بە ڕێپێوانێکی جەماوەری چالاکییەکانی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە دەستیپێکرد

بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی سی و سێیەمین ساڵیادی کیمیاباران کردنی هەڵەبجە چەندین چالاکی ڕۆشنبیری و هونەری بەڕێوەچوو.

ژنها - هەڵەبجە
 
ئەمڕۆ بەبۆنەی ٣٣یەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە دانیشتوانی شارەکە ڕژانە سەرشەقامەکان و بە ڕێپێوانێکی جەماوەری لەبەردەم پەیکەری عومەری خاوەر بەرەو سەر مەزاری شەهیدان ڕێیان بڕی.
 
ڕێپێوانەکەدا بە بەشداری بەرپرسانی حیزبی و حکومی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هاوڵاتیانی هەڵەبجە و دوروبەری دەستیپێکرد و بە گەشتنە سەر مەزاری شەهیدانی کیمیابارامئ هەڵەبجە تاجە گوڵینەی ڕیز و وەفایان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دانا، نوخشە ناسیح وەک قایمقامی هەڵەبجە تاجە گوڵینەی لەسەر گڵکۆی شەهیدان دانا، لە وتارێکدا بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە داوای لە لایەنی بەرپرسیار کرد، بەدەم هاوڵاتیانی هەڵەبجەی شەهیدەوە بێن و هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ دۆزینەوە و سۆراغ کردنی منداڵە ونبووەکان.
 
کەسوکاری شەهیدان و ونبووانی کیمیابارانی هەڵەبجە سەردانی مەزاری شەهیدانی هەڵەبجەیان کرد و چوونە سەر گڵکۆی کەس و کاریان.
 
١٦ی ئازاری ١٩٨٨ لە ڕێگەی چەند فڕۆکەیەکی ڕژێمی بەعسەوە بە سەرپەرشتی عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە عەلی کیمیایی، کیمیابارانی شاری هەڵەبجە کرا و بەهۆیەوە ٥٠٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا، بە هەزاران کەسیش ئاوارەبوون، هەموو ساڵێک و لەم ڕۆژەدا بە مەراسیم و ڕێپیوان و چالاکی جۆراوجۆر یادی ئەم ڕۆژە دەکرێتەوە.
 
ت.پ