کەژەکە: لە هەموو شوێنێك ٤ی نیسان پیرۆز بکەن
کەژەکە لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی پیرۆز کرد و وتی: بانگەواز لە گەلەکەمان لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات و هەمووان دەکەین، لە هەموو جێیەک ٤ـی نیسان لەسەر بناغەی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز بکەن.

ناوەندی هەواڵ
کۆردیناسیۆنی کەژەکە لە پەیامێکدا، ٤ی نیسان ٧٦ەمین ساڵڕۆژی لە دایکبوونی ڕێبەری گەلی كورد عەبدوڵا ئۆجالانی پیرۆز کردو ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت ژنان و گەنجان بەرەو زێدی ڕێبەر ئاپۆ ڕێپێوان بکەن، ژیانەوە و ڕزگاری پێکەوە گرێبدەن.
پەیامەکەی کەژەکە بەم شێوەیەیە؛
پێویستە لە چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات لەسەر بناغەی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ٤ـی نیسان پیرۆز بکرێت، ٤ـی نیسان، ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین و بە خۆشەویستی و ڕێزەوە سڵاوی لێ دەکەین، لەبەردەم یادی هاوڕێ مەعسوم کارائۆغلان و موستەفا داغ بەڕێزەوە سەری ڕێز دادەنەوێنین کە لە چالاکییەکانی ٤ـی نیساندا شەهیدبوون و بەڵێن دەدەین یادی ئەوان بە سەرکەوتن زیندوو ڕابگرین، سڵاو لە چالاکییە واتادارەکەی گەنجان دەکەین کە ١ـی نیسان بەرەو ئامارا ڕێپێوانی ئازادییان دەستپێکرد.
بەگوێرەی نەریتی دێرینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەرکەس بەها مەزن بە کۆمەڵگە ببەخشێت، ئەوا ڕاستییەکی پیرۆزە، ئەمە ئاهەنگێکە کە لەنێو دڵی کۆمەڵگەدا بە دڵخوازیی پیرۆز دەکرێت، ڕۆژبوونی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە ـی نیسان، خاوەن واتایەکی لەم جۆرەیە، ڕۆژبوونی ٤ـی نیسان، لەدایکبوونە لەنێو سەردەم و جوگرافیایەکی هەمەچەشندا، کاتێک ڕێبەر ئاپۆ لە ٤ـی نیسان لە گوندی ئامارا لەدایک بوو، کوردستان لە ناو سیاسەتەکانی قڕکردنی بێبەزەییانەی سەدەی بیستەمدا بوو، نکۆڵی لێ دەکرا و کەوتبووە ڕەوشێکەوە کە نەدەناسرا.
ئەم ناکۆکییە و گەورەبوون لەسەر دەستی دایکە عوێش، وایکرد کە ڕێبەر ئاپۆ لەدایکبوونی دووەمین و سێیەمینیش بەدی بهێنێت، یەکەمین ڕۆژبوون، لەدایکبوونی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و ئامادەکاریی بوو بۆ لەدایکبوونەکانی تر، لەدایکبوونەکانی دووەم و سێیەم ئەو لەدایکبوونانە بوون کە بە ئیرادەی خۆی بەدیهاتن.
لەدایکبوونی دووەم، لەدایکبوونی پەکەکەیە
لەدایکبوونی دووەم، دامەزراندنی پەکەکەیە، پەکەکە، سەرلەنوێ ئافراندنی کوردانە بەشێوەیەکی ئازاد و یەکسان و دادپەروەرانە و پڕ لە عەشق و شکۆ، یەکبوونی کوردێتی و سۆسیالیزمە، یەکێتیی گەلانە، بێداربوونەوەی عاشقانەی ژنانە، ئەو گەلەی گەیشتبووە ئاستی خۆنکۆڵیکردن و خۆبەدەستەوەدان، ئیتر ناسنامەی خۆی دەپاراست و ڕوویکردە ژیانەوە و ڕابوون.
ئەو گەلەی لەبەردەم مردندا بوو، پێی دەوترا “کۆتایی هات”، بەرامبەر دوژمن وەستایەوە، بەم لەدایکبوونە کورد و ژن فێری ڕێکخستن و تێکۆشان بۆ ناسنامەی خۆیان بوون، ڕوویانکردە ئازادیی و یەکسانی، لە جوگرافیای سەخت و پاکی چیاکاندا، پەکەکە وەک هەنگ و بە نزیکایەتیی گەریلایانە دەستی بە تێکۆشانێکی مەزن کرد بۆ ئافراندنی حەقیقەتی کۆمەڵگە و مرۆڤی پاک، بە هۆشیاری هاوڕێتی و دۆستایەتی و هەڤاڵێتی، دیسانەوە بەشێوەیەکی بەهێز ڕەگی داکوتا، ڕەنجی بیست ساڵەی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەیان هەزار شەهید، ڕابوون و ڕاپەڕینی سەدان هەزار مرۆڤ، بەشداری پۆل بە پۆلی ژنان، ڕەنجی هەزاران گەریلا لە هەر بستێکی چیاکاندا، ڕێگەی بۆ لەدایکبوونی سێیەم کردەوە.
