بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی هەولێر ژنان ئاگادار دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی هەولێر ژنان ئاگادار دەکاتەوە کە هەر ژنێک هەڕەشەی لێكرا پێویست ناكات ملکەچی كەسی تاوانبار بێت، دەشڵێت، لە کاتی بوونی هەڕەشە پەیوەندیمان پێوە بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

عەقید سەفین تاهیر محمد ئەمین بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان-هەولێر لە پێگەی فەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە فەیسبووک سەبارەت بە توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان هۆشداری داو ڕایگەیاند، هەر ژنێک لە ڕێگەی نامە و ڤیدیۆ هەڕەشەی لێكرا پێویست ناكات ملکەچی كەسی تاوانبار بێت و یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێری پەیوەندییەكان هەیە و بەپێی یاساكە کەسی تاوانبار ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

 

وتیشی: بە پێی بەڵگە، كەسی تاوانبار سزاكەی لە شەش مانگەوە دەست پێدەکات تا پێنج ساڵ لەگەڵ سزادانی دارایی.

باسی لەوەشکرد، بەرێوەبەرایەتییەكانی پۆلیس و ئاسایش و توندوتیژی ژووری تایبەتیان بە خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی كردووەتەوە، لە کاتی بوونی هەڕەشە پەیوەندی بەو شوێنانە بكەن، ئەو شوێنانە بەدواداچوون بۆ كەیسەكەیان دەكەن و كەسی تاوانبار دەستگیر دەكەن و رووبەرووی دادگای دەكەنەوە.

 

 لە باشووری کوردستان لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ۱۰ ژن کوژراون و نۆ ژنی دیكەش بە شێوەی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە.