بۆ ئازادی ئۆجالان گردبوونەوە ئەنجامدرا

دەیان هاوڵاتی باشوری کوردستان بۆ ئازادکردن و بینینی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گردبوونەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان داوا دەکەن ڕێگە بە بینینی عەبدوڵا ئۆجالان بدرێت.

ناوەندی هەواڵ
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەبەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی بە بەشداری دەیان کەس کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان گردبوونەوەیەکیان بۆ ڕێگەدان بە پارێزەرەکان تا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بیبینن، ئەنجامدا.
 
لە گردبوونەوەکەدا بەیاننامەی کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان لەلایەن محەمەد عەبدوڵا خوێندرایەوە، تێیدا ئاماژە بۆ ئەوەکرا: دەبێت سەرجەم گەلی کورد یەکبگرێت بۆ ئازادبوونی ڕێبەر ئۆجالان، بێدەنگ نەبن بەرامبەر ئەو نادادپەروەریەی لە ئیمڕاڵیدا بەرامبەر ڕیبەر ئۆجالان بەڕێوە دەچێت.
 
هەروەها داواییان کرد، هەرچی زووترە ڕێگە بە پارێزەرانی سەدە بدرێت تا عەبدوڵا ئۆجەلان ببینن و لەو دوو دڵییەی کە بڵاوبووەتەوە دڵنیا ببنەوە و ڕاستیەکان بە میللەتی کورد بڵێن.
دواتر لەلایەن هونەرمەندی کورد ئاوارە کەرکوکی، شانۆگەرییەک بۆ یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی شەهید نمایشکرا.
 
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ٢٢ ساڵە زیندانی تاکە کەسیدا لە دوورگەی ئیمڕاڵیدا زیندان کراوە، چەند ساڵێکیشە ڕێگە بەبینینی نەدراوە، ماوەی چەند ڕۆژێکیشە دەنگۆیخراپی تەندروستی بڵاوبووەتەوە، لەبەر ئەوەشە پارێزەرانی داوای بینینی دەکەن، بەڵام تا ئێستا ڕێگە بە بینینی نەدراوە.

 

ت.پ