پاش پیلانگێڕیی ١٥ـی شوباتی ١٩٩٩، گۆڕینی پارادایم بوو بە لەدایکبوونەوەی سێیەم، پرسیاری “هۆشیاری و ئیرادە و ناسنامەی کورد کە ئیدی ڕۆشن بووەتەوە، دەبێت بە چ سیستەمێکی ژیانی پێناسە بکرێت؟” وەک حەقیقەتی کۆمەڵگە، حەقیقەتی ژن وەڵامی ئەم پرسیارە درایەوە، ئەمەش بۆ گەلان و ژنان، پێشکەوتنێکی شۆڕشگێڕیی مەزنە، بۆ مرۆڤایەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان، تێپەڕین لە ئاستی لۆکاڵەوە بۆ گڵۆباڵ، بووە ورە و هەنگاو و هیوایەکی مەزن بۆ ژنان.
دڵۆپی لەدایکبوونی یەکەم لەگەڵ دامەزراندنی پەکەکە گۆڕا بۆ دەریایەک، بە لەدایکبوونی سێیەم لە ئیمراڵی بەرەو ئۆقیانووسبوون چوو، لەدایکبوونی سێیەم هێندەی تر نزیکی کردەوە لە گەردوونیبوون و حەقیقەت، وەک درێژەی ئەم پرۆسەیە، بانگەوازی ٢٧ـی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ بووە تاجدارکردن و مانیفێستۆی لەدایکبوونی سێیەم.
٤ـی نیسانی ئەمساڵ، یادی ٧٦ ساڵەی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ، بۆ کوردستان، تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت بۆ ژنان، بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئاشتی، گرنگییەکی گەورەی هەیە، پێوەرە سەرەکییەکانی جێبەجێکردنی ئەم مانیفێستە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و دیموکراتیککردنی سیاسەت و ئافراندنی بناغەیەکی یاساییە، بۆیە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٥ بە مانای بڵندکردنەوەی تێکۆشان دێت بۆ ئازادیی ڕەهای ڕێبەر ئاپۆ کە تەمەنی گەیشتووەتە ٧٦ ساڵ، ئەمە بەرپرسیارێتی و ئەرکی ئێمەیە بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ، کە ڕۆژبوونی خۆی کردە ڕۆژبوونی ئێمە.
بانگ لەهەموو گەنجان دەکەین ڕووبکەنە ئامارا
لەسەر ئەم بناغەیە بانگەواز لە ژنان و گەنجان و گەلی وڵاتپارێزمان و دۆستانمان و منداڵان دەکەین ڕووبکەنە زێدی یەکەم ژیانەوە لە ئامارا، ئەمساڵ لە ٤ـی نیساندا یەکەمین و سێیەمین ڕۆژبوون دەکەینە یەک، هێزی ڕێبەر ئاپۆ و هێزی گەلان و ژنان و گەنجان و منداڵان دەکەینە یەک، خاکی دێرینی ئامارا دەکەینە سیمبولی ئاشتی و بەرهەمداری و ڕۆژبوونی ئازادی، دەبێت ژنان و گەنجان و منداڵان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا لە زێدی ڕێبەر ئاپۆ بەرەو ئازادی هەنگاو بنێن و ژیانەوە و ڕزگاری پێکەوە گرێبدەن.
بانگەواز لە گەلەکەمان لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەین، بەتایبەت بانگەواز لە ژنان و گەنجان و منداڵان و دۆستەکانمان دەکەین، لە هەموو جێیەک ٤ـی نیسان لەسەر بناغەی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز بکەن، لە هەموو جێیەک گوڵ و نەمام بچێنن، هەر دارێک ئەمساڵ دەچێنرێت، دەبێت بە داوای داری ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بچێنرێت، کوردستان و سرووشت بەم هەنگاوە سەوزپۆش بکرێت.
لەدایکبوونەوەی سێیەم لە ئیمراڵی هاتەدی، لەڕووی فیکرییەوە ئیمراڵی تێپەڕاند، ئێستە کاتی ئەوەیە لەڕووی جەستەیشەوە ئیمراڵی تێپەڕێنێت، کاتی لەدایکبوونی نوێیە، کاتی لەدایکبوونی ئازادییەم کاتی ئەوەیە بە لەدایکبوونەوەی سێیەمی ڕێبەر ئاپۆ، ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بئافرێنرێت، لەسەر ئەم بناغەیە، دیسانەوە ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین”.