ڕۆژنامەنوسانی باشووری کوردستان،” قەدەغە کردنی ڕووماڵکردنی تاوانی کوشتن لەلایەن داواکاری گشتیی چارەسەر نییە”.
لە لایەن سەنتەری میترۆ، بە ئامادەبونی ڕۆژنامەنوسانی دەزگا میدیاییەکان سیمینارێک بە ناونیشانی "ئاكارەكانی روماڵی میدیایی بۆ تاوانەكانی كوشتن، مافی زانیاری و پاراستنی كەرامەتی قوربانیان”، پێشکەشکرا.

سلێمانی_ پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆتێل ڕامادا، لە شاری سلێمانی، لە لایەن سەنتەری میترۆ، بە ئاماددەبوونی بەشێک لە ڕۆژنامەنوسان و میدیاکارانی دەزگاکانی باشووری کوردستان، بە میواداری د. سامان فەوزی، بابەتێك بۆ بەشداربووان بە ناونیشانی "ئاكارەكانی روماڵی میدیایی بۆ تاوانەكانی كوشتن، مافی زانیاری و پاراستنی كەرامەتی قوربانیان" پێشكەش کرا، پاشان لە لایەن دیاری عومەر بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، باس لە خراپی ژیری دەستکرد و ڕوماڵ نەکردنی کوشتنەکانی کرد، هەروەها باس لە زیانەکانی ڕوماڵنەکردنی کەیسەکانی کوشتن و پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی کوشتنکرا.
دیاری عومەر بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، پاش پیرۆزبای لە ڕۆژی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە تەواوی میدیاکاران، باسی لەوەکرد: لە ڕۆژی ئازادی رۆژنامەگەری لە جیهاندا ژیری دەستکرد بۆتە هۆکاری ئاستەنگی لەبەردەم ژیانی رۆژنامەنوساندا، دەڵێت: پێشکەوتنی ژیری دەستکرد لە جیهاندا کێشەی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی پەیامنێران و کارمەندانی ڕاگەیاندنەکان دروستکردووە، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ژیری دەستکرد هەبوونی هەلی کار بۆ بەسی ڕاگەیاندن بەردەوام ڕوو لە کەمبوونەوە دەکات، هەروەها هەبوونی ڕوماڵی هەواڵی نادروست کێشەیەکی دیکەی ژیری دەستکردە، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە زیانبەرکەوتووی ژیری دەستکرد، هەروەها قەدەغە کردنی ڕووماڵکردنی تاوانی کوشتن لەلایەن داواکاری گشتیی چارەسەر نییە بەڵکو دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و دەبێت لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکانەوە چارەسەر بکریت، هەروەها چەند چالاکییەکمان دەبێت بۆ ڕۆژنامەنووسان تاکو شێوازی ڕووماڵی پرسی کوشتن شارەزا بن و ئەو مافە لە ڕۆژنامەنووسان نەسەندرێتەوە.
بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ: وتیشی: لە ڕۆژی ئاسای رۆژنامەگەریدا زیندانەکانی هەرێمی کوردستان پریەتی لە ڕۆژنامەنوسانی حەق بێژ، سەرەڕای زیندانیکرنیان دادگاکان هەوڵ بۆ ئازادبوونیان نادەن، هەروەها لە ڕێگەیرۆرکردنەوە ڕۆژنامەنوسان سەرکۆنە دەکرێن، دادگاکانیش لە کاتی بڕیاداند ئاستەنگی بۆ رۆژنامەنوسان دروست دەکەن.
“ ڕۆژنامەنوسان لەبەردەم یاسای ڕوماڵنەکردنی کوشتنەکاندا دەوەستنەوە”
چاوان عەدنان، ڕۆژنامەنوس لە دەزگای میدیایی مایک، باس لەوەدەکات، ڕۆژنامەنوسان بەردەوام ڕێگرییەکانیان زیاتر دەبێت، ڕوماڵ نەکردنی کەیسەکانی کوشتن ڕێگرییەکی دیکەی بەردەم کاری رۆژنامەگەرییە، دەڵێت: ئێمەی رۆژنامەنوسان لەگەڵ قەدەغەکردنی روماڵی تاوانەکاندا نین، بۆ گواستنەوەی ڕاستییەکان لە ناوچەکەدا و ئەنجامدانی تاوانەکان بە جۆری چەکەکان و لە لایەن کێوە ئەنجام دەدرێت، پێویستی بە گواستنەوە هەیە تا تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بزانێت لە ناوچەکەدا چی دەگوزەرێت، هەروەها هەبوونی کۆڕ و سیمینارەکان بۆ میدیاکاران کارێکی گرنگە پێویستە میدیاکاران هۆشیاریان لە بارەی ئەتەکیەتی گواستنەوە و ڕوماڵکردنی کوشتنەکان و سەرجەم هەواڵەکان بکەن.
ئەو میدیاکارە، ئاماژەی بەوەدا، ڕۆژنامەنوسان و میدیاکاران ڕێگری لە بڕیاری ڕوماڵنەکردنی کەیسەکانی کوشتن بکەن، وتیشی: ئێمەی ڕۆژنامەنوسان داکۆکی لە مافەکان و سنوردار نەکردنی کارەکانامان دەکەین، ئەگەر ڕۆژنامەنوسان یەک دەنگ و یەک هەڵوێستیان هەبێت، دەتوانن بەرەنگاری ئەو ئاستەنگیانە ببن لە کاتی ڕوماڵکردن بۆیان دروستدەکرێت، پێویستە لە چوارچێوەی ئیتیکی ڕۆژنامەنوسیدا دەرنەچن بەڵام نابێت بهێڵین ڕێگری ڕوماڵکردنی کوشتنەکانمان لێ بکەن.