چالاکوانێکی ڕانیە: هێرشی سەر ڕۆژنامەنووسان شەرمەزار دەکەین

ئاواز ئیسماعیل، چالاکوانی ڕانیە، دەڵێت: وەک ژنانی هەرێمی ڕاپەڕین هێرشکردنە سەر شەهیدانی ئازا و بوێر شەرمەزار دەکەین.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- ئاواز ئیسماعیل، چالاکوانی بواری ژنان لە ڕانیە، دەربارەی بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە ٢٣ی ئەم مانگەدا و گیان بەختکردنی هەردوو ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، ئاماژەی بەوەدا، کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕاناوەستێت و پێویستی بە هەڵوەستەکردن هەیە.

 

ئەو چالاکوانە لە سەرەتای قسەکانیدا، لە کەسایەتی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادیندا هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی بە بیرهێنایەوە و وتی: وەک ژنانی ڕاپەڕین ئەم هێرشەی سەر ڕۆژنامەنووسان شەرمەزار دەکەین، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاریان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکە دەخوازین، ئێمە وەک ژنان ناڕەزایەتی دژی ئەم هێرشە دەردەبڕین، ڕوون و ئاشکرایە کە دەوڵەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان درێژە بە داگیرکارییەکانی دەدات و ئەمەش چەندین ساڵە بەردەوامە، بەڵام لەم ماوەیەدا زیاتر داگیرکارییەکانی چڕ کردووەتەوە.

 

ئاواز ئیسماعیل باسی لەوەشکرد، گرنگ نییە ئێمە سەر بە چ لایەن و بیر و باوەڕێکین، پێویستە لە مەترسییەکان تێبگەین، وتیشی: رووی دەمم لە عێراقە کە نەکەوێتە ناو پلانەکانی دەوڵەتی تورکیا، ئەگەر تورکیا بە ئاو فشار دەخاتە سەر عێراق، ئەوا دەبێت عێراق نەکەوێتە ناو پلانەکەی چونکە ئاو لەناو خاکی کوردستاندایە، پێویستە عێراق لەگەڵ ئێمەدا ڕێکبکەوێت، چونکە ئێمە خاوەن پڕۆژەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکین و باوەڕمان بە پێکەوە ژیانی گەلان هەیە، بۆیە دەبێت دەوڵەتی عێراقیش بە باشی ئەو ڕاستیە و ڕاستی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بزانێت.

 

ئەو چالاکوانە باسی لەوەشکرد، ئامانجی تورکیا ویلایەتی موسڵە و ئەوەش ئاشکرایە کە هەر ناوچەیەک لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەستی بەسەردا بگیرێت، ئەوا بەجێی ناهێڵێت و دەیلکێنێت بە خاکی کۆیەوە، وتیشی: بۆ ئێمە وەک گەلی کورد و بە تایبەت ژنان لەو هێرشە تێبگەین کە کرایە سەر ڕۆژنامەنووسان و دەبێت بەرەنگاری ئەم داگیرکارییە ببینەوە.