"بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان گفتوگۆ پێویستە"

لۆرین عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی سووریا، باسی لە پێشهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و جەختی لەسەر گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی سووریا کردەوە.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە و دەوڵەتی تورکیا بۆ پووچەڵکردنەوەی دەستکەوتەکانی شۆڕش، چەند ڕۆژێکە هێرشی ئاسمانی و زەمینی ئەنجام دەدات و شەڕی تایبەت دژی خەڵکی ناوچەکە بەڕێوە دەبات، لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا، خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ڕێگەی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ بێلایەنکردنی هێرشەکان هەنگاو دەنێت. یەکێکیش لە ڕێگا ستراتیژییەکان گفتوگۆکانە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق.

 

لۆرین عەلی ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی سووریا باسی پێشهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و دەستکەوتەکانی ژنان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کرد و وتی: گرنگترین ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و داگیرکارییەکان یەکگرتوویی گەل و داننان بە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و گفتوگۆیە لەگەڵ حکومەتی دیمەشقدا. مو

 

"ئەو هەنگاوانەی دەنرێن لەلایەن ژنانەوە پێشەنگایەتی دەکرێن"

لۆرین عەلی سەرنجی بۆ دۆخی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاکێشا و وتی: ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەناو بەرخۆدانی گەورە دان، چ هەنگاوێک دەگیرێتەبەر لەلایەن ژنانەوە پێشەنگایەتی دەکرێت، بێگومان ژنان تەنیا بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کار ناکەن، بەڵکو کار بۆ ئازادی هەموو ژنانی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. هەر بۆیە دەکرێنە ئامانج چ لە کۆمەڵگەدا بێت یان دەوڵەتە دەسەڵاتدار و داگیرکەرەکان، ئامانجی سەرەکی ژنان بڵاوکردنەوەی زانستی ژن و ڕێکخستنی هەموو ژنێکە لە سووریا بۆ ئەوەی بتوانێت بە هۆشیاری ژنانی ئازاد کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان بنیاد بنێت، هەر لەبەر ئەو هۆکارەش ​​بانگەوازی ئێمە ئەوەیە کە هەموو ژنێک لە هەر شوێنێک بێت بتوانێت خۆی پەرەپێبدات و بپارێزێت و ئاگاداری زانستەکەی بێت، لە پێناو بنیادنانی سووریایەکی دیموکراسی و یەکسان، داوای بەرزکردنەوەی ئاستی خەبات دەکەین.

 

"چارەسەر گفتوگۆی نێوان هێزەکانی سووریایە"

لە درێژەی قسەکانیدا لۆرین عەلی وتی: ئەو هێرشانەی کە دەکرێت بۆ سەر خاکی سووریا و گەلی سووریایە، بۆ ئەوەی بتوانین ئەم هێرشانە بوەستێنین و خاکەکەمان لە داگیرکاری ڕزگار بکەین، پێویستی بە یەکگرتوویی گەلی سووریا هەیە، هەروەها پێویستە حکومەتی سووریا سیستمی خۆبەڕێوەبەری پەسەند بکات و بەرەنگاری لەشکرکێشی و داگیرکاری ببێتەوە، ئەم سیستمە لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرا، چونکە سیستەمێکی لەو جۆرەیە، ڕۆحی خەڵک زیندوو دەکاتەوە و مافەکانیان دەپارێزێت، بۆیە لە ئێستادا پێویستیمان بە گفتوگۆ لەگەڵ هێزەکانی سووریا هەیە، حکومەتی سووریا لە بەرامبەر لەشکرکێشی و هێرشەکاندا نابێ بێدەنگ بێت و دەبێت چارەسەری بخەینەوە ڕوو.