هێرش بۆ سەر ئەکاونتەکانیان ژنانی چالاکوانی هێناوەتە دەنگ، داوای هەڵوێست لە وەزارەتی ناوخۆ دەکەن

بەهۆی ئەو هێرشەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کراوەتە سەر ژنانی چالاکوان، هاوپەیمانی ژنانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا داوا دەکەن، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە هەڕەشە و هاککردنی ئەکاونتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەهەند وەربگیرێت، ئەو کەسانە بدۆزنەوە و بە پێی یاسا سزابدرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

نزیکەی هەفتەیەک دەبێت، ژنانی چالاکوان کەوتوونەتە بەر هێرشی ژمارەیەک هاککەر، کە پەڕەی فەرمییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت فەیسبووک هاک دەکرێت، لەوانە دڵسۆز زەنگەنە، سەرۆکی ڕێکخراوی دابین، هودا زەنگەنە، چالاکوان، بەهرە حەمە ڕەشید، چالاکوان، لەنجە عەبدوڵا، چالاکوان و چەندین ژنی دیکە.

 

بەهۆی ئەم هێرشەی کە کراوەتە سەر ژنان، هاوپەیمانی ژنانی کوردستان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەووە، تێیدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، ئەگەرچی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە مینبەرێک بۆ ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان تا هۆشیاری بڵاوبکەنەوە، بەڵام ئێستا لەلایەن "گروپێک کەسەوە کە چاویان بە توانا و پێشکەوتنی ژنان هەڵنایەت و دەیانەوێت ژنان بگەڕێنەوە بۆ چوار دیواری ماڵ" ئەم هێرشە ئەنجام دەدەرێت.

 

ئەو هێرشانەی کە ئەنجام دەدرێن، خۆی دەبینێتەوە لە هاککردنی ئینستاگرام، فەیسبووک و ئیمێڵ، دروستکردنی پەڕەی ساختە بە ناوی چالاکوانانەوە و نامە ناردن بۆ خەڵک، ناردنی نامە و هەڕەشە لەلایەن ئەو ژمارانەی لە کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردنەوە تۆمار نەکراون، هاککردنی ئەو زووم و چالاکیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام دەدرێت، هەروەها دروستکردنی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاو بۆ ژنان و بڵاوکردنەوەیان.

 

لەبەر ئەوە ئەو هاوپەیمانییەتییە داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە ئەم هێرشە بەهەند وەربگرن، لە ڕێگای تیمە شارەزاکانیانەوە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو گروپانە بدەن، سیمکارتی بێ مۆڵەت قەدەغە بکرێت، هەروەها کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردنیش وەڵامی دادگاکان بدەنەوە و زانیارییەکان بۆ دادگا بنێرن، وەزارەتی ناوخۆ تیمێک لە کەسانی پسپۆڕ بەو بوارە لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان دابنێن.

 

هاوپەیمانی ڕێکخراوەکانی کوردستان پێکهاتوون لە ١٥ ڕێکخراو و پێنج چالاکوانی بواری ژنان.

ت.پ