجامدانی هەڵمەتێکی فراوانی بانگهێشتکردنەوە کە کەسایەتییە گشتییەکانی بە ئامانج گرتووە، لە چوارچێوەی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بەرامبەر بەو دەنگە ڕەخنەگرانەی دژی لەسێدارەدانە کۆتاییەکان بەرزکراونەتەوە.
ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە دەزگا ئەمنییەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی سەد کەسایەتی ناسراویان بانگهێشت کردووە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینیان بەرامبەر بە شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانەکان، بەتایبەت لەسێدارەدانی ئاشکرای خۆپیشاندەران لە ئەسفەهان، و زانیارییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لە نێو بانگهێشتکراوەکاندا دەیان هونەرمەند و سینەماکار هەن، لەوانەش زیاتر لە بیست ئەکتەری دیاری سینەما و تەلەڤیزیۆن.
ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، کە هەڵمەتی بانگهێشتکردنەکان دوای شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتی دەستی پێکرد کە لەلایەن هونەرمەندان، نووسەران، سینەماکاران، چالاکوانی مەدەنی و کەسایەتییە گشتییەکانەوە دەربڕدرا، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لەسێدارەدان، بەتایبەت لەسێدارەدانی ئاشکرا لە ئەسفەهان، ئەوەش لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆک لەسەر سەنگەرەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییە مەجازییەکان و بەکارهێنانی هاشتاگی ”#لا_للإعدام” ”#نا_بۆ_لەسێدارەدان”.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدا دێن کە دادستانی گشتی لە تاران پێشتر ڕاگەیاندراوێکی دەرکردبوو و تێیدا هەڕەشەی سزای قورسی وەک لەسێدارەدانی لە خۆپیشاندەران کردبوو، ڕایگەیاندبوو کە دۆسیەی تاوانکاری بەرامبەر بە ژمارەیەک لەوان دەکرێتەوە، ڕاپۆرتەکان ئاشکرایان کرد، کە مەودای ڕێوشوێنە ئەمنی و دادوەرییەکان زۆر فراوانترە لەوەی تا ئێستا بە فەرمی ڕاگەیاندراوە، بە جۆرێک کە لەم بارەیەوە نزیکەی سەد کەس بۆ دەزگا ئەمنییەکان یان دەسەڵاتە دادوەرییەکان بانگهێشت کراون.
تا ئێستا ناوی بانگهێشتکراوەکان بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام دەزگا ڕاگەیاندنانەکە، کە ڕاپۆرتەکەیان بڵاوکردووەتەوە جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە ناوی بانگهێشتکراوەکانیان لا هەیە، لە کاتی پێویستدا بڵاویان دەکەنەوە.