گەمارۆی سەر غەززە بە بێدەنگی منداڵان و ژنان دەکوژێت

دۆخی مرۆیی لە غەززە بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەرەو خراپتر دەچێت، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە ڕێگریکردن لە هاتنی هاوکارییەکان بە تەواوی بۆ ماوەی دوو مانگ، ئەمە دەبێتە هۆی کەمیی خۆراک و دەرمانی توند و زیادبوونی ژمارەی قوربانییەکان.

ناوەندی هەواڵ- لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە، هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە درێژەیان بە شەڕی کۆمەڵکوژیی سیستماتیکی خۆیان داوە، لە ئەنجامدا زیاتر لە ١٧٠ هەزار کەس کوژراون، برینداربوون کە زۆربەیان منداڵ و ژن بوون، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە ١١ هەزار کەسی بێسەروشوێن بوون.

 

ئاژانسی فریاگوزاری و کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین هەینی ٢ی ئایار هۆشداری دا کە ئەو گەمارۆیەی هێزەکانی ئیسرائیل بەسەر غەززەدا سەپاندووە، ڕۆژانە دەبێتە هۆی کوژرانی بێدەنگی زیاتری منداڵان و ژنان، جگە لەو کەسانەی کە بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانەوە دەکوژرێن.

 

کۆمیساری گشتی ئاماژەی بەوەشکردووە، منداڵان و ژنان و بەساڵاچووان لە غەززە سزای بەکۆمەڵیان بەسەردا دەسەپێنرێت، ئەمە دوای دوو مانگ بەسەر گەمارۆی دامرکاندنەوە و ڕەتکردنەوەی یارمەتییە مرۆییەکان، جەختیشی کردەوە کە دەبێت هێزەکانی ئیسرائیل گەمارۆکە هەڵبگرن، ڕێگە بە ڕۆیشتنی یارمەتییە پێویستەکان بدەن بۆ ناو کەرتی غەززە، دەڵێت "بەردەوامی ئەم دۆخە ڕۆژانە دەبێتە هۆی دروستبوونی قوربانیی بێدەنگی نوێ بەهۆی برسێتی و نەبوونی خزمەتگوزاری، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی بۆردوومانەوە کوژراون".

 

بەپێی ڕاپۆرتی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حکومەت لە غەززە، کەرتی غەززە بەهۆی بەردەوامی گەمارۆ و داخستنی دەروازەکان لە ٢ی ئازارەوە پێی ناوەتە قۆناغێکی پێشکەوتووی برسێتی، نووسینگەکە ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی هاوکارییەکان، کە یەکێکە لە ترسناکترین جۆرەکانی برسێتی سیستماتیکی کە لە جیهانی مۆدێرندا شاهیدی کراوە.

 

هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس گەیشتنە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیل، کە لە ١٩ی کانوونی دووەمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەم ئاگربەستە لە مانگی ئاداردا کۆتایی هات کاتێک هێزەکانی ئیسرائیل شەڕیان دەستپێکردەوە، دەروازەکانی کەرتی غەززەیان بە تەواوی داخست بۆ یارمەتی و سووتەمەنی، ئەمە قەیرانی مرۆیی پەرەسەندنی توندتر کرد.

 

لە کەرتی غەززە نزیکەی ٢.٤ ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی بە تەواوی پشت بە هاوکارییە مرۆییەکان دەبەستن، دوای ئەوەی شەڕی ١٩ مانگەی بەردەوام بووەتە هۆی هەژاربوون، بەپێی زانیارییەکانی بانکی نێودەوڵەتی.

 

بەهۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ٩٠%ی دانیشتوانی غەززە لە ماڵ و حاڵی خۆیان، قەیرانی مرۆیی تادێت خراپتر دەبێت، هەزاران کەس زیاتر لە جارێک ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، ئێستا لە پەناگە قەرەباڵغەکان یان لە دەرەوەی کراوەدا دەژین، ئەمە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتایەکی بێ وێنە.