چالاکوانانی مەخموور: ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

چالاکی ئێشکگری لە کامپی پەنابەرانی مەخموور کە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکردبوو، لە ٩٨٤هەمین ڕۆژیدا بەردەوامە.

مەخموور

 

چالاکی ئێشکگری لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" کە لە ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٣ بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکرد، لە ڕۆژی ٩٨٤دا لەگەڵ دەستپێکردنی گروپی ١٩١ بەردەوامە.

 

پێش ئەوەی دەست بە چالاکییەکە بکرێت، خولەکێک بێدەنگی بۆ هەموو شەهیدانی ئازادیی کوردستان بەڕێوەچوو، دوای بێدەنگی، هیسن کارا بە ناوی گرووپی ١٩٠ قسەی کرد.

 

"ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەلانی چەوساوەیە"

حسێن کارا سەرەتا پیرۆزبایی ڕۆژی ٤ی نیسان کە ڕۆژی لە دایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە لە هەموو گەلی کورد کردو وتی: لە ٤ی نیسان نزیک دەبینەوە، ٤ی نیسان ڕۆژی لەدایک بوونی ڕێبەر ئاپۆیە، یان دەتوانین بڵێین ڕۆژی لەدایک بوونی گەلی کوردە، ئێمە ئەمڕۆژە لە ڕێبەر ئاپۆ و بنەماڵەکەی و هەموو هەڤاڵەکانی پیرۆز دەکەین، ڕێبەر ئاپۆ ئیرادە و ڕێبەری ئێمەیە. لەهەمانکاتدا ئەو سەرکردەی هەموو مرۆڤایەتییە بۆیە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەلانی ستەملێکراوە بۆیە داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین.

 

"دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر پرۆسەکە دووڕوویی دەکات"

حسێن کارا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ ویستی برایەتی و خوشکایەتی گەلان بوو، ئەو دیموکراتیک و یەکسانی و ئاشتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەویست، ئەم فەلسەفە و پارادایمە لە بەرژەوەندی هەمووان بوو، بەڵام دەوڵەتانی هەبوو پێداگرییان لەسەر فاشیزم و داگیرکارییەکەی خۆیان دەکردو شکستیان هێنا، ئێستا دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر ئازادی فیزیکیی ڕێبەردا دووڕوویی دەکات، ئەگەر دەوڵەتی تورک نایەوێت تووشی چارەنووسی دەوڵەتانی دراوسێی وەک سووریا، ئێران و عێراق بێت، پێویستە گوێ لە قسەکانی ڕێبەر ئاپۆ بگرێت، دەوڵەتی تورکیا تەنیا بە گەلی کورد دەتوانێت بژی. بۆیە ئەگەر لەسەر بنەمای یەکسانی و مافە ڕەواکانی کورد هاوپەیمانییەک بکات، ئەوا دەوڵەتی تورکیا ناڕووخێت.

 

لە کۆتایی قسەکاندا داوا لە دەوڵەتی تورک کرا کە ئەرکی خۆی بەرامبەر بە گەلی کورد جێبەجێ بکات و بە پشت بەستن بە پڕۆسەی دەستپێشخەری  ڕێبەری گەلی کورد هەنگاوی دروست بنێت.

 

مەراسیمەکە بە دەستبەکاربوونی گروپە نوێیەکە کۆتایی هات.