کەمپینی یەکڕیزی ژنان: پێویستە دەسەڵاتداران لە سەر بەر تەسککردنەوەی ئازادی ژنان بێنە دەنگ

بەهۆی بێسەروشوێن بوونی سێ ئەندامی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و دەستگیرکردنیان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، کەمپەینی یەکڕیزی ژنان داوای ئازادکردن و هەڵوێستی ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەن لە پێناو بەدەستخستنی مافی ژنان.

بە هۆی بێسەروشوێن بوونی سێ ئەندامی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و دەستگیرکردنیان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، کەمپەینی یەکڕیزی ژنان داوای ئازادکردن و هەڵوێستی ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەن لە پێناو بەدەستخستنی مافی ژنان.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ کەمپینی یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری کۆبوونەوە و بەیاننامەیەکی تایبەتییان ئاڕاستەی دەسەڵاتداران کرد، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەریەک لە کێشەکانی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا، بەردەوامبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان و کۆتا باسیان کپکردنی دەنگی ئازادی ژنان بوو.

 

دوابەدوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بەیاننامەیەک لەلایەن فەوزیە عەبدول کەریم، ئەندامی کەمپەینی یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری، درا و ڕایگەیاند: وەک کەمپەینی یەکڕیزی ژنان ناڕەزایی دەردەبڕین بەرامبەر بە دەستگیرکردنی سێ ژنە چالاکوانی ئەندام لە ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، کە کاردەکەن لە پێناو ئازادی ژنان و ماوەی ١٠ ڕۆژە لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکراون و بێسەروشوێنن.

 

وەک فەوزیە ئاماژەی پێدا لە یادی حەوتەمین ساڵیادی جینۆسایدی گەلی شەنگال ئەندامانی ڕژاک وەک هەموو ڕێکخراوەکانی دیکە بەشداریان لەو مەراسیمەدا کرد، کە ئامانج لێی پاڵپشتی کردنی ئێزیدییەکان و گەلی شەنگال بووە، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیاندا و لە بەرواری ٥ی ئاب لەلایەن یەکێک لە بازگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستگیر کران.

ئەوەشی خستە ڕوو زیان لێکەوتووی یەکەم لەو جینۆسایدەدا ژنان بوون، بەوەی چەندین ژنیان فرۆشت وەک کاڵایەک مامەڵەیان پێوە دەکردن، هەر بۆیە بە پێویستی دەزانێت بەرامبەر بەو ڕێگریکردنە ژنان و ڕێکخراوەکانی ژنان هەڵوێستیان هەبێت و چیدیکە ڕێگە نەدەن دەنگی ژنانی ئازاد کپ بکرێت.

 

دەشڵێت "تا ئەوکاتەی هەواڵی ئەو سێ ژنە چالاکوانە نەزانین ئێمە ناوەستین،لە نەبوونی هەر هەواڵێکیان، چالاکی و هەڵوێستی مەدەنیمان دەبێت"، داواشیان لە لایەنەکانی دەسەڵات کرد بێنە سەر خەت و دەنگیان هەبێت، بەدواداچوون بکەن و بوەستنەوە بەرامبەر بەو ستەمەی پەدەکە دەیکات بەرامبەر بە ژنانی ئازادی کوردستان.

 

 

کەمپەینی یەکڕیزیژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری، لە بەرواری ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ دامەزراوە و لە ژمارەیەک ڕێکخراوی جیاجیا کە ژمارەیان دەگاتە ١٥ بۆ ٢٠ ڕێکخراو پێکهاتووە، کاردەکەن لەپێناو هەبوونی کوردستانێکی ئازاد و تایبەتتر ئازادی بۆ ژنان.

ت.پ