سیستمی سەرمایەداری بە چەندین شێواز هۆکارە لە زیادبوونی مردنی دایکان
ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین مەترسی بۆ سەر ژیانی دایکان هەیە لە کاتی منداڵبوون، بەهۆی ڕێژەی بەرزی تێچووەکانی چاودێری دووگیانی و پاشان منداڵبوون کە لە نێو خێزانە هەژارەکان ئاستەنگی بەرچاوی دروستکردووە.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی زانیارییە نوێیەکانی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، کە ڕێژەی مردنی دایکان بەڕێژەی ٤٠٪ بەرزبووەتەوە لەدوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.
لە ساڵی ٢٠٢١ لە هەر ١٠٠ هەزار منداڵی لەدایکبوو لە ئەمریکا ٣٣ ژن گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٢٣ژن گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بۆ ژنانی ڕەشپێست ئەو ڕێژەیە زیاتر لە دوو هێندە بووە و ئەگەری مردنیان نزیکەی سێ هێندە زیاتر بووە لە ژنانی سپیپێست.
بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکە، ڕێژەی مردنی دایکان لە ئەمریکا دوو هێندە زیاتر بووە لە بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا، و سێ هێندە زیاترە لە ئیسپانیا، ئیتاڵیا، یابان و چەند وڵاتێکی دیکە، بە پێی ئامارەکام ئەم ڕێژەیە بەردەوام لە ئەمریکا لەدوای ساڵی ٢٠٠٠ەوە زیادی کردووە و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناش ڕەوشەکەی سەختتر کرد بۆ ژنانی دووگیان، بەڵام تێکڕای ڕێژەی مردنی دایکان لە نێوان ٣٧ وڵاتی دیکەدا کە لە داتاکاندا بەشدارن لە هەمان ماوەی کاتدا دابەزیووە.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردنی دایکان لە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢١دا لە ئەنجامی کۆبوونەوەی چەندین هۆکاربووە وەک، بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کە پەتایەکی کوشندەی جیهانی بوو، نایەکسانی ڕەگەزی و بەرزی تێچووی بیمەی تەندروستی، سیستمی ئەمریکا بۆ ژنانی دووگیان لە نێوان کەسانی هەژار و دەوڵەمەند جیاوازییەکی بەرچاوی دروستتکردووە، ستانداردی چاودێری کردنی ژنانی دووگیان کە سەرچاوەیەکی داهاتی کەمیان هەیە وەک پێویست نیە و گرنگیان پێنادرێت.
لە وڵاتانی دیکەی بەریتانیا و ئەوروپا، تێچووی منداڵبوون بەخۆڕاییە، بە بەراورد بە تێچووی هەزاران دۆلار لە ئەمریکا، تەنانەت لەنێو ئەو کەسانەی کە بیمەیان هەیە، تێچووەکانی دیکەی وەک پشکنینی دووگیانی و چاودێری دوای لەدایکبوون دووبارە سەختی بۆ خێزانەکان درووستکردووە.
بەرزی تێچووی چاودێری تەندروستی، ڕێژەی مردنی دایکانی لە ئەمریکا بۆ ساڵانێک بە بەرزی هێشتووەتەوە، هەروەها ژنانی دووگیان ئەگەری تووشبوونیان بە کۆڤید-١٩و تووشبوونیان بە نەخۆشی دیکەی سەخت زیاترە، لە هەمان کاتدا ئەو مەترسییە بۆ ئەو ژنانەی دووگیانبوون لەگەڵ نەخۆشییەکانی دیکەی وەک قەڵەوی و شەکرە، ئەگەری زیاتریان هەبووە تووشی ئاڵۆزییەکانی دووگیانی ببن، لەنێویاندا مردن.
-
ئەمریکییە ڕەشپێستەکان بە شێوەیەکی ناڕێژەیی زۆرترین ڕێژەی قەڵەوی یان کێشی زیادەیان هەیە لە ئەمریکا، و ئەگەری تووشبوونیان بە بەرزی فشاری خوێن بە ڕێژەی ٢٠٪ زیاترە، بەڵام ڕێژەی ڕەشپێستە ئەمریکییە بێ بیمەییەکان دوو لەسەر سێی ئەمریکییە سپی پێستەکان زیاترە ئەمانەش بەیەکەوە هۆکاری ڕێژەی بەرزتری مردنی ژنانی ڕەشپێستە لە ئەمریکا، کە بەشێوەیەکی گشتی لە کاتی دووگیانی یان لە ماوەی ٤٢ ڕۆژدا لە کۆتایی دووگیانی ڕوودەدات.
زۆرینەی مردنی دایکان دوای ماوەیەکی کەم لە منداڵبوون ڕوودەدەن، کاتێک زۆرێک لە ژنان ناچار دەبن بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و ناتوانن بەردەوام بن لە وەرگرتنی چاودێری دوای منداڵبوون، بە تایبەتی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا زۆرجار لە کارە کەم داهاتەکاندا دامەزراون کە بیمەی تەندروستیان نیە و کەمترین کات پشوو بۆ مۆڵەتی منداڵبوون وەردەگرن.
ئەمەش هەندێک لەو دەرئەنجامە خراپ و نایەکسانیانەی سیستمی سەرمایەداری و دەسەڵاتدارییە کە دەیبینین، هەموویان بەشێکن لە وێنەی گەورەتری جیاوازییە تەندروستییەکان و لە کۆتایشدا بە بەرزترین ڕێژە ژنان تیایدا دەبنە قوربانی.