"کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی کورد مافەکانی کورد لە سووریای نوێدا مسۆگەر دەکات"

فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە و نەسرین عەبدوڵا، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان یەپەژە ڕایانگەیاند، کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی کورد لە داهاتوودا مافەکانی گەلی کورد دەستەبەر دەکات.

حەسنا محەمەد 

 

قامیشلۆ- ئەمە یەکەمجارە لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆنفرانسێکی تایبەت بە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی کورد بەڕێوەدەچێت، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چەندین جار داوای کرد کە کۆنفرانسی نەتەوەیی لە کۆبوونەوەکانیدا ببەسترێت، بەڵام بەهۆی کێشەی سیاسییەوە نەیتوانی ئەوە ڕووبدات، ئەم کۆنفرانسە یەکەم هەنگاو بوو بەرەو کۆنفرانسێکی نیشتمانی، بۆیە بۆ کورد زۆر گرنگ بوو، لەم کۆنفرانسەدا نوێنەرانی پارت و هێزە کوردییەکان و کوردستانییەکان لە باکوور، باشوور، ڕۆژئاواو ناوچەکانی دیکەی سووریا ئامادەبوون. 

  

بەرژەوەندی نیشتمانی و نێودەوڵەتی 

کۆنفرانسی مێژوویی بە ٤٠٠ نوێنەر دەستیپێکرد. هەروەها ڕۆژنامە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان گرنگییەکی زۆریان بەو کۆنفرانسە نیشان دا، لەبەرئەوەی چاو و گوێ و دڵی کورد لەم کۆنفرانسەدا بوو، زۆرێک لە ڕێکخراوە ڕاگەیاندنەکان ئەو بەشەی کراوەیان بەڕووی ڕۆژنامەوانیدا پەخش دەکرد، ئەم کۆنفرانسە لە هەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە کارنامەی کوردیدا بوو. کۆنفرانسەکە لە تورکیاش لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ کرا، نوێنەری زۆرێک لە پارت و ڕێکخراو و دامودەزگا و بازنەی کوردی بۆ یەکەمین جار لە کۆنفڕانسێکی لەو شێوەیەدا کۆبوونەوە. لە ناویاندا نوێنەری ئایین و بیروباوەڕی جیاواز هەبوون. 

 

کوردەکان بۆ ئاهەنگگێڕان ڕژانە سەر شەقامەکان 

ئەم کۆنفرانسە کە هەنگاوێکی مێژووییە لە مێژووی ڕۆژئاوای کوردستان، لە سایەی خەبات و بەرخۆدانی تێکۆشەرانی چوار پارچەی کوردستان بەڕێوەچوو، سەرجەم هێزە کوردییەکان کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا کرد، گەلی کورد ساڵانێکە چاوەڕێی ئەو ڕۆژە مێژووییە دەکات و لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوێکی گرنگ نرا و هەموو هێزەکان یەکگرتوویی خۆیان نیشان دا، دوای کۆنفرانسەکە لە زۆر شوێن خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان و ئاهەنگیان گێڕا بۆ ئەم هەوڵە و ئەنجامەکانی. 

  

"هەنگاوێکی مێژوویی دەبێت" 

لە کۆنفرانسەکەدا فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" کە بەشداری کۆنفرانسەکە بوو قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد، سەرنجی بۆ گرنگی کۆنفرانسی یەکڕیزیی کورد ڕاکێشا و وتی: ئێمە پیرۆزبایی ئەم کۆنفرانسە لە هەموو دایکی شەهیدان و ژنە تێکۆشەرەکان و هەروەها پارێزەرانی گەلی یەپەژە دەکەین، ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی مێژوویی دەبێت بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بەو پێیەی لە سووریا گفتوگۆ سەبارەت بە مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری نوێدا بەڕێوەدەچێت. 

"بە یەکگرتوویی کورد لە سوریای نوێدا جێگەی خۆمان دەگرینەوە" 

فۆزا یوسف جەختی لەوە کردەوە کە بە یەکڕیزی کورد دەتوانن لە داهاتووی سووریادا پێگەیەکی گەورەتر بەدەستبهێنن، جەختی لە گرنگی بەشداریکردنی چوار پارچەی کوردستان کردەوە و وتی: ئەم کۆنفرانسە یەکەم هەنگاوە کە مافەکانمان لە داهاتووی سووریادا مسۆگەر دەکات، هەر چوار پارچەی کوردستان لە ڕۆژئاوا کۆبوونەتەوە، ئەمە جێگەی شانازییە بۆ ئێمە، هیوادارین ئەم کۆنفرانسە یەکەم هەنگاو بێت بەرەو بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، هەوڵێکی گەورە پێویستە بۆ پاراستنی دەستکەوت و بەرهەمەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا. 

  

'"کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر پرۆسەکە" 

نەسرین عەبدوڵا، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" بۆچوون و تێبینییەکانی خۆی بۆ ئاژانسەکەمان باسکرد و ڕایگەیاند کە یەکڕیزی کورد ئایندەی وڵاتێکی دیموکراسی مسۆگەر دەکات، وتی: لەگەڵ گردبوونەوەی هەموو نەتەوە و هێزەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ساتەوەختی مێژووییدا دەژین، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر پرۆسەی ئێستا، لە کۆنفرانسەکەدا ڕۆڵی ژنان زیاتر بایەخی پێدراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پەرەپێدانی گفتوگۆکان کە هەموو لایەنەکان بە یەکڕیزی و ئیرادە کۆدەکاتەوە. 

  

"پاراستنی مافی ژنان پاراستنی یەکڕیزی گەلی کوردە"  

فەرماندە نەسرین عەبدوڵا ڕایگەیاند، ئەم یەکڕیزییە کوردە ڕۆڵ و ئەرکی دەبێت لە داهاتووی وڵاتێکی دیموکراسیدا و ئەم زانیاریانەی لەسەر کۆنفرانسەکە دا: لەم یەکڕیزییەدا بڕیاری دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستوورێکی دیموکراسیدا درا، پاراستنی مافەکانی ژنان لە چوارچێوەی نەتەوەیی زۆر گرنگە، بۆیە ئەم خاڵە لە کۆنفرانسەکەدا تاوتوێ کرا. پاراستنی مافەکانی ژنان پاراستنی یەکگرتوویی گەلی کوردە، یەکینەکانی پاراستنی ژنان، ئێمە هەمیشە بەرگریکاری میللەتەکەمان دەبین و ئەو ئەرکانە جێبەجێ دەکەین کە دەکەوێتە سەرمان.