لە کۆیە ژنێک بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا

ژنێک لە کۆیە بەناوی سکاڵا حەسۆ لە ڕۆژی ٢٣ئادار بەشێوەیەکی گوماناوی سووتاو دوای مانەوەی چەند ڕۆژێک لەنەخۆشخانە بەهۆی زۆری سوتانەکەی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.

کۆیە 

 

گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان لە باشووری کوردستان لە زیادبوونە، بکوژانی ژن بۆ دەرچوون لە سزاو یاسا ئەم تاوانە دەخەنە پاڵ ژنان و بەناوی خۆکوشن و خۆسووتاندن ناوی دەبەن.

 

سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکەین  بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند، ژنێک لە کۆیە بەناوی سکاڵا حەسۆ کە لە هەولێر دادەنیشت، بەڵام بەهۆی کەڵەکەبوونی کێشەکان  ماوەیەک بوو هاتبۆوە ماڵی باوکی،هاوژینەکەی ویستوویەتی منداڵەکەی لێ بستێنێت سکاڵاش ئامادە نەبووە منداڵەکەی پێبدات، سکاڵا لە وتەکانی وتویەتی: "لە داخی هاوژینەکە، خۆم سوتاندووە".

 

هەر بەپێی زانیارییەکان هاوژینەکەی پێش ئەم ڕووداوە پەیوەندی پێوە کردووەو دەربارەی منداڵە تەمەن پێنج مانگەکەی وتویەتی دەبێت بیدەیەوە من، سکاڵاش ئامادەنەبووە دەستبەرداری منداڵەکەی بێت، تا باوکی سکاڵاش وتویەتی کچەکەم بەو منداڵەوە ماوە لێی مەستێنەوە،  بەڵام هاوژینەکەی سوور بووە لەسەر ئەوەی منداڵەکەی بباتەوە، ئەوەش وایکردووە سکاڵا کۆتایی بە ژیانی بهێنێت.

 

چەندین جار توندوتیژی بەرامبەر کراوە

سکاڵا لە وتەکانی باسی ئەوەشی کردووە کە پێشتریش هاوژینەکەی چەندین جار توندوتیژی بەرامبەر کردووە و بەچەقۆ لە مل و  قاچی داوە، بەڵام لەبەر منداڵەکەی بێدەنگ بووە.