ڕۆژنامەگەری لە ئێران: تێکۆشانێکی بەردەوام بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور، ئێران یەکێکە لە زیندانە گەورەکانی جیهان بۆ ڕۆژنامەنووسان، ئەمساڵ لە کۆی ١٨٠ وڵات لە پلەی ١٧٦ دایە، بەمەش دەبێتە یەکێک لە خراپترین وڵاتەکان بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری.

ڤیان مێهرپەروەر
مهاباد-دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ئێران ڕووبەڕووی سنووردارکردنی توند دەبنەوە، ڕۆژنامەنووسان تەنیا بەهۆی ڕاپۆرتکردنی ڕاستییەکانەوە تووشی هەراسانکردن و دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە دەبن، ئەم ئاڵەنگاریانە بەهۆی سەرکوتکردنی بەردەوامی ژنانی ڕۆژنامەنووس، کە ڕووبەڕووی فشاری بەردەوام دەبنەوە، ئاڵۆزتر دەبن.
هەموو ساڵێک جیهان ٣ی ئایار وەک ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری بەڕێوە دەبات، ئێرانیش وەک یەکێک لە گەورەترین زیندانەکانی جیهان بۆ ڕۆژنامەنووسان لەم ڕۆژە نزیک دەبێتەوە،بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری ڕۆژنامەوانی بێسنوور، ئەمساڵ ئێران لە ڕیزبەندی ١٧٦هەمین لە کۆی ١٨٠ وڵات، بەمە ئێران لە ڕووی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە یەکێک لە خراپترین وڵاتەکانی گرتووە، ئازادی ڕۆژنامەگەری لەم بەشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە هۆکاری جۆراوجۆر کاریگەری لەسەرە و بەردەوام لە خراپبووندایە، بەتایبەتی دوای ڕاپەڕینی کۆمەڵگە لەو وڵاتەدا.
شوێنی ڕاگەیاندن لە ئێراندا بە توندی سنووردارە و سانسۆر کراوە، ساڵانێکە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەهۆی ڕووماڵکردنی بابەتەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی وەک ناڕەزایەتی و مافی ژنان و مافی کرێکاران پەراوێزخراون، سەرکوتکردنی قەزایی و ئاسایشی لە دژی ڕۆژنامەنووسان و تۆمەتەکانی وەک "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نەتەوەیی، ئامرازی باو بوون بۆ بێدەنگکردنی ڕاگەیاندنەکان بەبێ هیچ شەفافیەتێک، بەتایبەتی سەبارەت بە یاسا و ڕێسای ڕۆژنامەوانیی ئێران کە دژ بە "ئاسایشی نەتەوەیین.
دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەکانی ئێران بە وەڵام خزمەتی حکومەت دەکەن، ملکەچی یاسا سیاسییەکانی وڵاتن، تەنانەت سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات، بە دانانی میکانیزمی دەرکردنی مۆڵەتی ڕووماڵکردنی هەواڵ، بەرتەسککردنەوەی جووڵەی ڕۆژنامەنووسان (لەوانەش ڕۆژنامەنووسانی بیانی)، سانسۆری ڕاستەوخۆی ناوەڕۆک، ڕووماڵی هەواڵی سەربەخۆیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە.
کاژال حەکیمی (ناوی ساختە)، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤ، پێی وایە مەرجەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ئێراندا گرینگە، "لەم وڵاتەدا ڕاپۆرتکردنی بێلایەنانەی ڕاستییەکان بە تاوان دادەنرێت، ڕاگەیاندنە سەربەخۆکان بە کردەوە ناتوانن کاربکەن و فشارە ئابووری و ئاسایشیەکان دەنگە سەربەخۆکان بێدەنگ دەکەن.
