"هەسەدە بە هەمان هێزی شەڕی داعشەوە لە دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەدەوە بەردەوامە"
نووسەر شنۆ هیرانی دەڵیت: یەکڕیزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، تەواوی پلانەکانی ئەحمەد شەرع و دەوڵەتی تورکیای بۆ سووریایەکی نوێ هەڵوەشاندەوە.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی- بەرخۆدانی گەل لە بەنداوی تشرین بەردەوامی هەیە، بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هاوڵاتیان و چالاکوانان لە تەواوی پارچەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا بەرەو بەنداوی تشرین بەڕێکەوتون، خاک و مافی خۆیان دەپارێزن، لە کاتێکیدا ماوەی سێ مانگە هاوڵاتیان درێژە بە بەرخۆدانییەکانیان دەدەن، هاوکات گەل لە زۆرینەی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک هەسەدە و دژی هێرشەکانی داگیرکەری دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، ڕوویان لە بەنداوی تشرین کردووە، تا ئێستا چالاکییەکە بەوپەڕی بەرخۆدانی و هێزەوە بەردەوامی هەیە، پاشان لە ناویاندا هەبوونی ڕێکەوتنی هەسەدە و جۆلانی بۆ هەبوونی سووریایەکی نوێ لە چوارچێوەی پرسی ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەیە، بەرخۆدانەکانی گەلی ڕۆژئاوا لە سەرەتای جەنگی داعش تا ئێستا بەردەوامە، گەل بە ئامانجی یەکڕیزی و پێکەوەی هەوڵ بۆ سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ هەنگاو دەنێن.
"نوسینەوەی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نوسینەوەی بەرخۆدانی ژنانەوە دەستپێدەکات "
شنۆ هیرانی، نوسەر و ڕۆژنامەنوس، شارەزا لە کاروباری تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، لە دوای بەهاری عەرەبی، ڕۆژئاوای کوردستان توانی چەندین هێز بۆ پاراستنی خاک و دەست باڵابوونی لە ناوچەکەدا دەست بەکاربێت، تواندرا هێزێکی پاراستنی سەربازی لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی داعشدا، کە دوو ساڵ و ٦ مانگ بە نزیکەی لە لایەن کوردەوە بە دروستکردنی چەند هێزێک بەرەدگاری داگیرکاری ناوچەکەیان بوونەوە وتی: لە دوای ڕوخانی ڕژیمی دیکتاتۆری سووریا، هەسەدە ڕۆڵی گرنگی بەرگری لە ناوچەکەدا گێڕاوە، هەسەدە هێزیکی چەکداری کوردی گەورەیە لە ناوچەکەدا، وابەستە نەکراوە بە پارچەیەکی کوردستانەوە، هەبوونی خۆبەڕێوەبەری لە ناوچەکەدا بۆتە هۆکاری بەرەوپێشچوونی و ناسراوی لە تەواوی جیهاندا، بڵاوکردنی خۆبەڕێوەبەری لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کارێکی گرنگە بۆ یەکسانی پێکەوەی لە ناوچەکەدا.
باسی لە ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی ژنان لە ڕێزەکانی خەبات و بەرگریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستاندا کردو وتی: ژنان لە تەواوی جیهاندا شکێنەری زۆرێک لە بەربەستەکانی کۆمەڵگەن، بەڵام وەک هەبوونی سەربازی و هەڵگرتنی چەک و ڕوبەڕوو بونەوەی داگیرکەرانی خاکەکەیان، کەموێنە لە ژنانی کورددا لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە سەرهەڵدەدات، لەڕێگەی هەڵگرتنی چەک بۆ پارێزگاری کورد لە خاک و مانەوەی ناسنامەیان دژ بە تیرۆرستی داعش بەرخۆدان ئەنجام دەدەن، ژنانی کورد شکێنەری بەربەستی بەردەم فکری داعش بوون، ئەقڵیەتیکی گشتگیر بۆ بەرگریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بەدی دەکرێت، لە منداڵێک تا دەگاتە کەسانی بەتەمەن هەوڵ بۆ یەک ئامانج دەدەن، کاتێک لە بەنداوی تشرین و بەرخۆدانیان دەڕوانیت تەواوی پێکەوەی و بەرخۆدانی گەل دەبینیت، مێژوو بە شکۆوە ناسنامە و حەقیقەتی ژنان لە ناوچەکەدا دەنوسێتەوە، ژنانی کورد هەردەم مێژوو پرشنگدارتر دەکەن، هەروەها ئەو بەرخۆدانیەی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە تێکشکاندنی تیرۆرستانی داعش تا بەرخۆدانی وبەرگرییەکان تا ئێستەش بە هێز و بازووی ژنان دروستبووە.
