نیگەرانییەکان لەبارەی لەسێدارەدانەکانەوە لە زیادبوونن
دوای پشتڕاستکردنەوەی بڕیارێکی دادگای باڵای ئێران، دوو زیندانی سیاسی لە ئێران لەسێدارە دراون. لەسێدارەدانەکان نیگەرانی لەبارەی دۆخی زیندانیانی سیاسی و ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا دەستبەسەرکراون، دروست کردووە.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٣٠ی ئادار، ئاژانسی هەواڵی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئەکبەر دانشوەرکار و محەمەد تاغاوی سەنگدەهی لەسێدارە دراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی پێشتر لە لایەن دامەزراوەکانی مافی مرۆڤەوە بڵاوکراونەتەوە، ئەو دوو زیندانییە لەگەڵ چوار زیندانیی سیاسی دیکە، لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشار، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە. ئەوان بە تۆمەتی ‘بەشداریکردن لە چالاکییە تیرۆریستییەکان’ و ‘یاخیبوونی چەکداری دژی دەوڵەت’ لە سێدارە دران.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پێشتر هۆشداری دابوو
لە نێوان ڕێکخراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤدا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەم دەستبەسەرکراوانە دادگاییکردنی نادادپەروەرانەیان بەسەردا دێت. ئەوان ڕایانگەیاندووە کە لە کاتی پرۆسەی دەستبەسەرکردندا فشاریان لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی دانپێدانانی زۆرەملێیان هەبێت و ڕێگەیان پێنادرێت دەستیان بە پارێزەری سەربەخۆ بگات.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەشێک لەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی کانوونی دووەمدا ەستبەسەر کرابوون، لەسەر هەمان تاوانەکان لەسێدارە دراون، ئەمەش بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی زیندانیانی سیاسی و ئەوانەی بەم دواییە دەستبەسەرکراون.
نیگەرانییەکان سەبارەت بە لەسێدارەدانی زیندانیان زیادی کردووە. بە وتەی چالاکانی مافی مرۆڤ، ئەم کارە ژیانی زیندانیانی سیاسی دیکە دەخاتە مەترسییەوە، بەتایبەتی ئەوانەی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا دەستبەسەر کراون.