کرێکارانی بیانی دەستدرێژییان دەکرێتە سەر
چوار ژنی کرێکاری بیانی دەستدرێژیان دەکرێتە سەر و ڕێکخراوی داکۆکی لە کرێکارانی بیانیش تا ئێستا سکاڵایان بەرامبەر کەس تۆمار نەکردووە.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی داکۆکی لە کرێکارانی بیانی ڕایگەیاند لە هەفتەی ڕابردوودا چوار ژنی کرێکاری بیانی وڵاتانی غانا، تانزانیا و نیپاڵ لە هەرێمی کوردستان دەستدرێژییان کراوەتە سەر، دووانیشیان دوو گیان بوون، کە دواتر قەرەبووی ماددی کراونەتەوە و گەڕێندراونەتە وڵاتەکەی خۆیان.
بەڕێوەبەری ڕێکخراوی داکۆکی لە کرێکارانی بیانی محەمەد هەژار لای خۆشیەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، ڕێکخراوە لەسەر ئەو چوار کەیسە هیچ سکاڵایەکیان تۆمار نەکردووە، لەبەر ئەوەی پێیان وایە دادگاکان لە ئاستی پێویستدا نین و هاوکارییان نابن.
محەمەد هەژار بە ئاژانسی ژنهای ڕاگەیاند، رۆژی پێنج شەممە ژنە کرێکارێکی بیانی خەڵکی نیپاڵ بە هۆی تووشبوونی بە نەخۆشی کۆرۆنا کۆچی دوایکرد، بڕیارە دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی داواکاری گشتی بە خاک بسپێردرێت.
تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢٩ هەزار کرێکاری بیانی هەیە، ٣٠٪ کرێکارەکانیش ژنن، کاری پاککردنەوەی ماڵەکان دەکەن و ژیانی ئەو کرێکارانە پاریزراو نییە، بە پێی ئەو حاڵەتانەشی لە هەفتەی ڕابردوو تۆمار کراون، ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی کرێکاران نەیانتوانیوە مافی کرێکارانی بیانی بپاریزن.
ت.پ