فەرمانبەرانی گرێبەست جارێکی دیکە گردبوونەوە
فەرمانبەرانی گرێبەست دژی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان لە بەردەم نوسینگەی پەرلەمان گردبوونەوە و داوای بە هەمیشەیی بوونیان دەکەن.
فەرمانبەرانی گرێبەست دژی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان لە بەردەم نوسینگەی پەرلەمان گردبوونەوە و داوای بە هەمیشەیی بوونیان دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ فەرمانبەرانی گرێبەست لە بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی گردبوونەوە و داواکارییەکانیان لە بەیاننامەیەکدا ئاڕاستەی سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و لیژنە تایبەتەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد.
بەیاننامەکە لە لایەن کوێستان کەمال، نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست خوێندرایەوە، کە چەند داوایەکی تێدابوو، ئەوانیش جێکردنەوەی بە هەمیشەیی بوونی فەرمانبەرانی گرێبەست لە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ی هەرێمی کوردستان، سەرجەم فراکسیۆنەکان بە بێ ئینتیمانی حزبی پشتیوانی بە هەمیشەیی بوونیان بکەن، و تا دەکرێنە هەمیشەیی هیچ جۆرە لێبڕینێکی مووچە نەیانگرێتەوە.
ئەو نوێنەرەی فەرمانبەرانی گرێبەست ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە هەرچەندە نوسینگەی پەرلەمانیان ئاگادار کردووەتەوە بەڵام جگە لە گوڵستان محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان هیچ پەرلەمانتارێک ئامادە نەبووە.
گوڵستان محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان داواکاری فەرمانبەرانی گرێبەستی بە داوایەکی ڕەوا زانی، بە ئەرکی حکومەتیشی دەزانێت کە داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات، لە کاتێکدا بە دامەزرانیشیان بەشێک لە مووچە دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت.
باخان جەمال یەکێکە لە فەرمانبەرانە گرێبەستەکان ماوەی پێنج ساڵە بە گرێبەست کار دەکات، باسی لەوە کرد کە ئەوان تەنیا داوای مافەکانیان دەکەن، هیوادارن داواکانیان جێبەجێ بکرێت.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢٤ هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەیە، تا ئێستاش چەند جارێک داوای بە هەمیشەیی بوونیان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەداونەتەوە، لە کاتێکدا بەپێی ڕێنماییەکان دوای سێ ساڵ لە کارکردن دەبێت هەر فەرمانبەرێکی گرێبەست بکرێت بە هەمیشەیی.
ت.پ