”حبر نسائي"… دەستپێشخەرییەک بۆ بەهێزکردنی ئامادەیی ژنان لە بواری نووسین و دروستکردنی کاریگەریدا

ناوەندی ژنۆلۆژی لە قاهیرە، دەستپێشخەریی ”حبر نسائي” ”پێنوسی ژنان”ـی ڕاگەیاند، بە ئامانجی کردنەوەی پانتاییەک بۆ پەرەپێدانی توانای ژنان لە نووسین و بەرهەمهێنانی زانیاری.

میسر

 

ناوەندی ژنۆلۆژی بۆ بیرو لێکۆڵینەوە هەوڵ دەدات لە نووسین و بەرهەمهێنانی زانیاریدا، لە ڕێگەی کردنەوەی کەشێکی فراوان بۆ ڕاهێنان، پەرەپێدانی لێهاتووییەکان، تواناسازیی ژنانی نووسەر، توێژەرو دروستکەرانی ناوەڕۆک بۆ بەرهەمهێنانی کاری شایستەی بڵاوکردنەوەو بەشداریکردن لە دیالۆگی گشتییدا، پشتگیری لە ئامادەیی ژنان بکات.

 

لە هەنگاوێکدا، کە ئامانجی کردنەوەی پانتاییەکی نوێیە لەبەردەم ژنان بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان لە نووسین و بەشداریکردن لە بەرهەمهێنانی زانیاریدا، ناوەندی ژنۆلۆژی بۆ بیر و لێکۆڵینەوە ٨ی ئاب لە پایتەخت قاهیرە، دەستپێشخەرییە ستراتیژییەکەی خۆی بە ناوی ”حبر نسائي” ”پێنوسی ژنان” ڕاگەیاند، بە ئامادەبوونی گروپی دامەزرێنەری دەستپێشخەرییەکە، کە ژنانی نووسەر، توێژەر و ڕاگەیاندنکار لە میسر و چەند وڵاتێکی عەرەبی لەخۆ دەگرێت.

 

دەستپێشخەرییەکە لە دیدگایەکەوە سەرچاوە دەگرێت کە نووسین بە پانتاییەک دەزانێت بۆ بەرهەمهێنانی بیرۆکەکان، داڕشتنی دیدگاکان و بەشداریکردن لە داڕشتنی دیالۆگی گشتییدا، نەک تەنها وەک ئامرازێک بۆ دەربڕین، دروشمی ”ئێمە دەنووسین... بۆ ئەوەی خۆمان دەرببڕین... بۆ ئەوەی کاریگەری دروست بکەین”ـی هەڵگرت، وەک جەستەکردنێکی ڕاستەوخۆی ئەم دیدگایە.

 

دەستپێشخەرییەکە سنوردار نییە بە نووسین لە دۆزەکانی ژناندا، بەڵکو دەرگاکە لەبەردەم ژنان دەكاتەوە بۆ نووسین و لێکۆڵینەوە لە چەندین بواری جیاوازدا، لەوانە سیاسەت، ئابووری، کۆمەڵگە، کولتوور، گەشەپێدان، مافەکانی مرۆڤ و ڕاگەیاندن، لەگەڵ نووسینی ڕۆژنامەوانی، شیکاری، لێکۆڵینەوەیی و داهێنەرانە، بە شێوازێک کە ئامادەیی ژنان وەک نووسەر، توێژەر و خاوەن دیدگا لە بوارە جیاوازەکانی باری گشتییدا بەهێز بکات.

 

دەستپێشخەرییەکە ئامانج لە توێژەر، نووسەر، ڕۆژنامەنووس، ڕاگەیاندنکار، ژنانی گەنجی خوێندکارانی زانکۆ و دروستکەرانی ناوەڕۆک دەکات، هەروەها هەر ژنێک کە خولیای نووسینی هەبێت و هەوڵی پەرەپێدانی ئامرازەکانی بدات، لەگەڵ بایەخپێدانێکی تایبەت بە ڕەخساندنی دەرفەت لەبەردەم بەهرە و نووسەرانی سەرەتای ڕێگا، لە ڕێگەی ڕاهێنان، ڕێنماییکردنەوە، گەیشتن بە بەرهەمهێنانی کاری ڕاستەقینەی شایستەی بڵاوکردنەوە.

