دایکان: بێڕێکەوت نییە لە کاتی سەردانی کازمیدا بۆردومان کراین

کاتژمێر ١٢ی ئەمڕۆ فرۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا هێرشیان کردە سە رئۆتۆمبێلێکی مەدەنی و بەهۆیەوە دوو کەس شەهید بوون و کەسێکیش بریندار بوو، دایکان لە شوێنی ڕووداوەکە باسیان لەوە کرد کە ڕێکەوت نییە لەگەڵ هاتنی کازمی بۆ شەنگال بۆردومان کراین.

شەنگال

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر ١٢:٠٠، فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە بازاڕی کۆنی ناوەندی شەنگال، هەمان ئەو شوێنەی لە ٣ی ئابی ئەمساڵدا ژنانی شەنگال بە ڕێپێوانێکی بەرفراوان و بە لەچکی سپی خوێناوی و دەستی بە زنجیر و جلی ڕەشەوە ساڵیادی ٧٤ەمین فەرمانیان کردەوە، ئۆتۆمبێلێکی مەدەنییان کردە ئامانج و بۆردومانیان کرد، بەهۆیەوە دوو کەس شەهید بوون و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.

 

فەرماندەی گشتی یەکینەی بەرخۆدانی شەنگال-یەبەشە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تییدا ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ئاسمانە هێرشی کردە سەر شەنگال، ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە موسڵ بوو،هەروەها بڕیاربوو سەردانی شەنگال بکات.

 

ئەندامانی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی مین (MAKG) کە لەو ناوچەیەدا مینەکانیان هەڵدەگرتەوە، شایەدحاڵی بۆردومانەکە بوون و ئاماژەیان بەوەداوە کە بینیویانە ئۆتۆمبێلێک هێرشی کراوەتەسەر، چەندین کەس بریندار بوون و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە، هەرزوو بە هانایانەوە چوون.

 

"لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی تل عوزێردا هێرشیان کردە سەرمان"

ئەو دایکانەی لە شوێنی ڕووداوەکە بوون، توڕەیی خۆیان دەربڕی و ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان کرد بۆ سەر خاکەکەیان.

 

شەمسە ڕەمۆ، ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی عێراق ئاگاداری کردوونەتەوە ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی شەنگال دەکات، بۆیە هاوڵاتیان هاتوونەتە ناو شار و لە چاوەڕوانیدا بوون کاتێک فڕۆکە جەنگیەکان هێرشیان کردووە، وتیشی: لە ناوەراستی ئێمەیان دا، ئێمە هەمووان کۆببوینەوە، کاتێک زانیمان هێرشیان کرد و شەهید و بریندارمان هەبوو، لە ڕۆژی ١٤ی ئابی ٢٠٠٧یشدا هێرشیان کردە سەر تل عوزێر و ئێستاش ئەو هێرشە بەردەوامی پێدەدەن، دەزانین بۆ ساڵیادی تل عوزێر ئەم هێرشەیان کرد، ئەوانەی دەڵێن ئێمە پارێزگاری لە ئێزدیی و مافەکانیان دەکەین کوان، هەموو ئەوانە درۆن و پلانی چەپەڵن، دیسان هێرشیان کردە سەرمان و منداڵەکانمانیان کوشت.

"بێ مەبەست نییە کاتی هاتنی کازمی هێرشیان کردە سەرمان"

شەمێ شەنگالی بە لاوانەوەوە باسی لە هێرشەکە کرد و وتی: دەیانەوێت کۆتایی بە ئێمە بهێنن، ئێمە کۆتاییمان نایەت، هەتا یەکێک لە ئێمە بمێنێت ڕێبازی شەهیدەکانمان بەرنادەین، دەیانەوێت دەست لە خاکەکەمان بەردەین و پلان دەگێڕن، هیچ کاتێک دەست لە خاکەکەشمان بەرنادەین، وتیان کازمی دێت بۆ شەنگال و کۆببنەوە، ئێمە کۆبووینەوە و هێرش کرایە سەرمان، ئەمانە بێ مەبەست نین.

ت.پ