هەڵەبجە، جینۆسایدی میللەتێک لە سایەی بێدەنگی دونیا

سەدان ساڵە هەوڵی کوشتن و لەناوبردنی نەتەوەی کورد بەردەوامە و بە شێوازی جیاواز لە چوار پارچەی کوردستان دووبارە دەبێتەوە، سێ دەیە بەسەر تاوانی جینۆسایدی هەڵەبجە تێپەڕیووە.

مژدە کرماشانی

 

ناوەندی هەواڵ- هەڵەبجە یەکێکە لە شارەکانی باشووری کوردستان و نزیکەی ١٥ کیلۆمەتر لە سنووری ڕۆژهەلاتی کوردستان دوورە و نزیکە لە سنووری پاوە و مەریوان، لەدوای کیمیبارانکردنی شاری هەڵەبجە، ئەم شارە بەهۆی پیسبوونەوە شوێنی نیشتەجێبوونی نەما و لە دووری چەند کیلۆمەترێک لە شوێنی بۆردومانەکەوە هەڵەبجەیەکی نوێ دروستکرا.

 

یەکێک لە ڕووداوە پڕ ئازار و دڵتەزێنەکانی سەردەمی شەڕی عێراق و ئێران کیمیابارانی شاری هەڵەبجەیە کە تێیدا هەزاران خەڵکی کوردستان بوونە قوربانی سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعسی عێراق.

 

بۆردومانی کیمیاویی هەڵەبجە بە جینۆساید و تاوانی جەنگ دادەنرێت و پەڵەیەکی هەمیشەیی لەسەر جەستەی کۆمەڵگەی کوردی بەجێهێشتووە، ئەم ڕووداوە ترسناکە کاتێک ڕوویدا کە هەردوو حکومەتی ئێران و عێراق پرۆتۆکۆلی جنێڤیان لە ساڵی ١٩٢٥ سەبارەت بە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەکی ژەهراوی و کیمیایی واژۆ کردبوو.

 

١٦ ئادار، مێژوویەکی خوێناوی هەڵەبجە

لە ڕاستیدا ١٦ی ئاداری ساڵی ١٩٨٨ یەکێکە لە ڕۆژە دڵتەزێنەکانی نەتەوەی کورد، کە لەم ڕۆژەدا و لە هەمان کاتدا لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان عێراق و ئێران و لە کاتێکدا هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بە هاوکاری هێزە کوردییەکانی باشووری کوردستان هەڵبجەی داگیر کرد، شاری هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کیمیاباران کرا و فڕۆکە جەنگییەکان سەنتەری شارەکەیان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا زیاتر لە پێنج هەزار کەس شەهید بوون.

 

پێش بۆردومانی کیمیاوی فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بە بۆمبی ئاسایی شارەکەیان بۆردومان کرد بەجۆرێک کە پەنجەرەی ماڵەکان شکا و هەر بۆیە لە کاتی بۆردومانی کیمیاییدا گاز بە ئاسانی دەچێتە ناو ماڵەکانەوە.

 

دوای ئەوە ڕژێمی بەعس بە ٥٠ فڕۆکە کە هەریەکەیان ٤ بۆمبی کیمیاوی نیو تەنی تێدابوو، بە گشتی ٢٠٠ بۆمبی بەسەر خەڵکی هەڵەبجەدا فڕێدا، لە بۆردومانی کیمیاوی هەڵەبجەدا ٣ جۆری جیاوازی گاز بەکارهێنرا: گازی خەردەل، گازی دەمار و سیانۆجین.

