هێرشەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامی هەیە
هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چەند شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەوانە تاران، قوم، تەبرێز و کرماشان و هەروەها بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بیناکانی نیشتەجێبوون، بەردەوامی هەیەو زیانێکی بەرچاوی مرۆیی و ماددی لێکەوتووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ
دوابەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شارەکانی ڕۆهەڵاتی کوردستان و ئێران لەوانە تاران، قوم، تەبرێز و قەسری شیرین، ڕۆژی ١٣ی حوزەیران، فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و شوێنە مووشەکییەکان و ڕادارەکان و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردە ئامانج، دەیان کەس کوژران و زیاتر لە ٤٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئێران و ئیسرائیل بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕی مووشەکی و هێرشی ئاسمانی، بەرەبەیانی ڕۆژی ١٤ی حوزەیران، ئیسرائیل گەورەترین هێرشی خۆی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی کە ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران، ٧٨ کەس کوژراون و ٣٢٩ کەسی دیکەش برینداربوون، هاوکات سەرچاوە ناوخۆییەکان ژمارەی ڕاستەقینەی کوژراوان بە زیاتر مەزەندە دەکەن، هەروەها هێرشەکان ماڵی فەرماندەکانی سوپای پاسداران و زانایانی ئەتۆمی و چەندین دامەزراوەی هەستیاری تارانیان کردە ئامانج، زیانی گیانی و زیانی ماددی بەرچاویان لێکەوتەوە، ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، زیاتر لە ٢٠ فەرماندەی سوپای پاسدارانیان کردووەتە ئامانج.
هەروەها لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازی و فەرماندەی سوپای پاسداران کوژران، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لەو هێرشانەدا محەمەد باقری، پێشەنگیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان، حوسێن سەلامی، عەلی شەمخانی، محەمەد مێهدی تارانچی، فەریدون عەباسی، عید حەمید مەنوشهر، ئەحمەد ڕەزا زولفەقاری و چەند کەسێکی دیکە کوژراون.
سەرچاوە خۆجێییە ئاگادارەکان باسیان لەوە کردووە کە دوابەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شارە جۆربەجۆرەکانی ئێران و هەڵدانی مووشەکەکانی ئێران، بەشێک لە دانیشتوانی قەسری شیرین و کرماشان ماڵ و حاڵی خۆیان چۆڵ کردووە و پەنایان بردووەتە شار و گوندەکانی دراوسێ بۆ ئەوەی لە شەپۆلی هێرشەکان دووربکەونەوە، هاوکات هاو
وڵاتییان بەمەبەستی کڕینی پێداویستیەکانیان پەلەیان کردووە بۆ فرۆشگا و دوکانەکان، بەهۆی ئەوەی نرخی خۆراک بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و هەندێک کاڵا بەردەست نەبوون.
شەوی ڕابردوو هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، لە کاتێکدا ڕۆژی ١٣ی حوزەیران زۆربەی دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج، ئێرانیش هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، بەگوێرەی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان، تاران لە ئێوارەی ڕۆژی ١٣ی حوزەیران تا بەرەبەیانی ١٤ی حوزەیران شەپۆلی هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە و بەهۆیەوە سێ کەس کوژراون و زیاتر لە ٧٠ کەسی دیکەش برینداربوون.