" گەلی سووریا لە دوای جەنگی داعش ئامانجی بەرگری و جێگرتنی لە سووریادا هەبووە"
شنۆ هیرانی، باسی لەوەکرد، بەرخۆدانی بەنداوی تشرین هاوشێوەی تێکشکاندنی دەسەڵاتی تیرۆرستی داعش کار بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتێکی داگیرکەر دەکات، ئەو بەرخۆدانەی بەنداوی تشرین بەرخۆدانێکی سەرتاسەری دەبیندرێت، بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە بوونەوەی هێرشەکانی داعش پارێزگاری لە خاکی کوردستان دەکرێت، دەڵێت: بەرخۆدانەکانی گەلی ڕۆژئاوای کوردستا لەسەر بەنداوی تشرین بەردەوامی هەیە، ژنان لە هەڵگرتنی چەک تاوەکو دایکی شەهیدان و بەرگریکردن لە هەر تاکێک بە پشتیوانییەکانیان هەوڵیان بۆ داکۆکیکردن لە گەڵ لەسەر بەنداوی تشرین داوە، بەرخۆدان لە پێناو بەدەستهێنانی خاکدا دەکەن، نەتەوەی کورد لە ژێر ناوی ئاین و خاک و نەتەوە و چەندین هۆکاری مێژووی و بەرخۆدانی بەردەوام داگیرکەران هەوڵی ڕەشەکوژیمانی داوە، لە ئێستادا هەسەدە هێزێکی گەورەیە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا، هەروەها سوریا مەوقعێکی جوگرافی گرنگە، کە لەناویدا دەوڵەتانی داگیرکەر لەگەڵ ئەحمەد شەرع هەوڵ بۆ بەدەستکەوتنی ڕۆژئاوای کوردستان دەدەن، ئامانجیان خستنە ژێر ڕکێفی کوردبوو وەک سووریای کۆن، بەڵام هاوسەنگی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعی لەسەر چەند خاڵێکی سەرەتای ناچار بە ڕێکەوتنکردن، هەبوونی ئەو خاڵانە پێویستی بە چەندین هەڵسوکەوتی ورد و جێبەجێ کردن هەیە، هەسەدە ئەو ئەو فکرەی بۆ سووریایەکی نوێ داگیرکەران هەیانبوو لە ناو برد، هێزی کورد هێزیکی خۆجێی نیە، هێزێکی پاڵپشتکراوە بەشێکە لە جەنگی تیرۆرستانی داعش، پاشان لە دوای گۆڕانی سیاسەتی سووریا کورد ناچێتەوە ماڵەکان و چیدیکە قبووڵی ژێردەستەی ناکات بەڵکو پارێزگاری لە سیاسەت و قەوارەی کورد و گەلانی ناوچەکە دەکات، هەروەها پڕۆسەی ئاشتی پێش ڕوخانی ڕژیمی ئەسەد سەری هەڵدا، لە هەڵبژاردنەکانی باکووری کوردستان دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا نەیتوانی شارەوانییەکان بەدەست بهێنێت، پاشان هەوڵی بۆ وروژاندنی پرسی ئاشتی دەدات، پاشان ئامانجیان بوو بە پرسی ئاشتی بە پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕێ بە دروستبوونی هەر ستاتۆیەکی کوردی لە ناوچەکەدا بگرن، هەروەها تورکیا هێڵی وزەی لا گرنگ بوو، لە ڕێگەی سووریای تازەوە هێڵی بۆرییەکانی وزەی لە ڕیگەی قەتەر بۆسەر دەریای سپی ڕابکێشێت بۆ ئەنجامدانی بازرگانییەکی گەورە بەدەستبهێنێت، بەڵام پلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەر شکستدەهێنێت، کاتێک بە هێرشە توندەکانی لە سووریادا هێرشی دەکرد، زیانی بە ناوچە عەرەبییەکان دەگەیاند، پاشان وڵاتانی عەرەبی لە ڕێگەی جۆلانییەوە هێرشەکانی تورکیایان کەمکردەوە لە ناوچەکەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەتانی داگیرکەر هەبوونی پرسی ئاشتیان لە لایەن “عەبدوڵا ئۆجالان” بە دانانی چەک لە لایەن یەپەگە و پەیەدەوە ئەنجام دەدرێت، بەو نەخشانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەگەڵ حیزب و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی ئاشتی دایانڕشتبوو، بەڵام هەبوونی پرسی ئاشتی لە لایەن عەبدوڵا ئۆجەلانەوە تەواوی ڕێکخستنە سیاسییەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری هەڵوەشاندەوە، لە تەواوی پرسی ئاشتی دا ڕێبەری گەلی کورد باس لە دانانی چەک و ڕێککەوتنی هەسەدە لەگەڵ جوڵاانیدا دەکات، واتە هەبوونی سووریایەکی نوێ و لە ناویاندا کورد ڕۆڵی گرنگی هەبێت، لە تەواوی پارچەکانی کوردستاندا بە حیزب و لایەنەکانی پەکەکە و پەیەدە و سەرجەم ڕێکخستنەکانی سەر بە فکری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەبوونی پرسی ئاشتیدا سودمەند دەبن.
لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوەکردەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مۆزایکی گەلانە، تەواوی پارچەکان بە چەندین کولتوور و دابونەریت تەواوی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست پێکدەهێنن، لە ڕۆژئاوای کوردستاندا تەواوی دین و کولتوورەکان بەبێ هەبوونی ئاستەنگی فکری و ئایدۆلۆژی ژیان دەکەن، کاتیک باس لە سۆسیۆلۆژی گەلان دەکرێت خۆی لەو شێوازە ژیانکردنەی رۆژئاوای کوردستان بەبێ هەبوونی ئاڵایەکدا دەبیندرێتەوە، وتی: وەک ژنێک پێموایە هەبوونی پرسیای ئاشتی و ئەم قۆناغە دەستپێکی گەشانەوەی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کورد بە یەکگرتوە یەکەمجارە لە تەواوی مێژوودا بۆخۆی بڕیار لەسەر کار و چالاکی سیاسی دەدات، هەنگاو بە هەنگا و کار بۆ پرسی ئاشتی دەکرێت، دەبێت تەواوی لایەنەکان یەکدەنگ و یەک هەڵوێستبن بۆ ئەنجامدانی پرسی ئاشتی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە چوارچێوەی شارستانیدا ژیانکردن هەڵبژێرین، وەک ژنێک هیوام بە پرسی ئاشتی هەیە، ژنانی ئازادیخواز لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاواتی گەیشتن بە پرسی ئاشتین.