کەزییەی ژنی کورد ناسنامەی نیشتیمانە
شەن سدیق - میدیاکار
لە ترسی ناسنامەمان پەنا بۆ سڕینەوەی هەموو شتێکمان دەبەن، ترسێک تا بینەقاقای دووژمن دەڕوات، تا ئاستێکی دەبات، لەبیریان دەچێتەوە کە مرۆڤن، لەبیریان دەچێتەوە کە دینی ئیسلام دژی کردەوەکانییانە.
لەبیریان دەچێیتەوە کاتێک بە ناوی پۆلیسی ئەخلاقەوە، پەنا بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردبوونمان دەدەرێت، هەزاران ژینا لەدایک دەبن، کەزییەی ژنی کورد تەنیا هێمای ژنێتی و جوانی نەبووە، بەڵکوو سەرچاوەی هێزی شۆڕش بووە.
کەزییەی ژنی کورد بەرخۆدانی نیشتیمانێکە، نەیارەکانمان لێی تۆقیون، لە ڕۆژهەڵات کەزییەمان دەبێت بە ڕەمزی ئازادیی، لە ڕۆژ ئاوا شۆڕشی بەرخۆدان، لە باشوور دەبێت بە فەرهەنگی ناسنامەمان، لە باکور دەبێت بە هێزی یەکگرتن، ئێمە بە ئازارەکانیشمان جوانی دەخولقێنین.
لەترۆپکی ئازاردا لە لە دایک بوونەوەیەکی نوێ لەدایک دەبینەوە، لە ساتی ئازاردا هونەر و شۆڕش و ئازادیی و هێز دەخولقێنین، ئێمە نەوەی شۆڕشین، باوکمان ناوی شۆڕش و دایکمان ناوی ئازادیی، نیشتیمانیش ناوی بەرخۆدانە.
هەمیشە بۆ سڕینەوەمان پەنا بۆ هەموو شتێک براوە، کاتێک کەزییەی شەڕڤانێک بە دەستی چەتەیەکەوە دەبینرێت، ئەوە تەنیا پرچێکی ئاسایی نییە و تەنیا وەک پرچێکی ئاسایی سەیریان نەکردووە، بەڵکو بۆنی نیشتیمان کاسی کردووە، بۆنی ئەم خاکە پەرۆش و دێوانەی کردووە، وەک ئەهریمەن بەربوونە دڵی ئەم خاکە بوێرە، سیخناخ بوون بە کەزییەی نیشتیمان، ئیدی هیچ ڕێگەیەک نییە تا خۆی لەو بۆنە دەرباز کات، کاتێک ناسنامە و بوونی کوردێک بەر هەناسەی نەیاران دەکەوێت، پەنا بۆ بە ئەهریمەن بوونی خۆیان دەبەن، ئەوان نازانن، بە بڕینی هەر تاڵێک لە کەزییەی ژنێکی کورد، هەزاران دەنگ چێ دەبێت، هەزاران شۆڕش لەدایک دەبن.
ژینا لە ڕۆژ هەڵات شەهیدکرا
کەزییەی شەڕڤان لە ڕۆژ ئاوا بڕدرا
بەرخۆدانی لە کوردستان لەدایک بوو