"لایەنەکان بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان هەڵبژارنەکانی پەرلەمان شکست پێدەهێنن"

پەروا عەلی، پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمان وتی: لە خولەکانی پێشووی پەرلەماندا کەسانی بە ئەزموون دەبوونە نوێنەری هاوڵاتیان، بەڵام حزبەکان ڕێگەیان بۆ هەندێک کەسایەتی خۆشکرد کە شایەنی ئەوەنین بچنە پەرلەمانەوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان مافی هەموو هاوڵاتییەکە کە بەشداری تیادا بکەن و نوێنەری خۆیان بۆ کاروباری حکومی و ئیداری بە شێوەیەکی دیموکراتیکانە هەڵبژێرن، خولی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ٤ ساڵە و دوای تەواوکردنی وادەکەی، بە هەڵبژاردنی پەرلەمانتار و ئەندامانی نوێ خولێکی نوێ بەڕێوەدەچێت، بەڵام خولی پێنجەمی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان لە وادەی خۆی تێپەڕێوە و تا ئێستا بە دیاریکراوی وادەی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن دیاری نەکراوە، ئەمەش بووەتە هۆکاری دروستبوونی بۆشایەکی سیاسیی و حکومەتێکی کاربەڕێکەری پێ بوترێت، هەروەها دواکەوتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بووەتە هۆکاری ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەی پارێزگا و شارەوانیەکان و بەردەوامیش لەدواخستندا بێت، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر بەڕێوەبردنی حکومەتی هەرێمی کورستاندا هەیە.

 

"بەشداری نەکردنی حزبەکان ڕوونی دەکاتەوە بەرژەوەندی حزبیان لا گرنگترە لە بەرژەوەندی کۆمەڵگە"

پەروا عەلی، پەرلەمانتاری خولی پێشووتری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، باس لەوە دەکات، هەبوونی حزبەکان لە پەرلەماندا هۆکاری سەرەکی ڕێکخستنی پەرلەمانن بەڵام بەداخەوە حزبەکان پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە بڕیار دەدەن کە نابێت ڕێژەی کورسیەکانیان ڕوو لە کەمی بکات، لەکاتێکدا هەڵبژاردنی پێشوو بە ڕێژەی زیاتر لە ٪٧٠ ڕێژەی دەنگدەران ڕووی لە کەمی کرد، واتە ڕێژەیەکی زۆر ڕازی نیە لە ئەدای پەرلەمان.

 

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشدا، بەشداری نەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی کورسیەکانی پەرلەمان بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، وتیشی: ڕەتکردنەوەی هەڵبژاردنەکان ئەوە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو کە لای حزبەکان بەرژەوەندی حزبەکان و پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لە سەروو بەرژەوەندی هاوڵاتیان و دەنگدەرانی هەرێمی کوردستاندایە.

 

"ئەو کەسانەی دەیانەوێت ببنە بەربژێر، بوونەتە جێگای سەرنجی هاوڵاتیان"

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا، بوون بە پەرلەمانتار ئەرک و بەرپرسیاریتیە، هەموو چین و توێژێک دەتوانێت خۆی کاندید بکات، بەڵام پێویستە کەسانی پاڵێوراو توانا و ئەزمونێکی باشیان هەبێت تا بتوانن ببنە نوێنەری هاوڵاتیان لە پەرلەماندا، دەشڵێت: ئەزموون یەکێکە لەو پێوەرە گرنگانەی کاریگەری هەیە لەسەر بوون بە پەرلەمانتار، هەبوونی پاڵێوراوان لە لیژنەکانی پەرلەماندا بەپێی هەبوونی شارەزایی و پسپۆڕ بوون جیاکراوەتەوە، هەروەها دەبێت پەرلەمانتار شارەزای لە هەبوونی کێشەکان هەبێت و بزانێت لەکوێدا هاوڵاتیان پێویستیان بە بەربژێرەکەیانە، تاوەکوو لەسەر داواکانی هاوڵاتیانی بێتە دەنگ، بۆیە پاڵێوراوان دەبێت کەسانی بە ئەزموون بن تا پەرلەمان پێگەی تەواوەتی بۆ بگەڕێتەوە.

 

پەروا عەلی وتیشی: ئەو کەسانەی دەیانەوێت ببنە بەربژێر بوونەتە جێگای سەرنج بۆ هاوڵاتیان، هەبوونی ئەو باکگراوندە ڕۆشنبیری کە هەیانە دەبێتە هۆکاری بێ کاریگەربوونی ئاستی پەرلەمان، لە خولەکانی پێشووی پەرلەماندا کەسانی بە ئەزموون دەبوونە نوێنەری هاوڵاتیان، بەڵام خول لە دوای خولەکان لایەنە حزبییەکان ڕێگەیان بۆ هەندێک کەسایەتی خۆشکردم کە شایەنی ئەوە نین بێتە پەرلەمان و بەرپرسیارێتی هاوڵاتیانی پێبدێت.

 

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەشکرد، وازهێنان لە بەرژەوەندی و کینەی لایەنە سیاسیەکان دەبیتە هۆکاری باشبوون و بەرەوپێشچوونی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمان پەرلەمانی حزب و لایەنەکان نییە، بۆیە پێویستە کەسانی پسپۆڕ لە بوارەکەدا بەشداری بکەن نەک کەسانی کەم ئەزموون، وتیشی: هاوڵاتیان و پەرلەمان موڵکی حزبەکان نین تا هەرێمەکەمان لەدەستنەچووە، پێویستە لایەنەکان بەخۆیاندا بچنەوە، قەوارە و توانای پەرلەمان بگەڕێننەوە و ڕێز لە هاوڵاتیان بگیرێت و بتوانن بەربژێرەکانیان ببەنە پەرلەمان.