دایکی ئاڤێستا بۆ یادی هەڵەبجە
دایکی ئاڤێستا بۆ یادی کیمیابارانی هەڵەبجە
دایکی ئاڤێستا ژنێکی ڕۆشنبیری شاری سلێمانی تەمەن ٤٦ ساڵە، لە خێزانێکی خاوەن تێکۆشان و خەباتدا گەورە بووە، لە نووسینەکانیدا ڕەوشی ژنان و دۆخی باشوری کوردستان دەهێنێتە زمان و لە شێوەی نوسین و شیعردا دەیانهۆنێتەوە، لە نووسینێکی تایبەتیدا دەربارەی مەرگەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە وەها دەنووسێت:
١٦ی ئازار، ئازاری نەبڕاوەی ئەو زامەیە کە ٣٣ ساڵ بە جەستەی دایکە کوردستانەوەیە .. هەڵەبجەش ناسنامەی ئەم گەلی کوردستانەیە کە تا ساتی کیمیابارانکردنی، گەلانی دونیا نەیاندەزانی کورد کێیە؟ کوردستان کوێیە؟
١٦ی ئازاری ١٩٨٨، ڕۆژی گیانەڵڵای پێنج هەزار ڕۆحە، کە بە دەم ئازاری سوتانەوە، بێ ئەوەی ئەم ئاگای لەوی تر بێ، بەبێ فریاکەوتن بەوەسێت، گیانیان دەدا و ڕۆحیان دەسپارد بە خاک .. هەر لەو ڕۆژەشدا ١٠ هەزار ڕۆحی بزڕکاو، بە سوتاوی و بە برینداری، چنگ لەسەرشان ڕایان دەکرد تا سنوریان بڕی بۆ ئازادکردنی ڕۆحەکانیان..
١٦ی ئازار، هەڵەبجە بە فەرمانی مەجیدەکەی سەددام، نەخوازراوانە بە بۆنی سێو عەتر پڕژێن کرا، هەتا ئێستەش بۆنی سێو بۆ هەڵەبجەییەکان ڕاچڵەکینێکە، کە دڵ لەناو سینەدا بەزۆر خۆی دەگرێت و ژمارەکانی لێدانی لێ تێکدەچێ و ئاماری خۆی لەدەست دەدات .. وانەی کیمیاش بۆ هەر خوێندکارێک لەم کوردستانەدا تێڕامانێکە، لە مێژە ناوەکەیان بیستووە و ناوەڕۆکەکەیان نەخوێندووە ..
لە کوردستان هەر کە دەوترێت (هەڵەبجە)، هەموو تاکێک وێنەی فرمێسک و سوتان و ئێشی ئازار لە هەستیدا دروست دەبێت، هەر بۆیە ئاسان نیە هەڵەبجە لە هیچ بەروار و مێژوویەکدا لە بیری تاکی کورددا بسڕدرێتەوە..
هەڵەبجە بە خەیاڵی دوژمن قڕکرا، بەڵام هەڵەبجە شەهیدێکە لە ناخ و هزری هەمووماندا بە نەمری مایەوە .. عەلی حەسەن مەجید ڕۆژی ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ی کردە ڕۆژی لەناوبردن و سڕینەوەی هەڵەبجە، بەڵام لەلای ئێمە، لەناو کورددا، ١٦ی ئازار بوو بە ڕۆژی هەڵەبجە و هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا کورد زیاتر گرد دەبنەوە و شیعر و شانەمە و بۆنەی بۆ ساز دەکا و هەمووان دڵی هەڵەبجەییەکان دەدەنەوە ..
بەڵێ .. هەڵەبجە زامە .. ڕاچڵەکینە .. مێژووە .. ناسنامەیە .. سێوە .. کیمیاییە، گیان کێشانە .. وانەیە ..
هەڵەبجە بۆ هەر تاکێکی کورد، مەدالیای بەرخۆدان و مانەوەیە ..
دایکی ئاڤێستا
١٦/٣/٢٠٢١