کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان گردبوونەوە
ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبوونەوە بۆ پشتگیریکردن لەو گەنجە ڕۆژهەڵاتییەی دوو ڕۆژ پێش ئێستا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، ئالۆزیش لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران دروستبوو.
ناوەندی هەواڵ
پاش خۆسووتاندنی گەنجێک لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر لە ڕۆژی ١٨ی ئایاردا، ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی ڕۆهەڵاتی کوردستان لە باشوری کوردستان لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان گردبوونەوە و گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان و پاسەوانانی بارەگاکەدا دروستبوو.
هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ داواکردنی مافەکانیان گردبوونەوە و پاش ئەوەی ویستیان بچنە ناو بارەگاکەوە لە لایەن ئاسایشەوە ڕێگریان لێکرا و لێیان درا کە لە ناویاندا ژنی تێدابوو.
خۆپیشاندەران بە دروشمی "وەرنە دەرێ، مافمان دەوێ" داوا لە بەرپرسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن بەدەم داواکارییەکانیانەوە بێن، بەڵام هیچ بەرپرس و لایەنێک ئامادە نەبووە بچنە بەردەم خۆپیشاندەران.

ژیان و دۆخی ئابوری پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو کامپەکانی باشوری کوردستاندا لە ئاستێکی خراپدایە، چەندین جار پەنابەران لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان گردبوونەتەوە و داوای فەرمیان داوە بە ڕێکخراوەکە تا کێشەکانیان چارەسەر بکرێت، بەڵام تا ئیستا هیچ وەڵامیان نەدراوەتەوە، سەرەتاییترین ماف کە هەبوونی ناسنامە و چوونە دەرەوەیانە لە کامپەکان، ئەو پەنابەرانە نییانە.
دوو ڕۆژ پێش ئێستاش دوو گەنج لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکاندا دوای ئەوەی چوونەتە بارەگا و داوای مافەکانیان کردووە، وتویانە خۆمان دەسوتێنین، پێیان وتوون بچن لە دووری بارەگاکەی ئێمە خۆتان بسوتێنن، گردبوونەوەی ئەمڕۆش بۆ نارەزایەتی نیشاندان لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستە و داواکردنی مافەکانیان بوو.
ت.پ