"هێزی ژنان لە سەقامگیربوونی بارودۆخی سیاسی زیاتر بەدەرکەوتووە"

مهاباد حەمە ئەمین دەڵێت: بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری و کارکردن بۆ سەقامگیری بارودۆخی سیاسی، پێویستە ژنان زیاتر خۆیان بەهێز بکەن.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- بارودۆخی سیاسی و ناسەقامگیربوونی، کاریگەری لەسەر گوزەرانی خەڵک کردووە و ژیانی هاوڵاتیانی ناهەموار کردووە، ئەم دۆخە کاری لەسەر جموجۆڵی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کردووە و سیاسەتی سستبوونی بەرەنگاری لەناو گەنجاندا دروستکردووە، بۆ بە ئاگابوونەی خەڵک دەبێت بەردەوام هۆشیاری بدرێت بە ژنان و گەنجان، بۆ ئەوەی چیتر داگیرکاری و سیاسەتی دەوڵەتان و چاوتێبڕینیان بۆ سەر خاکی کوردستان درێژە نەکێشێت.

 

مهاباد حەمەئەمین، ئەندامی خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان، دەربارەی بارودۆخی سیاسی ئێستا و بەردەوامی داگیرکارییەکان و ڕۆڵی ژن لەم بارودۆخەدا، وتی: لە دروستبوونی مرۆڤایەتییەوە ژنان توانیویانە گاریگەری خۆیان هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە، لە دوای بەرژەوەندییەکانی سیستمی سەرمایەدارییەوە، ژنان خرانە ماڵەوە و وایانکرد کە ژنان بیر لە پێگە و بەهێزی خۆیان نەکەنەوە، بە تایبەت لە ڕووە ئابووریەکەیەوە بەشداریکردنیان لە بەدەستهێنانی پلە و پایە، بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا لاواز بوو، بەڵام لە شۆڕشەکانی نەتەوەکەمان لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان، ژنان توانیویانە پێگەی خۆیان بەهێز بکەن و ڕۆڵیان هەبێت لە ئازادکردنی کوردستاندام پێگەی خۆیان وەک هەستێکی نەتەوایەتی لە سەرکەوتنی شۆڕشەکاندا جێگیر کردووە و خەباتیان بەردەوامی هەبووە.

 

"بە هاتنە پێشەوەی ژنان لە کایە سیاسیەکاندا، بارودۆخی وڵات ئارامتر دەبێتەوە"

مهاباد حەمەئەمین، ئاماژەی بەوەشکرد کە ژنان دەتوانن خۆیان لە هەر دەرفەتێکی جیاوازدا متمانەی تەواویان بە خۆیان هەبێت، بۆ هاتنە پێشەوەیان لە ڕووی سیاسی و ئیداری ڕێکخراوەییەوە و لەناو هەموو حزبە سیاسیەکاندا دەتوانن ئەو دەرفەتەی بۆیان دەڕەخسێت لە دەستی نەدەن، ئەویش بە هەڵ و ماندووبوونی خۆیان دەبێت، چونکە ژنان نابێت لە کایە سیاسیەکاندا کۆڵبدەن، وتیشی: پێموایە ژنان لە کایە سیاسیەکاندا دەیان شکست دەبینن و ململانێیان لەگەڵ دەکرێت، دەبێت لەم کاتەدا ژنان بەهێز بن و بتوانن بەرەو سەرکەوتنەکانیان هەنگاو بنێن، بۆ ئەوەی بتوانن پێگەی خۆیان لەسەر ئاستی ناوەندی بڕیاردان بەهێز بکەن.