 

بەرهەمەکانی دەستپێشخەرییەکە وتار، لێکۆڵینەوە، توێژینەوەی سیاسەت، ڕاپۆرت، پەرتوک و پڕۆژە هاوبەشەکانی نووسین لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ چیڕۆک، کارە داهێنەرانەکان و ناوەڕۆکی بینراو و دیجیتاڵی، لەگەڵ کارکردن بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی بڵاوکردنەوەی ئەم کارانە لە ڕێگەی سەکۆ #اگەیاندن و کولتوورییە جیاوازەکانەوە.

 

دەستپێشخەریی ”حبر نسائي” ”پێنوسی ژنان” لەسنوری ئەزموونی خۆجاییدا ناوەستێت، بەڵکو دەستپێشخەرییەکە ئامانجی دروستکردنی تۆڕێکی هەرێمییە کە ژنانی نووسەر و توئژەر لە پاشخان و ئەزموونی جیاوازەوە لەخۆ بگرێت، بە شێوازێک کە دەرفەت بکاتەوە لەبەردەم ئاڵوگۆڕی ئەزموون و تاقیکردنەوەکان و بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکێک کە ڕەنگدانەوەی هەمەجۆریی دۆخی ژنان بێت لە ناوچەکەدا.

 

لە ناو ئەو ئەزموونانەی کە دەتوانن پانتاییەک لەناو ئەم تۆڕەدا بدۆزنەوە، ئەزموونی ژنی کوردە، بەو تایبەتمەندی و زەمینە جیاوازەی کە هەڵیگرتووە، و ڕەخساندنی دەرفەت لەبەردەم نووسەران بۆ دەربڕینی ئەم ئەزموونانە و بەشداریکردن تێیاندا لە دیالۆگی هەرێمیدا.

 

ئامادەبووان لە ماوەی چالاکییەکەدا جەختیان لە گرنگی بوونی پانتایی نوێ کردەوە کە ڕێگە بە ژنان بدات تواناکانیان لە نووسین و بەرهەمهێنانی زانیاریدا پەرەپێبدەن، ئاماژەیان بەوە کرد، کە پشتگیریکردنی ژنانی نووسەر و توێژەران، بەتایبەت لە سەرەتای گەشتەکەیان، دەتوانێت بەشداری بکات لە دەرکەوتنی دەنگی نوێ و دەوڵەمەندکردنی ناوەڕۆک و دیالۆگی گشتیی بە دیدگا و ئەزموونی هەمەجۆرتر.

 

بڕیارە بەرنامە ڕاهێنانییەکان منداڵانی کچ لەگەڵ منداڵانی کوڕ لەخۆ بگرێت، لەسەر بنەمای ئاراستەی دەستپێشخەرییەکە بەرەو ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ فێربوون و پەرەپێدانی لێهاتووییەکان، بەهێزکردنی گشتگیربوون و دادپەروەری ڕەگەزی لە بواری نووسین و بەرهەمهێنانی زانیاریدا.

 

دەستپێشخەرییەکە لە قۆناغەکانی داهاتوودا هەوڵ دەدات بۆ فراوانبوون لە بەرنامە و پڕۆژەکاندا، لەگڵ دروستکردنی هاوبەشی نوێ و فراوانکردنی تۆڕی نووسەر، توێژەر و بەشداربووان لەسەر ئاستی عەرەبی و هەرێمی.

 

دەستپێشخەریی حبر نسائي” ”پێنوسی ژنان” دێتە ناو دەستپێشخەرییە ستراتیژییەکانەوە کە لەلایەن ناوەندی ژنۆلۆژی بۆ بیر و لێکۆڵینەوەوە ڕادەگەیەنرێت، لە چوارچێوەی گرنگیدان بە دۆزە هزری، زانیاری و کۆمەڵایەتییەکاندا، پشتگیریکردنی ئەو پانتاییانەی کە ڕێگە بە بەرهەمهێنانی زانیاری دەدەن و گفتوگۆیەکی فراوانتر دەکەنەوە لەسەر دۆزە جیاوازەکان.