هەژان خالید: دەبێت هەمووان گوڵستان و هێرۆ بە کچی خۆمان دابنێین

تیرۆرکردنی دوو ژنە ڕۆژنامەنووس بە ناوی هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا ئیدانە و ناڕەزایەتی لێکەوتەوە و چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی داوا دەکەن لایەنی پەیوەندیدار بێتە دەنگ، هەژان خالید، ڕۆژنامەنووس دەڵێت: بەرپرسیارێتیمان قورستر دەبێت.

سلێمانی

 

لە پاش ڕووداوەکەی ٢٣ی ئاب و بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی لە ڕێگەی شارۆچکەی سەیدسادق لە سلێمانی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە، کە بووە هۆی گیان بەختکردنی ژنە ڕۆژنامەنووسان هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا و برینداربوونی ڕێبین بەکر، ناڕەزایەتی بەرفراوانی لەسەر ئاستی کوردستان و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و ڕۆژنامەنووسان و کەسانی ناو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش ئیدانەی هێرشەکە دەکەن.

 

"دۆخی ڕۆژنامەنووسان گەشبین نەماوە"

هەژان خالید، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی سەنتەری میترۆ، دەربارەی تیرۆرکردنی دوو ژنە ڕۆژنامەنووس لە باشووری کوردستان بە ناوی گوڵستان تارا، ڕاوێژکاری سیاسی و هێرۆ بەهادین مۆنتێری کۆمپانیای چەتر، ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر قسەکردنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان و پسپۆڕان پێشتر لەبارەی هەراسانکردنی ژنانی ڕۆژنامەنووس و توندوتیژی بووبێت بەرامبەریان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیان ئاگادارکردبێتەوە، لە ئێستادا ئەرکەکە قورستر بووە.

 

باسی لەوەشکرد کە لە ئێستادا سنووری ئازادییەکان ئەوەندە تەسک کراوەتەوە گەشبین نەماون، وتی: ژنانی ڕۆژنامەنووس لە کاتی پیشەکەیاندا شەهید دەکرێن، ڕووداوەکە چەندێک ئازار بەخشە ئەوەندە ئازارەکە زیاترە کە لایەنی بەرپرس لەسەر ئاستی ناوخۆ هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی لەم بارەیەوە دەرناکات، تەنانەت بۆی گرنگ نییە و ئیدانەی ناکات، کارێکیان کردووە خەڵکی ئاسایی بەشداری ئیدانەکردنەکان نەبێت، لە کاتێکدا دەبوو هەموو تاکێکی کورد نەک تەنها ڕۆژنامەنووسان بڕژانایە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان دەرببڕیایە.

 

"ژیانی هیچ تاکێک لەم ناوچەیە مسۆگەر نییە"

هەژان خالید ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر دوو ژنی ڕۆژنامەنووسدا ڕوویداوە، سبەینێ ئەگەر هەیە بەسەر هەموو تاکێکی دیکەدا بێت، ئەگەر مەدەنی بن یاخود نا، وتیشی: لەم وڵاتەدا کەسمان داهاتوومان مسۆگەر نییە، کەسێک کە ڕۆژانە خۆی بەرەوپێش دەبات و ئیتیکی ڕۆژنامەنووسی خۆی یاخود وەک تاکێکی ڕۆشنبیر خۆی بەرەوپێش دەبات، بەڵام دوژمن بە فیشەکێک خوێنی سارد دەکەنەوە و هەموو پێوەرێکی دیموکراسی دەخەنە ژێر پرسیارەوە.

 

دەربارەی بێدەنگی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەڵوێستی لایەنی پەیوەندیدار هەژان خالید ڕوونیکردەوە، کە هەموو ڕێکخراوەکان بێدەنگ نین، بەڵام سەرجەمیشیان هەڵوێستیان نییە بۆیە پێویستە هەڵمەتەکان گەورەتر بکرێن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێ ئاگادار بکرێتەوە، وە بکرێت بە ئەجێندای کۆبوونەوەی هەر کەسێک کە لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کونسوڵی وڵاتاندا کۆدەبێتەوە، دەشڵێت: پێویستە خەڵکی ئاسایی خوێنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە بە خوێنی کچەکانی خۆیان بزانن و نەیبەستنەوە بە هیچ بابەتێکی سیاسییەوە.

 

"هیچ هۆکارێک نییە بۆ تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان"

لە کۆتایی قسەکانیدا هەژان خالید باسی لەوەکرد هیچ کەسێک شایستەی ئەوە نییە بکوژرێت، بە تایبەتی ڕۆژنامەنووسان کە لە پێناو دابینکردنی بژێوی ژیانیان کار دەکەن و هەوڵ دەدەن دەنگی ڕاستی دەربخەن، وتیشی: پێویستە ئەم بابەتە بنکۆڵکاری بۆ بکرێت و بەردەوام ڕووماڵ بکرێت، ڕۆژنامەنووسان گرنگە هەمیشە هەوڵی دەرخستنی ڕاستییەکان بدەن، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو ئاگاداری ئەم دۆخەی ئێستای ڕۆژنامەنووسان و کەسانی مەدەنی بن و بزانن ئەوانەی خەبات بۆ ئازادی دەکەن چۆن بەربەستیان بۆ دروست دەکرێت.