هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ وەستاندنی داگیرکاری بەرفراوان دەبێت

هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ وەستاندنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کە لە ١٨ی مانگدا دەستیپێکرد، بەردەوام بەرفراوانتر دەبێت، لە ئێستاشدا ٨٥٢ واژۆ کۆکراونەتەوە

.

ناوەندی هەواڵ

 

١٨ی ئەم مانگە کەمپەینی هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ دژ بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەستیپێکرد و ١١٠ ڕۆشنبیر، هونەرمەند، ڕۆژنامەنووس و کەسانی ئەکادیمی، چالاکوان و ئازادیخوازان بەشداربوون تێیدا، داوای هەڵوێستیان لەلایەن ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و عێراق کرد.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئامانج و داواکارییەکانیان بۆ هەریەک لە سكرتێری نەتەوەیەكگرتووەكان، سەرۆك ‌و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا، جێگری سەرۆك و نوێنەری باڵای یەكێتی ئەوروپا بۆ كاروباری دەرەوە، ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی ‌و سەرۆكایەتییەكانی عێراق ‌و هەرێمی كوردستان ناردوە و داوای هەڵوێستیان لێدەکەن.

 

لە هەڵمەتەکەدا باس لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناوچەکانی هەرێمی باشوری کوردستان کراوە کە دەوڵەتی تورکیا بە بیانووی هەبوونی پەکەکە هێرش دەکات، هەر لە ڕاگەیەندراوی هەڵمەتەکەدا هاتووە: دەوڵەتی تورکیا هەڵمەتێکی داگیرکاری لە دژی باشوری کوردستان دەستپێکردووە و لە ساڵی ١٩٨٣ەوە بە هەمان بیانوو دەیان ئۆپەراسیۆنی هاوشێوەی لە هەرێمەکەدا ئەنجام داوە کە تەنیا خەڵکی هەرێمی کوردستان زەرەرمەند بوون، لە ناو خاکی باشوری کوردستانیشدا ٤٧ بنکەی سەربازی دامەزراندووە و سەدان گوندی لە هەرێمەکەدا وێران کردووە.

 

هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوە بەردەوامی هەیە و تا دێت فراوانتر دەبێت، هەتا ئێستاش زیاتر لە ٧٠٢ کەس لە ڕێگای لینکەوە واژۆیان کردووە، ١٥٠ کەسایەتی دیکەش بە ڕێگای تەلەفۆن و ئیمەیلەوە واژۆکانیان ناردووە بۆ دەستەی بەڕێوەبەری هەڵمەتەکە.

 

لینکی واژۆ کۆکردنەوە: https://stop-turkish-invasion.com/ 

 

ت.پ