"داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا مەترسییە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان"

ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، دەڵێت: دەستوەردانی دەوڵەتی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان بە خەونی عوسمانیانەی خۆی، بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچانەیە کە لەو کاتەدا داگیری کردبوون.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- بە درێژای مێژوو دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا داگیرکارییەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان ئەنجام دەدات، لەشکرکێشیەکانی دەوڵەتی تورکیا ماوەی چەندین ساڵە بەردەوامی هەیە و سەرەتای لەشکرکێشییەکانیش بۆ ساڵی ١٩٨٣ و ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەتی تورکیا و عێراق دەگەڕێتەوە کە باس لەوە دەکات، هەردوو وڵات دەتوانن بچنە ناو خاکی یەکدییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی دەبنە مەترسی لەسەر وڵاتەکەیان، هەروەها لە دوای پڕۆسەی ئازادبوونی هەرێمی کوردستانەوە، لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا زیاتر پەلیان هاویشت و زیندووکردنەوەی میساقی میللی عوسمانی و داگیرکردنەوەی ئەو خاکەی لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا بوو، بووە خەونی ئەردۆغان و ئاکەپە، ئەمڕۆش داگیرکاریەکان لە قۆناغێکی مەترسیدار دایە، کە تەنها بە داگیرکردنی چیاکانەوە نەوەستاوە، بەڵکو شۆڕبووەتەوە ناو شارەدێیەکان و چەندین گوندی شارەدێی کانی ماسێی سەر بە ئامێدی لە پارێزگای دهۆک چۆڵ دەکرێن و سوپای تورکیا بە دانانی بازگە و هەڕەشە، ناوچەکە بە دانیشتوانەکەی چۆڵ دەکات.

 

" ئاڕاستەی داگیرکاریەکانی توورکیا بەرەو باشووری کوردستان زیاد دەکات"

چرۆ شوانی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، لە بارەی داگیرکاریەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، باس لەوە دەکات، ئاڕاستەی داگیراری تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو زیاتر دەچێت، داگیرکاری تورکیا تەنها بە ناوچە سنوریەکانەوە نەوەستاوە، سوپای تورکیا دەسەڵاتیان هێناوەتە ناو گوندە کوردنشینەکان و داوای ناسنامە لە کوردەکان دەکرێت، دەشڵێت: هەبوونی ئەم داگیرکارییانە جێگای مەترسی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەوەی جێگایی داخە بێ هەڵوێستی دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیانی باشووری کوردستانە، لەکاتێکدا پرسێکی زۆر مەترسیدارە و هەنگاوەکان زیاتر بەرەو مەترسی دەڕوات.

 

چرۆ شوانی ئەوەشی خستەڕوو کە هەمیشە وەک تەڤگەری ئازادی هۆشداری دەدەن لە سەردانەکانی ئەردۆغان بۆ هەرێمی کوردستان و وەک پرسێکی مەترسیدار بە ناوی دەکەن، وتیشی: داگیرکاری و بۆردوومانی ناوچە سنوریەکان بۆ سەردانەکانی ئەردۆغان بۆ باشووری کوردستان دەگەڕێتەوە، هەروەها دەوڵەتی تورکیا لە دانوستانی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق باس لە مەترسیەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە لە ناوچە سنوریەکان دەکات، لە کاتێکدا هیچ گەریلایەک لەو ناوچە و گوندانەدا نییە کە دەوڵەتی تورکیا بۆردوومانی دەکات.

 

"دەسەڵاتداران و خۆفرۆشان هۆکارن بۆ تەشەنەکردنی لەشکرکێشییەکان"

چرۆ شوانی، باسی لەوەشکرد، ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر وڵاتان پەرچەکرداری دەبێت، بەڵام هەرێمی کوردستان بۆ داگیرکاری و بۆردوومانکردنی ناوچەکانی هیچ پەرچەکردارێکی نییە، دەڵێت: داگیرکاران لەمێژە کار لەسەر زەمینە خۆشکردنی داگیرکردنی باشووری کوردستان دەکەن، لە ڕێگەی پرسی مووچە و هەڵبژاردن و چەندین پرسی دیکە زەمینە خۆشکەربوون بۆ ئەنجامدانی ئەم دۆخەی کورد تێی کەوتووە، هەبوونی دەسەڵاتداران و خۆفرۆشان لە باشووری کوردستاندا هۆکارە بۆ تەشەنەکردنی لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا بە بێ تەقاندنی فیشەکێک، لە باشووری کوردستان دەسەڵاتداران هاوڵاتیان بە نەبوونی مووچەوە سەرقاڵ دەکەن، چاوی هاوڵاتیان لە ئاست داگیرکارییەکانی تورکیا دادەخەن، هەبوونی ئەو هێرشانە لەلایەن تورکیاوە دەبێتە هۆی نانەوەی ئاشووب بۆ هاوڵاتیان و لایەنە سیاسیەکان.