 

"دەبێت بەشداری ژنان زیاتر بکرێت"

لە درێژەی قسەکانیدا مهاباد حەمەئەمین باسی لە ئەموونی ژنان کرد و وتی: ژنان لە بواری سیاسیدا پێگەی خۆیان چەسپاندووە، پێویستە زیاتر خۆیان بەرەوپێشەوە ببەن چونکە گەل چاوەڕوانی بەدەستهێنانی مافەکانیانن و متمانەی تەواویان بە ئیرادەی ژنان هەیە بۆ سەقامگیربوونی ژیان و گوزەرانیان، لەبەرئەوە پێویستە ژنان زیاتر توانای خۆیان بەهێز بکەن بۆ گەیشتیان بەو ئامانجەی مەبەستیانە، بە تایبەت لە کایە سیاسیەکانی وڵاتدا، سەرەڕای ئەو ڕێگریانەی کە دەکرێت بەرامبەر بە ژنان بۆ ئەوەی ڕۆڵ نەبینن لە بەرێوەبردنی کاروباردا، بەڵام وەک ئەو ئەزموونەی چەندین ساڵە هەمانە، ژنان هەمیشە پێداگر بوون و  هەمیشە لە ڕووە سیاسییەکەوە داوامان لە هەموو ڕێکخراوەکان و حزبە سیاسیەکان کردووە کە رێژەی بەشداری ژنان لە پەرلەمانی کوردستان و عێراقیشدا بەرزتر بکەنەوە.

 

"پێداگری ژنان ڕێژەی ژنانی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر کردووە"

مهاباد حەمە ئەمین وتیشی: ژنان بەو شێوەیەی ئێستا نەیاندەتوانی ڕۆڵ و پێگەی خۆیان لە پەرلەماندا یاخود حکومەتدا هەبێت، بە ڕێژەیەکی زۆر کەم ژنان دەیانتوانی بچەنە ئاستی ناوەند و دەسەڵاتەوە، بەڵام ئەو ڕێژە کۆتاییە کە دیاری کراوە لەچاو ساڵانی ڕابردوو بە هەوڵ و تێكۆشانی ژنان خۆیان لە دوای ئەو فشارەی ژنان بۆ سەر دەسەڵات توانییان دەرفەتی باشتریان هەبێت و بێنە پێشەوە و بەشداری کاری پەرلەمان بکەن بۆ دەستەبەربوونی مافەکانیان لە ناو حزبە سیاسیەکاندا، هەروەها پێویستە ژنان زیاتر متمانەی خەڵک بەدەست بهێنن و ببنە داکۆکیکارێکی یەکسان بۆ گەل و خاکەکەیان.

 

ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشووتری عێراق هەڵسەنگاندنی بۆ بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستان و عێراق بە گشتی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، "بە هۆی ناسەقامگری بارودۆخی سیاسی، لە ئێستادا پێویستمان بە یەکگرتووی و تەبایی نێوان ژنان هەیە بە شێوەیەکی گشتی، تاکو بەو هۆیەوە بتوانرێت هەنگاوەکان بەرەو ئاراستەکان ببرێت و هیچ کەسێک نەتوانێت ڕێگری لە ژنان بکات".

 

"لە قۆناغی هەستیاری سیاسیدا ژنان ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن"

مهاباد حەمەئەمین، پەرلەمانتاری پێشووتری پەرلەمانی عێراق پەیامی خۆی ئاڕاستەی هەموو ژنانی کوردستان کرد و وتی: پەیامی من هەمیشە جەختکردنەوەیە کە ژنان خۆیان بەهێزتر بکەن لە پێناوی ئەوەی کە بتوانن ئامانجەکانمان یەک بخەین بە یەک دەنگ، بۆ مەیدانی خەبات ئامادەیی ژنان بەردەوامی هەبێت و کار بکەین لەپێناو هەموو ئەو ئامانجانەی کە ژنان هەیانە.

 

هەروەها لە کۆتایدا ئاماژەی بەوە کرد، "لە ئێستادا لە قۆناغێکداین پێویستمان بەوەیە کە ژنانیش ڕۆڵی سەرەکیان هەبێت، لە پێناوی بەدەستهێنانی ئەو ئاوات و ئامانجانەی کە ژنان لە هزریاندا قەتیسیان کردووە".