ژنانی میسر یەکسانی ڕەگەزییان دەوێت

ژنانی میسر تیشکیان خستەسەر ڕۆڵ و بەشداری ژنان لە پارتە سیاسییەکانداو ڕایانگەیاند، بە بەراورد بە ڕابردوو بەشداری سیاسی ژنان باشترە، بۆیە پێویستە یەکسانی ڕەگەزی لە هەموو بوارەکاندا هەبێت.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە-ئەو عەقڵیەتە پیاوانەی کە ڕێگە بە ژنان نادات بەشداری سیاسەت لە میسردا بکەن، لە زۆر بوارەکانی ژیاندا پێش لە ژنان دەگرێت.

 

پارێزەر جیهان ئەلفەلەکی لە ئیدارەی خۆجێی لە قاهیرە کاردەکات و لە چەندین پڕۆژەی تایبەت بە ژنان کاری کردووە، لە کێشەی ئاوەوە تا فڕێدانی پاشماوە و کارەباو ڕووناکی شەقامەکان، هەروەها لەگەڵ پارێزەر ئەسما حەسنین قسەیان بۆ کردین.

 

"کاری پارت لە پلەی دووەمدایە"

جیهان ئەلفەلەکی باسی لە بەشداری ژنان لە سیاسەتدا کرد و ڕایگەیاند، گەورەترین کێشەی ژنان لە کارکردندا کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، کاتەو زۆر کەس بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە ناچارن لە کارەکانی تردا کار بکەن، بۆیە چالاکییە پارتییەکان لە پلەی دووەمدایە، بە تایبەتی ژنان بەهۆی بەرپرسیارێتی خێزانییەوە، ناتوانن بە بەردەوامی جێگەی خۆیان لە بەرنامەکانی کاردا بگرن، پێویستە بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا لەبەرچاو بگیرێت.

 

 جیهان فەلەکی تیشکی خستەسەر هەڵبژاردنی پارێزەران و وتی: بۆ نموونە خەڵک لە هەڵبژاردنی پارێزەراندا سەریان داخستبوو و کاتێک ژنێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا، هەڵبژاردنەکان لە ڕاستیدا لەسەر بنەمای ڕەگەز بوو نەک بەپێی ژنان، بەڵکو بەپێی پیاوان، ڕێگریکردن لە بەشداریکردنی ژنان لە پارت و هەڵبژاردنەکاندا، پەیوەستە بە ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتییەوە، ڕوانگە و باوەڕێکی وا هەبوو کە ژنان نەیاندەتوانی بەشداری لە میکانیزمەکانی بڕیاردان و پۆستی سەرکردایەتیدا بکەن.

 

"بەشداری ژنان لە پارتە سیاسییەکاندا باشتر بووە"

 پارێزەر ئەسما حەسنین کە لە ئەنجومەنی دەوڵەت و دادگای باڵا کاردەکات، باسی لەوە کرد، بەشداری ژنان لە پارتە سیاسییەکان لە ڕابردوو باشترە و وتی: ساڵانێک لەمەوبەر بەشداری ژنان لە پارتە سیاسییەکان لە میسر قبوڵ نەدەکرا، دەتوانم بڵێم ئەمە گۆڕاوە, ئێستا بوونی ژنان و کاریگەری ژنان لە پارتە سیاسییەکاندا باشترە, ئەمە یەکێکە لەو ئەنجامە ئەرێنییانەی کە ژنان لە کاری مەیدانیدا بەدەستیان هێناوە.

 

"دەبێت یەکسانی هەبێت"

ئەسما حەسنەین ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە نوێنەرایەتی ژنان لە سیاسەتدا ببیندرێت و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێویستە لە هەڵبژاردنەکاندا یەکسانی لەنێوان ژن و پیاودا هەبێت، یەکسانی ڕەگەزی نەک تەنیا لە پارتە سیاسییەکان، لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە دامەزراوەکان و لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا بوونی هەبێت، بەبەراورد لەگەڵ ڕابردوو، ڕوانگە بەرامبەر بە ژنان تا ڕادەیەک گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ئێستا ژنان بە ئەزموونەکانی خۆیان درێژە بە کارەکانیان دەدەن.