 

جگە لەوەی کە لە ماوەیەکی کورتدا بۆردومانی کیمیایی شاری هەڵەبجە کاریگەری ترسناکی بەجێهێشت و بووە هۆی برینداربوون و بێسەروشوێنبوون و ئاوارەبوونی زۆرێک لە هاوڵاتیان، هەروەها کاریگەریی کۆمەڵایەتی قووڵ و فراوان و درێژخایەنی هەبووە، وێنە ئازاربەخشەکان دوای بۆردومانەکە کاریگەری لەسەر هەموو مرۆڤێک دروستدەکات، ئەو منداڵانەی کە لە باوەشی دایکیاندا گیانیان لەدەستداوە و هەزاران وێنەی تری شۆککەر کە چیرۆکی کارەساتێکی بە ئازاڕ دەگێڕنەوە، هەرچەندە کۆمەڵکوژی گەلی کورد لە هەڵەبجە ناوبانگی جیهانی بەدەستهێنا، بەڵام ئەم کۆمەڵکوژییە بەشێک بوو لە  کارەساتێکی گەورەتر کە پێی دەگوترا "ئەنفال" کە لەو ماوەیەدا زیاتر لە ١٨٢ هەزار کورد لە لایەن هێزە عێراقییەکانەوە بە زیندووی خرانە ژێر گڵ.

 

تاوانێک کە چەندین ساڵە کاریگەرییە ترسناکەکانی دیارە

دوای کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە، ژمارەی ئەو ئاوارانەی کە چوونەتە سنوورەکانی ئێران سەدان هەزار ژن و منداڵ و نەخۆش بووە، کە بەر برسێتی و سەرمایەکی زۆر کەوتبوون، ژمارەیەکی زۆریان بەهۆی سەرما و برسێتی و مینەکان لە ناوچە سنوورییەکان گیانیان لەدەستدا، لە ڕاستیدا دەرئەنجامەکانی ئەم تاوانە لە ڕۆژانی یەکەم خراپتر بوون و بۆ چەندین ساڵ بووە هۆی چەندین نەخۆشی لەناو خەڵکی شارەکەدا کە تا ئێستاش بەدەستییەوە دەناڵێنن.

 

دوای ئەم ڕووداوە حکومەتی عێراق ڕایگەیاند کە سوپای پاسدارانی ئێران لە ناو ماڵەکانی شاری هەڵەبجەدایە و هەر بۆیەش بە چەکی کیمیاوی هێرشی کردە سەر ئەم شارە، ئەو کیمیابارانە بە جینۆساید ناسراوە کە گەورەترین هێرشە بۆ سەر دانیشتوانی مەدەنی کورد، ئەم تاوانە لەلایەن تاوانبار عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە عەلی کیمیاییەوە ئەنجامدراوە، کە بە چەکی کوشندە کە پێکهاتبوو لە گازی خەردەل و گازی سیانید شارەکەی بۆردومان کرد، کوشتنی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی و ترسناکترین کارەساتی مرۆیی ئەنجامداوە لە مێژووی گەلی کورد و جیهان.

 

ئەو تاوانەی کە ژن و پیاو و بەساڵاچووان و منداڵانی کردە ئامانج و جەستەی بێ گیانی لە شەقام و کوچەی شاردا بەجێهێشت، وێنەیەکی ئازاربەخشی لە یادەوەری مرۆڤایەتیدا بەجێهێشت وێنەیەک کە نوێنەرایەتی کارەساتی میللەتێک دەکات، بێ گومان توندوتیژی و کوشتن هەر لەسەر ئاستی مردنێکی جەستەیی نیە، بەڵکو دەبێتە واقیعێکی کۆمەڵایەتی کە بە واتای بەردەوامبوونی کارەساتەکە دێت بە شێوازێکی تر.

 

لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە نەک وەک ڕووداوێک، بەڵکو وەک ژینگەیەک بۆ چاندن و گەشەکردنی سوودە مادییەکانی خۆیان دەبینن، ئەمەش بووەتە سێبەری ڕەهەندە مەعریفی و زانستییەکانی کارەساتەکەی هەڵەبجە.

 

بۆشایی میدیای کوردی و کەڵک وەرگرتن لە ڕۆژنامەنووسان و وێنە هەڵبژێردراوەکان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە وەک گێڕەرەوە و جەستەی سەرەکی ئەم ڕووداوە دادەنرێت، ئەمەش وایکردووە کورد لەبری ئەوەی کرۆکی بابەتەکە بزانێت بەرەو لاوازی مێژوویی خۆی دەبات، ئەویش پێچەوانەکردنەوەی ڕاستییەکانە.