 

لە درێژەی بابەتەکەدا تیشکی خستەسەر ئامانجی دەستتێوەردانەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ باشووری کوردستان کە زیندووکردنەوەی خەونی عوسمانییەکان و دەستگرتن بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دایە، وتیشی: هێڵی ئازادی گەلی کورد بەرامبەر ئەو داگیرکاریە وەستاوەتەوە، بەڵام ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درک بەو زیانانە ناکات کە ڕووبەڕووی بووەتەوە، هەروەها دەروازەی داگیرکاریەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەست پێدەکات، گەریلایانی هێڵی ئازادی کوردستان لە بەرامبەر ئەم داگیرکاریانە دەوەستنەوە، هەروەها ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەیەوێت پرسی کورد لە ڕێگەی دانوستان و ئاشتەوایەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام دەوڵەتە زلهێزەکان نایانەوێت پرسی کورد چارەسەر ببێت، بە هۆکاری پتەوبوونی دەسەڵاتی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە گەلی کورد بە تەنیا دەبێت داکۆکی لە مافەکانی خۆی بکات.

 

"داگیرکارییەکان زیان بە ژینگە و ئابووری و هاوڵاتیانی مەدەنی دەگەیەنێت"

چرۆ شوانی، ئاماژەی بە زیانەکانی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان کرد، کە لە ڕێگەی داگیرکاریەکانی تورکیا بۆ ناوچە سنوریەکان و باشووری کوردستان ژینگەی ناوچەکە بەردەوام زیانی بەردەکەوێت، دەشڵێت: داگیرکاریەکان هیچکات سودیان بۆ باشووری کوردستان نەهێناوە، دەوڵەتی تورکیا زیان بە ژینگە و سروشتی کوردستان دەگەیەنن، هەروەها بۆ زەمینەسازی خۆیان داگیرکاران داری ناوچە دارستانیەکان دەبڕنەوە، هەروەها زیانی ئابووری لە هاوڵاتیان دەدەن، گوندنشینان سامانێکی ئابووری سەربەخۆیان هەیە، بەڵام دەوڵەتی داگیرکار بەردەوام هەوڵی لەناوبردنیان دەدات، وەدەرنانی گوندنشینان و لەناوبردنی گوندەکانیان زیانی ئابووری لە گوندنشینان دەدات، هەروەها ئاگر کەوتنەوەی ناوچە کوردییەکانی باکووری کوردستان و بێ هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا دەرخەری ئامانجەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکارەیە، هاوڵاتیانی مەدەنی لە ڕێگەی هێرشە درۆنیەکانەوە شەهید دەکرێن و بێ باکن بەرامبەر هاوڵاتیان، ئەم جۆرە مامەڵەکردنانە مەترسیدارە بۆ سەر کایەکانی کۆمەڵگە.  

 

چرۆ شوانی لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا، دەسەڵاتی بنەماڵەیی کە لە هەرێمی کوردستاندا حکومڕانی دەکەن، بەردەوام لە هەوڵی فرۆشتنی خاکی کوردستاندان، بەڵام دەوڵەتی داگیرکار زیانی بۆ دەسەڵاتداران و هاڵاتیانی ناوچەکەش دەبێت، دەڵێت: لەسەر هەموو هاوڵاتیان و لایەنەکانە بێ جیاوازی ئایین، سیاسەت و نەتەوە کە خاوەن هەڵوێست بن و خاوەندارێتی لە وڵات و خاکیان بکەن، دەبێت هەموو کورد بێدەنگی بشکێنن، پێویستە ئەم داگیرکاریانە بە زووترین کات ڕەت بکرێتەوە.