"پێویستە هاوڵاتیان و تێکۆشەران لە دژی داگیرکاریەکانی تورکیا بوەستینەوە"

داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا هەموو چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستانی نیگەران کردووە، مامۆستایەکی ناڕازیش دەڵێت: لەبەر بەرژەوەندی ئابووری و ڕێککەوتنەکان، بێدەنگی لە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکرێت.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- بە درێژای مێژوو دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرش و داگیرکارییەکانی بۆ سەر خاکی کوردنشین ئەنجام دەدات، لە سەردەمی نوێشدا سەرەتای ئەم داگیرکارییەش بۆ باشووری کوردستان بۆ ساڵی ١٩٨٣ و ڕێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیا دەگەڕێتەوە، کە دەتوانن بە قوڵایی ١٥ کیلۆمەتر بچنە ناو خاکی یەکتر بۆ پاراستنی سنوورەکانیان، ئامانجی هێرش و لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا زیندووکردنەوەی میساقی میللی عوسمانییە، تا ئەو ناوچانەی پێشووتر لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بووە، بیگەڕێنێتەوە بۆ سەر دەوڵەتەکەی. داگیرکارییەکان لە قۆناغێکی مەترسیدار دایە، تەنها بە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستانەوە نەوەستاون و کاری داگیرکاریان گوند و ناوچە سنووریەکانی تێپەڕاندووە.

 

بە پێی ڕاپۆرتێکی تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی، لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ەوە بۆ ١٥ی تەمووی ٢٠٢٤، فڕۆکەی جەنگی و ئۆپەراسیۆنی سەربازی و شەهیدکردن و ئاوارەکردن لە ناوچە کوردنشینەکان بەردەوامی هەبووە، لە نێوان ئەو ماوەیەدا، بە نزیکەی ١٢٥٠ سەرباز و ٣٠٠ زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی هێناوەتە خاکی هەرێمی کوردستانەوە، لە ماوەی یەک مانگی ئۆپەراسیۆنەکاندا ٣٨١ جار هێرش و داگیرکاری و بۆردوومانەکان بۆ ناوچە کوردنشینەکان ئەنجام دراوە، بە گشتی لە ماوەی داگیرکارییەکاندا ١٠ بارەگایی سەربازی دەوڵەتی داگیرکەر لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقدا دامەزراوە، ئەم داگیرکاری و هێرشانە ڕێژەی بارەگا و بنکە سەربازییەکانی دەوڵەتی داگیرکەر لە خاکی کوردستاندا بۆ ٧٤ بنکە و بارەگای سەربازی بەرزبووەتەوە.

 

زیانی گیانی و ئاوارەبوونی هاوڵاتیان و وێرانبوونی ژێرخانی ئابووری بەردەوام ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورکیا بووە لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، سەرەتای هێرشەکانی ٢٠٢٤، ٨ شەهید و ٢ بریندار تۆمار کراون، بەهۆی لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە لە ساڵی ١٩٩٠ەوە، ١٧٠ گوند بە تەواوەتی چۆڵ بوون، نزیکەی ٦٠٢ گوند مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە، ٧٠٣ هاوڵاتی بوونەتە قوربانی.

 

"بەزاندنی سنووری عێراقە پێویستە حکومەتی عێراق بێتە دەنگ بۆ لەشکرکێشی و داگیرکارییەکان "

شنە عەلی، مامۆستا و چالاکوان، باس لەوە دەکات، لەشکرکێشییەکان و بەزاندنی سنووری عێراق لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ماوەی چەند مانگێکە چڕتر بووەتەوە، بۆیە هاتنە دەنگی حکومەتی عێراق بە پێویستی دەزانێت و لە بارەی لایەنە سیاسییەکانی باشووریشەوە دەڵێت: پێویستە بەرپەرچی ئەو هێرش و داگیرکارییانە بداتەوە، هێزەکانی تورکیا بەردەوام هاوڵاتیانی گوندنشین لە زێد و کاری خۆیان ئاوارەی ناوچەکانی دەوروبەر دەکات، ئۆپەراسیۆنەکان بەشێوەیەکی چڕ لە ناوچە سنووریەکانی ئامێدی و بادینان و دهۆک ئەنجام دەدات، لەڕێگەی بۆردوومانەکانیانەوە زیانی گیانی و ماددی بە جوتیاران و دانیشتووانی گوندنشینەکان دەگەیەنن. 

 

ئەو مامۆستایە باسی لەوەکرد، "مامۆستایانی ناڕازی بەشێکی کۆمەڵگەن و بۆ داواکردنی مافەکانی خۆیان شەقامیان بەکارهێنا، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەردەوام وڵاتەکەمان لە ژێر داگیرکاری و هەڕەشە و خراپی بارودۆخی ئابووری دایە، سەرەڕای داواکردنی مافی مامۆستایان، داوای مافەکانی منداڵان و تاکەکانی کۆمەڵگە دەکەین".

 

"هەبوونی بۆشایی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا هۆکاری داگیرکارییەکانی تورکیایە"

شنە عەلیی مامۆستا ئاماژەی بەوەکرد، مامۆستایانی دەستەی ناڕازی شەقام و کۆمەڵێک چالاکوانی مافی مرۆڤ لە ڕێگەی یادداشتەوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق و تەواوی کۆمەڵە و لایەنێکی پەیوەندیدار ئاگاداری لەسەر هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرز دەکەنەوە، مامۆستایان و چالاکوانان بەردەوام لە هەوڵدان بۆ هۆشیار کردنەوە و ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان.

 

ئەو مامۆستایە وتیشی: ماوەی چەندین ساڵە داگیرکاریی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ خاکی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکان بەردەوامە و لە زیادبووندایە، لەپێناوی نەپچڕانی پەیوەندیی ماددیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتانی داگیرکەر و بەستنەوەیان بە هاوپەیمانییەک، بەردەوام بێدەنگی هەڵدەبژێرن لە کاتی هێرشکردنە سەر ناوچە کوردنشینەکاندا، هەروەها نەبوونی پەرلەمان و بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستاندا یەکێکن لە هۆکارەکانی داگیرکاری دەوڵەتە زلهێزەکان، لە ڕێگەی کەسانی نادروستەوە وادەی پەرلەمان و هەڵبژاردنەکان بەردەوام درێژ دەکرێنەوە، ئەمانە و چەندین هۆکاری دیکە هۆکارن بۆ زیادبوونی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشدا، "پێویستە لایەنەکان و پەرلەمانتاران لە عێراقدا وەک داکۆکیکارێک بۆ مافە ڕەواکانی گەل هەوڵ بدەن، هاوڵاتیان و تێکۆشەران پێکەوە بۆ پاراستنی خاکی خۆمان بجەنگێین و ئیدانەی هێرشەکانیان بکەین، هەروەها لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و گروپە چالاکوانەکانەوە دەنگی خۆمان بە تەواوی هاوڵاتیان و دەسەڵاتداران بگەیەنین، لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بووەستینەوە.