پەستان و بەربەست دوو هێندە
ئەو فشار و هەراسانکردن و سەرکوت و ئاڵەنگاریانە کە ژنە ڕۆژنامەنووسان لە ئێران ڕووبەڕووی دەبنەوە، زیاترن لەوانەی کە پیاوان ڕووبەڕووی دەبنەوە، نەبوونی ڕاگەیاندنی ئازاد بۆ ژنان، هەراسانکردن، سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی و ڕەگەز و سەرکوتی سیستماتیکی حکومەت، بەربەستی زۆر بوون بۆ ڕۆژنامەنووسانی ژن.، شیدا ئەحمەدی (ناوی ساختە)، ڕۆژنامەنووسێک کە لە سەرەتای کارەکەیەوە ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری و هەراسان بووەتەوە و دەڵێت: کاتێک دەتەوێت وەک ژنە ڕۆژنامەنووسێکی غەیرە فارس و غەیرە شیعە لە ڕێژیمی ئێراندا کاربکەیت، بە دڵنیاییەوە لە دەزگا ڕاگەیاندنە گەورەکاندا هیچ هەلی کارێک بۆ تۆ نییە، وەک ژنێک کەمتر دەستت بە سەرچاوەی هەواڵەکان دەگات، لەوانەیە ڕووبەڕووی ڕەفتاری ژنکوژی ببیتەوە کە تەنها ئامانج لێی دوورخستنەوەی تۆیە لە مەیدانەکەدا، ئەو دووپاتی دەکاتەوە کە نەبوونی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆی تایبەت بە ژنان و سانسۆرکردنی بابەت و پرسەکانی ژنان لە چاپەمەنی ئێراندا وەک "دورینی دەمێکە کە هاواری ژنان پەخش بکات.
لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆژنامەنووسانی ژن لە ئێران ڕووبەڕووی ئاستێکی بێ وێنەی سەرکوت بوونەتەوە، لە هەندێک کاتدا ڕۆژنامەنووسانی ژن زیاتر لە ڕۆژنامەنووسانی پیاو بە هۆی ئەرکە پیشەییەکانیانەوە زیندانی کراون، بۆ نموونە ژنە ڕۆژنامەنووسانی وەک جینا مۆدارێس هاوڵاتی جۆرجیا سزای زیندانیکردنی جێبەجێکراویان وەرگرتووە ،بەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان لە ئێستادا زیندانی کراوە و ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبێتەوە بەهۆی چالاکییەکەیەوە، دەکرێ بڵێین کە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامی بە پشتبەستن بە چالاکییە ڕاگەیاندنەکانی کە لەگەڵ مافەکانی مرۆڤدا دەگونجێت، چەندین جار هەوڵیان داوە چالاکییەکانی ئەم ژنە ڕۆژنامەنووس، چالاکوانە ژنانە بە تاوان بناسێنن، لەسەر بنەمای چالاکییە ڕاگەیاندننەکان کە لەگەڵ مافی مرۆڤ و مافەکانی ژناندا دەگونجێت.
بەرخۆدانی ڕۆژنامەنووسان چینەکانی سانسۆر و سەرکوت تێدەپەڕێنێت
سەرەڕای فشارە ئاسایشیەکان، دەستبەسەرکردن، سانسۆرێکی بەربڵاو، ڕۆژنامەنووسانی ئێران بەردەوامن لە دۆزینەوەی ڕێگاکانی درێژەدان بە کارەکانیان، بەشێکی زۆریان بەناچاری ناوەکانیان نەناسێنن و سۆشیال میدیا و ڕاگەیاندنی بیانی بۆ پێدانی زانیاری سەربەخۆ بەکاردەهێنن.
ڕۆژنامەگەری هاوڵاتی و تۆڕە نافەرمیەکان توانیویانە هەواڵەکانی پەیوەست بە سانسۆر بڵاوبکرێنەوە، هەندێکیان هەوڵدەدەن لە ڕێگەی زمانی ڕەمزی، نوکتە، یان گێڕانەوەی ناڕاستەوخۆوە، لە سانسۆر بەدەرباز بن، ڕەتیدەکەینەوە ڕێگە بدەین ڕاستییەکان بڵاونەکرێنەوە تا بتوانین بە دەمی داخراوەوە "هاوار" بکەن، پێکهێنانی کامپەینی بەکۆمەڵ وەک "ڕۆژنامەگەری تاوان نییە"، لێدوانەکانی پەیوەندیدار نیشان دەدەن کە بەرخۆدانی تاکەکەسی بووەتە تەڤگەری گشتی، زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی دەربەدەر دوای جێهێشتنی ئێران بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرت لەسەر بنەمای سەرچاوە ناوخۆییەکان، هەرچەندە تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش بێبەری نین لە هەڕەشە و هەراسانکردن.