لە بازاڕی کۆنی شەنگال لە جیاتی هاواری ژنان، ڕاپەڕین هەیە

ژنانی شەنگال بە دەسماڵی سپی خوێناوی، جلی ڕەش و زنجیر یادی ٧٤ەمین فەرمانیان بۆسەر شەنگال کردەوە و ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

شەنگال

 

ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٣ لە کاتی دەربازبوون بەرەو چیای شەنگال، بە سەدان ژنی ئێزدی لە بازاڕی کۆنی شەنگال لەلایەن چەتەکانی داعشەوە دەستگیرکران، کوژران و لە بازاڕەکاندا فرۆشران، نزیکەی ٧ هەزار کەس ڕفێندران، بەپێی هەندێک بەڵگە هەزار و ١١٧ کەس هەتا ئێستا لە دەستی داعشدان، ٣ هەزار و ٣٠٠ کەس لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە ڕزگار کراون.

 

ساڵی ٢٠١٥ یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە و یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە و یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال-یەبەشە شەنگالیان لەدەستی داعش ڕزگارکرد، ئەمڕۆ ژنانی ئێزدی بە بۆنەی ٧ەمین ساڵیادی ئەو فەرمانەوە بە دەسماڵی سپی خوێناوی، جلی ڕەش و زنجیر، لە هەمان بازاڕدا ڕێپێوانیان کرد.

 

لە رێپێوانەکەدا ژنان پۆستەری دروشمەکانی "یەکگرتن و تێکۆشانی ژنان رێگرتنە لە فەرمان" و "بمرێ خیانەت" لەگەڵ وێنەی رۆژانی فەرمانەکەیان بەرز کردەوە، شەمێ ڕەمۆ، ئەندامی تاژێ، دەربارەی فەرمانی ٧٤ی سەر ئێزدییەکان ئاماژەی بەوەدا، ئەمڕۆ بەبۆنەی ٧ەمین ساڵیادی هێرشی داعش لە بازاڕی کۆنی شەنگال ڕێپێوانمان ئەنجامدا، گەنجەکانمان جلی ڕەشیان وەک سیمبول لەبەرکرد و قۆڵیان زنجیر کرد، چونکە ئەوانیش بەو شێوەیەیان لە کچەکانمان کرد و بردیانن.

 

هەروەها وتیشی: دوای ٧ ساڵ هێشتا کۆمەڵکوژی خەڵکی شەنگال پەسەند نەکراوە، ئێمەی ئێزدی لەسەر ئەم خاکە مافمان هەیە، هەندێک وڵات جینۆسایدی ئێزدییان پەسەند کرد، بەڵام هەر ئەو وڵاتانە ڕێگە بە ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم دەدەن، هەروەها وتیشی: ئێمە بە تێکۆشانی خۆمان لە هەموو شوێنێک جینۆسایدی سەر ئێزدییەکان بە پەسەند کردن دەدەین، چونکە فەرمانەکە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە جێبەجێ کرا.

 

لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا وتەبێژی تاژێ، سەبیحە سەبری، بەیاننامەیەکی خوێندەوە و تێیدا ئاماژەی بە کۆمەڵکوژییەکەدا و بەڵێنی بەردەوامی تێکۆشانیان دا.

ت.پ