بە بۆنەی جەژنی نەورۆز لە سێ ناوچەدا ئاهەنگ دەگێڕدرێت

ئاهەنگی جەژنی نەورۆز لە ناوەندەکانی قەندیل، کەرکوک و گەرمیان بەڕێوەدەچێت.

ناوەندی هەواڵ
 
سەرەتای دەستپێکردنی ساڵی نوێی کوردی بە چەند بۆنە و یادێک لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان مەراسیمی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز دەکرێتەوە، بۆ ئەمساڵیش لە باشوری کوردستان لە چەند شوێنێکی جیاواز ئەو جەژنە پیرۆز دەکرێت.
 
لە باشوری کوردستان ئامادەکاری بۆ بۆنە و یادەکانی نەورۆز دەستی پێکردووە، نەورۆزی ئەمساڵ بۆ گەلی کورد جیاوازتر دەبێت، سەرکەوتنی بەرخۆدانی گارە واتای زیاتر دەدات بە نەورۆز و جۆش و خرۆشێکی زیاتر بۆ پیرۆزکردنی ئەو جەژنە هەیە.
 
بۆ پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز کۆمیتەی ئامادەکاری ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆز لە باشوری کوردستان سێ ناوەندی سەرەکییان دیاری کردووە، ٢١ی ئازار لە قەندیل، ٢٥ی ئازار لە کەرکوک و ٢٦ی ئازار لە گەرمیان ئاهەنگی تایبەت بە نەورۆز دەگێڕدرێت.
 
کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆز، بانگهێشتی تەواوی گەل، حزب و لایەن و ڕێکخراوەکان دەکات، کە بەشداریی لە ئاهەنگەکاندا بکەن و بیکەنە وەڵامێک دژی داگیرکاریی، کۆمەڵکوژیی و قڕکردن، کە دووژمن لەسەر گەلەکەمان بەڕێوەی دەبات.
 
وەک دەستپێک ڕۆژی ٢١ی ئازار لە بناری قەندیل کاتژمێر ١١:٠٠ بە دروشمی "بە ڕۆحی سەرکەوتنی گارە، نەورۆزی ئازادی پیرۆز دەکەین" ئاهەنگی جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکرێت، تێیدا هونەرمەندان شیلان عوسمان، چۆپی فەتاح و بەختیار ساڵح لەگەڵ تیپی شەهید سەرحەد لە باشوری کوردستان، ژینا سەقزی و ناسڕ ڕەزازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دیار دەرسیم لە باکوری کوردستانەوە بەشدار دەبن.
 
ت.پ